ئیفلاسی ئیرادە و تەسلیمبوون بە دەوڵەت: پەکەکە و ئۆجەلان کورد بەرەو کوێ دەبەن؟

ئیفلاسی ئیرادە و تەسلیمبوون بە دەوڵەت: پەکەکە و ئۆجەلان کورد بەرەو کوێ دەبەن؟

بۆ ئەوەی کورد نەبێتە قوربانی ئەم گەمە گڵاوەی دەوڵەتی قووڵی تورک، دەبێ بتی “ئاپۆچیەتی” بشکێنێت. وەک کەمال پیر وتی؛ نابێ هیچکەس “ئاپۆچی” بێت، هەموو کەس دەبێ ئیرادەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆی هەبێت.

بەڕیوەبەرایەتی پەکەکەی هەڵوەشاوە، ڕۆژی سێشەممە 5ی ئایاری 2026، لە ساڵیادی هەڵوەشانەوەی پەکەکەدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداریی مستەفا قەرەسوو و سۆزدار ئاڤێستا، بەیاننامەیەکی لە ژێر ناوی “سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی”دا بڵاوکردەوە. بەیاننامەکەی پەکەکە بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندرایەوە. لەم بەیاننامەیەدا پەکەکە جارێکی تر ویستی خۆی وەک لایەنی سەرکەوتوو و هەرە زانا نیشان بدات؛ بەڵام ئەم ڕاگەیاندراوە نەک هەر دانپێدانانێکە بە شکست، بەڵکو هاوکات بەڵگەی تەسلیمبوونی فیزیکی و ئایدیۆلۆژیی پەکەکە و ئۆجەلانە بە سیستەمی کەمالیستی و دەوڵەتی تورک. ئەم بزووتنەوەیە کە دەیان ساڵە بە خوێنی هەزاران گەنجی کورد گەشەی کردووە، ئەمڕۆ بووەتە ئامرازێکی سیاسی لەسەر مێزی “ئیمرالی” کە تەنیا لە خزمەت پاراستنی سنوورەکانی تورکیا و ئازادکردنی شەخسی ئۆجالاندا بەکاردەهێنرێت.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە ساڵی 2025 کە لە ئەنجامی تەسلیمبوونێکی بێ مەرجدا پەسندکرا، ئەمڕۆ لە لایەن پەکەکەوە پیرۆز دەکرێت. ئەم بڕیارە لە ڕاستیدا زەربەیەک بوو کە لە گۆڕی ئەو هەموو گەنجە کوردەی کە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادیی کورد و کوردستاندا بەخت کرد. بەڵێ، ئەو بزووتنەوەیەی کە دەیگوت “کوردستان داگیرکراوە” و داوای لە گەنجانی کورد کرد بۆ ئازادی وڵاتەکەیان بچنە ڕیزەکانیەوە، ئەمڕۆکە لەژێر ناوی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”دا، دەیهەوێت نەتەوەی کورد لەناو ئەو سیستەمەدا بتوێنێتەوە کەوا 100 ساڵە کوردان قڕ دەکات. پەکەکە هەتا بۆی کرا گەنجی کوردی کردە قوربانی؛ هەروەها ئەوانەشیانی بێحورمەت کرد کە زیندوو مابوون و لە چیادا چەک لەشان ئامادە بوون لە دژی تورکیا شەڕ بکەن. پەکەکە ناچاری کردن کە بە بەر چاوی هەموو جیهنەوە چەکەکانیان بسووتێنن، تەنها بۆ ئەوەی ئیرادەیان بشکێنێت و کۆیلایەتی و دڵسۆزی خۆی بۆ دەوڵەتی تورک بسەلمێنێت ناچری کردن کە چەکەکانیان بسووتێنن و ئەوەشی وەک نیازپاکیی خۆی بۆ “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” پیشاندا و دەیگوت ئەمە بۆ ئاشتییە. بەڵام ئەمە هیچ ئاشتی نییە؛ ئەمەش شکستێکی ئەخلاقییە کە بەبێ ئەوەی هیچ قەوارەیەکی سیاسی بۆ گەلی کورد بەدەستهاتبێت، ڕوویداوە.

لەم بەیاننامەیەدا پەکەکە زیاتر سەرنجی خستۆتە سەر “پێگەی ئۆجەلان” و ئەمەش گەورەترین نیشانەیە کە پەکەکە لەئێستادا تەنیا بە دوای دۆزی “رزگارکردنی سەرۆکەکەی”دایە و هەموو دەستکەوتە سەربازی و سیاسییەکانی گەلی کوردستان دەکاتە فیدای “مەرجەکانی کاری ئازاد”ی تاقە کەسێک. ئەمە شتێکی نوێ نییە؛ لە ڕابردووشدا دەوڵەتی تورک ویستبووی دامەزرێنەرانی پەکەکە وەک کەمال پیر بە “ئاپۆچی” ناوزەد بکات، بەڵام کەماڵ پیر لە دادگای تورکیادا بە توندی دژایەتی ئەمەی کرد. کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، دەوڵەتی تورک ویستویەتی دامەزرێنەرانی پەکەکە ناچار بکات ببنە “ئاپۆچی” بۆ ئەوەی پێگەی ئۆجەلان بەهێزتر بکات، بەڵام ئەوان بە توندی ڕەتیانکردەوە.

