هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و چەند تێبینییەک لەسەر ڕاستی بافڵ تاڵەبانی

بافڵ تاڵەبانی لەلایەن هەندێک هێزەوە پاڵپشتی دەکرێت کە دەیانهەوێت پێگەی کورد لە ناوچەکە کەم بکەنەوە و ناچاریان بکەن ملکەچی سیستمە ناوەندگەراکان بن.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کە لە 11ی نیسانی 2026 بەڕێوەچوو، بەهۆی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و پێشهاتە ئاڵۆزەکانی دیکەی ناوچەکە، ئەو بایەخەی کە شایەنی بوو، پێینەدرا. لە ڕاستیدا نائارامییە گشتییەکانی ناوچەکە ئەو تێڕوانینەی دروستکرد کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی عێراق ئەرێنی بوو. بەڵام شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕووداوەکانی پشت هەڵبژاردنەکە مەترسیی گەورە بۆ هەم بۆ عێراق و هەم کوردستان دروست دەکات. چونکە هەڵبژاردنەکە کێبڕکێیەکی سیاسی ئاسایی نەبوو، بەڵکو کودەتایەک بوو لە دژی سیستەمی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق و دەستێوەردانێکی ئێران بوو.
لە ڕاستیدا پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە عێراقدا دەرئەنجامی سیستەمێکە کە هەڵبژاردنەکانی عێراقی بێ مانای کردووە؛ ئەوانەی دۆڕاون دەتوانن هاوپەیمانی دروست بکەن بۆ ئەوەی کە براوەکان پەراوێز بخەن.
بەگشتی ئەوەی دەکرێ لەسەر عێراق بگوترێ ئەوەیە کە سیستمی سیاسی و دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان سێ لایەنە سەرەکییەکەی سوننە و شیعە و کورد بەتەواوی بێمانا بووە و حەشدی شەعبی کودەتایەکی شاراوەی لەدژی سیستمی سیاسی ئەنجامداوە. هەڵبژاردنەکە بە پەلە بەڕێوەچوو، وەک ئەوەی کەلوپەل لە ئاگر ڕزگار بکەن.
ئەم دۆخە لە درێژخایەن و کورتخایەندا چەندین دەرئەنجامی نەرێنی بۆ عێراق بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەڵام دۆخەکە بۆ کورد لەوەش مەترسیدارترە. هەڵبژاردن لەسەر ئەم بنەمایە و ئەرکی بافڵ تاڵەبانی پێویستی بەوە هەیە کە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
کێ لە پشت بافڵ تاڵەبانیەوەیە؟
پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کەلێنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردی فراوانتر کرد. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین ئامانجی سەرەکی ئەو هێزانەی کە لەم پڕۆسەیەدا هانی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانییان دا ئەوە بوو کە کورد نەتوانێ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. سیاسەتی دابەشی بکە و بەڕێوەی ببە، کە لە ڕابردوودا بەسەر کورددا جێبەجێ دەکرا، ئێستا گۆڕاوە بۆ نزیکایەتییەک بەدەست بهێنە ـ پێکهەڵپرژان بکە و داببڕە.
هەرچەندە تەڤگەری بافڵ تاڵەبانی کە لە ساڵی 2024ـەوە تادێت بێسەروبەرتر دەبێت و خەریکە سیستمی کوردی دامەزراو لە هەولێر لاواز دەکات، بەڵام بە کەسایەتی خودی خۆشیەوە گرێدراوە، ئەو لە بنەڕەتدا لەلایەن ئێران و هەندێک هێزی دیکەی دژە کوردەوە پاڵپشتی دەکرێت.
سیستەمی سیاسی دژە کورد و بەتایبەت ئەوانەی لە پێگەی کۆلۆنیالیستدا لە کوردستاندان، لەم شتە تێگەیشتوون: کورد لەناو ناچێت، بۆیە دەبێت بەشی هەرە بندەست و لاواز لەناو دانیشتوانی کورد بەرجەستە بکەن و وەک نوێنەری کورد بیانخاتە ڕوو و وردە وردە خواستە سیاسییەکانی کورد لەناوببەن. بێگومان ئامانج ئەوەیە لە ڕێگەی ئەو بازنانەوە کورد لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵنەوە. لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا هەر هێزێک دەستی کرد بە هەوڵدان بۆ ئەوەی کە “کوردی” خۆی دروست بکات. بافڵ تاڵەبانی، لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەن بەرەی شیعە و دژە کوردەوە پاڵپشتی دەکرا و سەرەڕای ئەوەی کە پاشخانی سیاسیی نەبوو، هێنرایە سەر شانۆی سیاسی.
