ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکە: ئاپۆچیەتی ـ ئاپۆپەرستی و بێواتاکردنی نەتەوەیەک

ئەو کەسانەی کە لە کوردستاندا موریدی ئۆجەلانن و ئەوانەی باوەڕیان بە خەباتی نەتەوەیی کورد هەیە، لێک جیاوازن.
پێرێ یەکەمین ساڵیادی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و وازهێنانی لە خەباتی چەکدارانە بوو. لەسەر بابەتی چۆنیەتی هەڵسوکەوتی پەکەکە دوای هەڵوەشاندنەوەی و ئەوەی کە بە چ ناوێک کار دەکات، چاوەڕوانییەک هەبوو. ڕۆژی سێشەممە 5/5/2026، قەرەسوو و سۆزدار ئاڤێستا، لە بەڕێوەبەرانی پەکەکەی هەڵوەشاوە، بەیاننامەیەکیان لە خوێندەوە و خۆیان بە “سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی” ناوبرد. ئەمەش بەو مانایەیە کە لەمەودوا ناوی “سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی” بەکاردەهێنن.
دوای ئەوەی کە پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند، مشتومڕ لەسەر فۆرم و ناوی بزووتنەوەکە دروست بوو. ئۆجەلان لە نۆتی دیدارەکانیدا و لە دوایین کتێبیدا ڕایگەیاندبوو کە دەیهەوێت ناوێکی نوێ وەک “تەڤگەری کۆمۆنیستی دیموکراتیک” بۆ تەڤگەرەکەی دابنێت. لەم ماوەیەدا بۆ ئەوەی خۆیان لە کاردانەوەی دەوڵەتی تورکیا بەدوور بگرن، بە دەگمەن ناوی کەجەکە بەکار دەهێنرا. لە لایەکی ترەوە کەجەکە بەڕاستی خۆی هەڵنەوەشاندۆتەوە، بەڵام ناوی “ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان” بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرا. دوایین کۆبوونەوەش لە ژێر ناوی “سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی”دا بەڕێوەچوو.
بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم ناوە لە لایەن خودی ئۆجەلانەوە پێشنیار کرابێت. ئیمکانی نییە کە سەرکردایەتی پەکەکە بەبێ مۆڵەتی ئۆجەلان هەنگاوێک لەسەر بابەتێکی لەو شێوەیە بنێت.
لە ڕووی فەلسەفییەوە ناوەکان تەنیا بۆ کەسێک، گرووپێک یان شتێکن؛ ئەوان پەیوەستن بە پێناسەکردنی بنەمای هەبوون و واتا جیهانییەکەی و ناسنامە بنەرەتیەکەیەوە. بە واتایەکی تر لەسەر بنەمای ناوەکەی خۆت ئاماژەیەک دەخوڵقێنیت.
کاتێک پەکەکە بۆ یەکەمجار سەریهەڵدا، تەنانەت لە قۆناغە گرووپیەکەشیدا، لە ئەنقەرەدا خۆی بە “نەتەوەیی” ناوبرد.
لەو سەردەمەدا لە نێو چەپگەراکانی تورک و کورداندا نەریتێک هەبوو کە هەر بزووتنەوەیەک بە ناوی سەرۆکەکەیەوە ناودەنرا. بارزانی، کایپاککایی، قڤلجمجی و زۆر بزووتنەوەی دیکە بەو شیوەیە بەناو دەکران. پەکەکە هەتا ساڵی 1977، خۆی بە گرووپێکی نەتەوەیی ناودەبرد. بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1977دا ئۆجەلان لەگەڵ نەجات کایا-پیلۆت ـ کە بە سیخوڕی دەوڵەتی تورک دەناسرێت ـ سەردانی کوردستانی کرد، نەجات لە کۆبوونەوەکاندا بە دەنگێکی نزم ناوی “ئاپۆچی”ی بەکارهێنا. دواتر لە کاتی پێکدادانەکانی “هیڤان ـ سیڤەرەک”دا کە پەکەکە شەڕی لەگەڵ عەشیرەتی بوجاغ و سلەیمانییان کرد، ناوی “ئاپۆچی” لە ڕووهادا بڵاوبووەوە. بەکورتی ناوی “ئاپۆچی” بۆ یەکەمجار لەلایەن پیلۆت نەجاتی سیخوڕی دەولەتی تورک و عەشیرەتەکانی رووهاوە بەکارهێنراوە.