لە کەمال پیرەوە بۆ ئیمرالی: چیرۆکی دروستکردنی “بت” و تەسلیمکردنی ئیرادەی کورد

مێژوو هەرگیز ڕاستییەکان ناشارێتەوە. کەمال پیر، یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە، لە ساڵی 1981دا، بە داواکاری گشتیی تورکی گوت کە نابێ پێمان بڵێی “ئاپۆچی” و دژایەتی ئەم ناساندنەی کرد. کەمال پیر لە دادگا وتی: “ئێمە ئاپۆچی نین، خەڵک ئەم ناوەیان بۆ ئێمە داناوە بۆ ئەوەی خراپ دەرکەوین، ناونانی ئێمە ئاپۆچی بۆ ئەوەیە کە ئێمە بە کەسێکەوە گرێ بدەن، بەڵام ئێمە بەستراوە بە فڵانە و فیسارە کەسەوە نین. شتێک وا لە ئارادا نییە کە ئەگەر عەبدوڵڵا [ئۆجەلان]  نەمێنێ، بزاڤەکەش نامێنێ. عەبدوڵڵاش وەک هەموومان یەکێک لە ئەندامی ئەم بزاڤەیە. واتە ئەوانەی پەیوەست بوون بە پەکەکەوە، لەبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان یان تەنانەت خودی پەکەکەش پەیوەست نەبوون، بەڵکوو ئەو مرۆڤانە لە بەر کوردستان و خۆشەویستیی وڵات پەیوەست دەبن.

لە ڕاستیدا کەمال پیر مەترسییەکی گەورەی بۆ داهاتوو بینی. کەمال پیر دەیزانی ئەگەر شۆڕشێک ببێتە موڵکی تاکێک، ئەو شۆڕشە دەتوانێت ڕۆژێک ببێتە موڵکی دوژمن. هەنووکە بەیاننامەکەی 5ی ئایارای 2026ی “بەڕێوەبەرایەتی ئاپۆیی”، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا ئەو مەترسییە گەورەیەی کە کەمال پیر هەستی پێکردبوو، گۆڕیوەتی بۆ پڕۆژەیەکی سەرکەوتووی “دەستبەسەرداگرتنی کورد”.

ئەو ڕاستییەی کە ئەمڕۆکە زۆرێک لە لایەنگرانی پەکەکە نایانەوێت بیبینن، ئەمەیە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بنەڕەتدا بۆخۆی پڕۆژەیەکی “دەوڵەتی قووڵ”ی تورکیایە. دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست ئۆجەلانی بەرجەستە کرد و هەموو کادرەکانی وەک کەمال پیر و ئەوانی دیکە کە ئیرادەیەکی سەربەخۆیان هەبوو، کردە قوربانی، بۆ ئەوەی “یەک کەس، یەک ئیرادە” دروست بکات. بۆچی؟ چونکە دەوڵەت دەیزانی کۆنتڕۆڵکردنی ملیۆنان کەس ئەستەمە، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی “یەک کەس” ئاسانە.

ئۆجالان لەبەر “سەرکردایەتی” خۆی نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە، بەڵکو بە هۆی “بەسوودبوونی” بۆ ستراتژیی دەوڵەتی تورک بەم ئاستە گەیشتووە. دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە پەکەکەی لە هێڵی “کوردستانی سەربەخۆ” دوورخستەوە و وردە وردە گەیاندوویەتیە ئاستی “ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ تورکیا”.

دەوڵەتی تورک بەم لۆژیکە پەکەکە وەک “سوپایەک” لە دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستان (بەتایبەت دژی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا) بەکاردەهێنێت. ئەو بزووتنەوەیەی کە چەکەکانی لە دژی دەوڵەتی تورک دەسووتێنێت، ڕۆژانە بە لێدوانەکانی هەڕەشە لە هێزە کوردستانییەکان دەکات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئیدی پەکەکە بووەتە “پارێزەری سنوورەکانی تورکیا” و ئامرازی پڕۆژەی “تورکیای مەزن”.