بەکورتی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن هەندێک هێزەوە پاڵپشتی دەکرێت کە دەیانهەوێت پێگەی کورد لە ناوچەکە کەم بکەنەوە و ناچاریان بکەن ملکەچی سیستمە ناوەندگەراکان بن. ئەمانە هەمان ئەو لایەنانەن کە هانی دەدەن بۆ ئەوەی سەرەڕای نەبوونی هێزی لەسەر عەزری واقیعی کوردستان، بەو شێوەیە بێویژدانانە مامەڵە بکات.
بەڵام لەپاڵ ئەم ڕاستییە گشتییەدا، پێویستە هەندێک قسەی تایبەت سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و ڕووداوەکانی بەردەم هەڵبژاردنەکە بکرێت.
چۆنە یەنەکە کەوا لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا شکستی هێناوە، بەڵام لە پەرلەماندا سەرکەوتن بەدەستهێنا؟
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی جووتمانگی 2024دا، بافڵ تاڵەبانی کە بە دروشمی “دەیڕووخێنین” هاتەمەیدان، سەرەڕای ئەوەی هەرچی توانای هەبوو خستیە ناو هەڵبژاردنەوە، بەڵام دەنگی زۆر کەمتری لە پەدەکە بەدەستهێنا. هەمان ئەنجام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مژداریشدا بینرا. هەرچەندە یەنەکە هاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبی و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان پێکهێنا، بەڵام تەنانەت نیوەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)شیان بەدەست نەهێنا. پەدەکە لە ڕووی ژمارەی دەنگەکانەوە، لە ئاستی عێراقدا حیزبی یەکەم بوو.
بە واتایەکی تر یەنەکە لە هیچ هەڵبژاردنێکدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا؛ ئەو سەرکەوتنەی کە لە سندوقەکانی دەنگداندا بەدەستی نەهێنا، دەیهەوێ لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە و بە هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمنانی کورد کە هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەدەستی بهێنێت.
بۆچی نزار ئامێدی کاندید کرا؟
میدیاکانی یەنەکە و بازنەی میدیایی پەکەکە لە سلێمانی هەوڵ دەدەن پاشخان و کەسایەتییەکی سیاسی لە دەوری ناوی نزار ئامێدی دروست بکەن. بەڵام نزار ئامێدی سیاسەتمەدارێکی کاریگەر و کەسایەتییەکی بەهێز نییە. کەسێکە زیاتر وەک ڕاوێژکار و سکرتێری بەرپرسانی یەکێتی کاری کردووە و ساڵانێک لە بەغدا ژیاوە. بۆیە نە لە ناو یەکێتی و نە لە گۆڕەپانی سیاسی بەغدادا هیچ دەسەڵاتێکی نییە. کەواتە بۆچی کەسێکی وا لەلایەن یەنەکەوە کاندید کرا؟
بافڵ تاڵەبانی بۆخۆی بیری لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکردەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە زمانی عەرەبیی نەدەزانی و بەهۆی پاشخانە کۆمەڵایەتی ـ کلتووریەکەیەوە، لەلایەن بازنەی شیعەکانەوە بە گونجاو نەدەزانرا و ڕەت کرایەوە. جگە لە جەلال تاڵەبانی ڕەحمەتی، هیچ سەرکردەیەکی یەنەکە لە ڕووی کاریزماتیک و دیپلۆماسی و هەروەها لە ڕووی سیاسییشەوە، کاریگەریی نەبوو. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش لەناو یەنەکەدا هەندێک سەنگیان هەبوو. بۆیە هەندێک جار هەوڵیان دەدا پێگەی خۆیان بەهێز بکەن یان هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک سەربەخۆ نیشان بدەن. بەڵام نزار ئامێدی تەنانەت لەناو یەنەکەشدا سەنگ و پشتیوانی نییە. بۆیە هەرچەند بە فەرمی وەک سەرۆککۆمار سەیر دەکرێت، بەڵام هەروەک چۆن سکرتێری جەلال تاڵەبانی و لەتیف ڕەشید بووە، لە داهاتوودا جگە لە سکرتێری ناتوانێت هیچ ڕۆڵێکی دیکەی هەبێت. هەڵبژاردنی نزار ئامێدی کە کەسایەتییەکی کەم ـ پرۆفایلە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە وەک ڤیترین بەکاربهێندرێت.
