“جوانێن شۆرەشگەر” کچێکی دیکەی تەمەن 16 ساڵ دەڕفێنێت و دایکی داوایەک لە مەزڵووم عەبدی دەکات

"جوانێن شۆرەشگەر" کچێکی دیکەی تەمەن 16 ساڵ دەڕفێنێت و دایکی داوایەک لە مەزڵووم عەبدی دەکات

“جوانێن شۆرەشگەر” لە 15/4/2026دا، “یاسەمین عەبدۆ محەممەد”ی لە گوندی “دۆنگزێ”ی سەر بە کۆبانێ ڕفاندووە.

چەتەکانی “بەناو جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پەکەکە، کچێکی دیکەی تەمەن 16 ساڵانی لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاندووە و بردوویانە بۆ شوێنێکی نادیار. دایکی کچە ڕفێندراوەکە داوا لە مەزڵووم عەبدی دەکات بۆ ئەوەی کچەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” لە ڕۆژئاڤای کوردستان ئاشکرایان کرد، چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، باڵی ڕۆژئاوای کوردستانی پەکەکە، بەردەوامن لە ڕفاندنی منداڵانی کورد و لە دوایین کردەوەیاندا کچێکی تەمەن 16 ساڵانیان ڕفاندووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەست “دارکا مازی” کەوتوون، تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕێکەوتی 15ی نیسانی 2026دا، کچێکی تەمەن 16 ساڵانی بە ناوی “یاسەمین عەبدۆ محەممەد” لە گوندی “دۆنگزێ”ی سەر بە شاری کۆبانێ ڕفاندووە.

دایکی یاسەمین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوا لە مەزڵووم عەبدی دەکات تا کچەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

بنەماڵەی یاسەمین پێشتر لە پارێزگای سوەیدا نیشتەجێ بوون و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان.

“جوانێن شۆرەشگەر” ڕێکخراوێکی لاوانی سەر بە پەکەکەیە و بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی جەمیل بایک کاردەکات و کارەکەی ڕفاندن و چەکدارکردنی منداڵانە بۆ ئەوەی پەیوەست لە ڕیزەکانی پەکەکە و لقوپۆپەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا سازمانیان بدات.

Share