لەڕاستیدا دوایین ڕاگەیاندراوی پەکەکە کە هەموو شتێک بە “پێگەی ئۆجەلان”ـەوە دەبەستێتەوە، گەورەترین سەرکەوتنی میتە. دەوڵەت لە ڕێگەی ئیمرالیەوە پەیامێک بۆ کورد دەنێرێت و دەڵێت: “ڕێبەرەکەتان لە بەردەست ئێمەدایە؛ ئەگەر ئازادی ئەوتان دەوێت، دەبێ دەستبەرداری کوردستان بن و ببنە کۆیلەی سیستمەکەی ئێمە”.

بەم شێوەیە پەکەکە ئیرادەی 40 ملیۆن کوردی ناوەتە ڕەهن بۆ ئازادی جەستەیی ئۆجەلان. ئەمە سیاسەتی ئازادی نییە؛ ئەمە “ئۆپەراسیۆنی تەسلیمبوونە” کە تێیدا ئۆجەلان وەک کارمەندی میت کاردەکات. دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەم کادیرە کۆنەوەیەوە، نەتەوەی کورد لە خەونی دەوڵەتداری دوور دەخاتەوە و لەناو “کۆماری دیموکراتیک”دا ئاسمیلەی دەکات.

ئیفلاسی “ئاپۆچیەتی” و گەڕانەوە بۆئەو ڕاستیەی کەوا کەمال پیر دەیزانی

قسەکانی کەمال پیر لەمڕۆدا هێندەی دیکە مانادارترن. کاتێک ئەو وتی: “ئۆجەلان هەڤاڵێکە وەکوو ئێمە”، هەوڵی دەدا ڕێگری لەم “بتپەرستییە سیاسییە” بکات. بەڵام دەوڵەت ڕێگەی بەم لۆژیکە نەدا. دەوڵەت دەیویست پەکەکە ببێتە “ئاپۆچی”، بۆ ئەوەی کاتێک سەری مار (ئۆجالان)ی گرت، هەموو بزووتنەوەکە ئیفلیج بێت.

ئەمڕۆکە چەکسووتاندنەکان و ڕاگەیاندنی تەسلیمبوونەکانی قەندیل، بەرهەمی ئەم پڕۆژەی دەوڵەتی تورکن. پەکەکە چیتر نەک هەر لە دژی دەوڵەتی تورکیا شەڕ ناکات؛ بەڵکوو شەڕی هەموو کوردێک دەکات کە سەربەخۆیی دەوێت. بۆچی؟ چونکە سەربەخۆیی کوردستان بە واتای مردنی پڕۆژەی “ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلان” دێت کە دەوڵەتی تورک ئامادەی کردووە.

دەستەواژەکانی “کۆماری دیموکراتیک” و “ئەنتەگراسیۆن” لە بەیاننامەکەدا هاتوون، لە ڕاستیدا نکۆڵیکردنە لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد. لە کاتێکدا هەموو گەلانی جیهان بەرەو سەربەخۆیی و فیدراسیۆن دەڕۆن، پەکەکە گەلی کورد دەهێنێتەوە ژێر چەتری “برایەتی گەلان” کە ماوەی 100 ساڵە تەنیا کۆمەڵکوژیی لێکەوتووەتەوە. ئەم ڕێبازە خزمەت بە سیاسەتی “یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت”ی ئاکەپە-مەهەپە دەکات، بەڵام بە جلوبەرگی “دیموکراتیک”ـەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی 5ی ئایاری 2026، وەک دانپێدانانێک وایە. تەڤگەری ئاپۆیی بە دەستی خۆی ئیرادەی گەلی کوردی تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا کردووە. دۆزی کوردستان لە پێناو ئازادکردنی تاکێک و پاراستنی چەند کورسییەکی سیاسی فرۆشراوە. پێویستە گەلی کورد ئەوە بزانێت کە ئازادی نە بە “ئەنتەگراسیۆن” لە پەرلەمانی ئەنقەرەدا ە نە بە “سووتاندنی چەکەکان” بە بێ مەرج دەستەبەر نابێت، بەڵکوو ئازادی بە ئیرادەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ بەدەست دێت.

بەڕیوەبەرایەتیی تەڤگەری ئاپۆیی بەم ڕاگەیاندراوە سەلماندی کە ئەوان چیتر بەشێک نین لە چارەسەر، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە سیاسەتە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک.

بۆ ئەوەی کورد نەبێتە قوربانی ئەم گەمە گڵاوەی دەوڵەتی قووڵی تورک، دەبێ بتی “ئاپۆچیەتی” بشکێنێت. وەک کەمال پیر وتی؛ نابێ هیچکەس “ئاپۆچی” بێت، هەموو کەس دەبێ ئیرادەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆی هەبێت. ئازادی کوردستان لە دەستی زەلامەکەی ئیمرالیدا نییە، بەڵکو لە شکاندنی ئەم زنجیرە ملکەچی و تەسلیمبوونەدایە کە دەوڵەت لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە لە ئەستۆی کوردی ئاڵاندووە.

Share