بافڵ تاڵەبانی لە 13ی نیسان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، لێدوانەکانی، کە بە شێوازی سەرۆک کۆمارێک دراوە، هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە لەسەر ئەو پشتڕاست دەکەنەوە. لەو وتارەدا بافڵ تاڵەبانی بە ناوی عێراقەوە داوای لەو وڵاتانە کرد کە هێرشە مووشەکییەکانیان ئەنجامداوە تا داوای لێبووردن بکەن، ڕێوشوێنی پێویستی خستەڕوو کە دەبێ بگیرێنەبەر و لە بنەڕەتدا پەیامی “من سەرۆککۆماری ڕاستەقینەم”ی هەنارد.
لەمەودوا بافڵ تاڵەبانی چی دەکات؟
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەردەمە ناسەقامگیرەی کە تێیدا دەژین، لەگەڵ شەڕی بەردەوامی ناوچەکە و هاوسەنگییە ناسەقامگیرەکانی ناوچەکە و لاوازی کوتلەی سوننە و شیعەکان، ئەستەمە بە وردی پێشبینی ئەوە بکەین کە لە ناوچەکەدا چی ڕوودەدات. ئەوەی ڕوونە ئێستا حەشدی شەعبی ڕژێمێکی دیکتاتۆری لە عێراق دامەزراندووە کە لەپێناو ئێراندا خەریکە عێراق دەخاتە ناو ئاگری شەڕەوە. وەک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی عێراقدا بینرا، تەنانەت دوژمنانی سوێندخواردوو لەناو عێراقدا واتە شیعە و سوننە، کاتێک بابەتی کورد و کوردستان دێتەئاراوە، دەتوانن یەکبگرن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، شتێک کە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا بە ڕوونی دەرکەوت، ئەوە بوو کە بافڵ تاڵەبانی بەبێ مەرج کراوەیە بۆ ئەوەی وەک ئامرازێکی تێکدەر لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە بەکاربهێنرێت. بافڵ بە لەبەرچاوگرتنی کەسایەتی مێگالۆمانیای خۆی، دەتوانێت هەڵوێستی زۆر ئیستفزازی و شەڕانگێزانە بەرامبەر دەستکەوتەکانی کورد بگرێتەبەر.
لە ماوەی ڕابردوودا، پێداگری بافڵ تاڵەبانی بۆ ساڵانێک لەسەر جێگیرکردنی خۆی لە هەولێر، پێداگریی لەسەر وەزارەتە گرینگەکانی کوردستان وەکوو وەزارەتی ناوخۆ و هتد…، هەمیشە وا لێکدەدرێتەوە کە ئەو وەک “ئەسپی ترۆوا” بەکاردەهێنرێت. ئێستا دەتوانین بە متمانەوە بڵێین ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی لە ئەسپی ترۆوا مەترسیدارترە. هەنووکە بافڵ بەشێوەی بێویژدانانەتر و شەڕانگێزانەتر و بێ پرەنسیپتر مامەڵە دەکات.
لە سیاسەتی تورکیادا وتەیەکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێت: “ئەوەی کردوومانە گەرەنتی ئەوەیە کە ئێمە دەکەین”. کردارەکانی بافڵ تاڵەبانییش گەرەنتی ئەوەیە کە دەیهەوێ بیکات.
ڕادەستکردنی کەرکوک بە میلیشیا شیعەکان، پاشان ڕادەستکردنی پۆستە کوردییەکان بۆ ئەوەی یەنەکە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت، هەروەها کوشتنی گەنجانی کورد لە هۆتێل لالەزار بۆ نەهێشتنی ڕکابەرەکانی؛ هەموو ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە بافڵ تاڵەبانی و دوژمنانی قەوارەی نەتەوەیی ـ دیموکراتیکی کورد لە عێراق، ڕۆژانی دژوار بۆ کورد بەدوای خۆیاندا دەهێنن.