پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات لە هێرشێکی سوپای پاسدارانی ئێراندا شەهید بوو

پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات لە هێرشێکی سوپای پاسدارانی ئێراندا شەهید بوو

لە هێرشەکەدا دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون، بەڵام باری تەندروستییان جێگیرە.

ئێوارەی دوێنێ لە هێرشێکی سوپای پاسدارانی ئێراندا بۆ سەر کەمپی سورداش لە پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان، پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات شەهید بوو.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 14/4/2026 لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە درۆن هێرشی کرایە سەر کەمپی سورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک بە ناوی غەزاڵ مەولان شەهید بوو.

غەزاڵ مەولان خەڵکی شاری مەهابادی سەر بە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو کە ئێوارەی ڕۆژی 14ی نیسانی 2026 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسدارانی ئێراندا بۆ سەر کەمپی سورداش لە پارێزگای سلێمانی بە سەختی بریندار بوو، دواتر بەهۆی قورسی برینەکەیەوە شەهید بوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە هێرشەکەدا دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون، بەڵام باری تەندروستییان جێگیرە.

ئەم هێرشەی ڕێژیمی ئێران لە حەوتەمین ڕۆژی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا ئەنجامدرا. لە سەرەتای شەڕەوە، سوپای پاسداران چەندین جار کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بە درۆن و مووشەک کردۆتە ئامانج.

Share