مەزڵووم دۆغان یەکەم کەس بوو کە لە کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکەدا دژی ئەو پێناسەیە هاتە دەنگ و وتی “دەبێت ببینە حزبێک کە خاوەن بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆیی بێت”. دواتر کەمال پیر بە داواکاری گشتی زیندانی ئامەدی گوت، ناوهێنانی وەک “ئاپۆچی” بە سوکایەتیی بەخۆی دەزانێت.
لە لە ساڵانی 1980دا هەتا ساڵانی 2000، هەر بزووتنەوەیەک کە ناوی کوردستانی لەسەرنەبا نەیدەتوانی لە کوردستاندا بمێنێتەوە. پەکەکە ناوی کوردستانی لەسەر خۆی دانا و لە هەموو دامودەزگاکانیدا وەک: سوپا، بەرەی شەڕ، تەڤگەری ژنان، تەڤگەری ئایینی، لاوان و ڕۆشنبیراندا، ناوی کوردستانی بەکارهێناوە. بەم شێوەیە توانیان کورد لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە. کاتێک ئۆجەلان ژیانی لە ئیمرالی دەستپێکرد، دۆخەکە گۆڕا. وشەی “دیموکراتیک”یان بۆ هەموو شتێک زیاد کرد: لاوان، ژنان، کۆمەڵگە، ئایدۆلۆژیا، حیزب و هتد…، دەستەواژەی دیموکراتیکیان پێوەلکێندرا.
ئێستا چەمکەکانی وەک کۆمۆنیزم و ئەنتەگراسیۆن (تێکەڵبوون) بەکاردەهێنرێن. هەروەها لە ئێستا هەموو شتێک لەسەر بنەمای ئاپۆچیەتی بنیات نراوە… لە ئەدەبیاتی نوێی پەکەکەدا، چەکەکانی کوردستان و خەباتی نەتەوەیی کورد و ئازادیی کوردستان – جگە لە بەکارهێنانی سنوورداریان بۆ فریودانی جەماوەر ـ بوونیان نیە.
ساڵانێکە پەکەکە هەموو پێکهاتە، دامەزراوە و حیزبەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە کۆنەپەرست، نەریتی، ڕزیو، ریفۆرمیست و گەندەڵ دادەنێت، بەڵام لە ئەنجامدا پەکەکە بۆخۆی بوەتە تەریقەتێک وەکوو شێخ-مورید-مەزهەب. چەمکەکانی ئۆجەلان وەک کۆمەڵگای ئازاد، کۆمەڵگەی کۆموونال، کۆمەڵگەی بێدەوڵەت، کۆمەڵگەی ئازادیی جنسی، کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک و کۆمەڵگەی خۆسەری دیموکراتیک، تەنها پڕوپاگەندەن بۆ ئەم تەریقەتە.
لە ساڵانی 1980دا دەوڵەتی تورک ئاگاهانە سیاسەتێکی “تەریقەت ـ جەماعەت”ی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا داڕشت. کۆمەڵگای تورکیا لە ڕێگای تەریقەت ـ جەماعەتەکانی وەک ئیسماعیل ئاغا، جەماحەتی مەنزیل و جەماعەتی ئیسکەندەر پاشاوە بەڕێوەدەبرا. بە هۆی ئەم شەپۆلەی دەوڵەتەوە، بۆ کوردانیش تەریقەتی ئاپۆچی دانرا.
ئێمە پێشتریش گوتوومانە کە پەکەکە بزووتنەوەیەکی مۆدێرن نییە، بەڵکو تەریقەتێکە کەوا هەموو کەسێکی دەرەوەی تەریقەتەکەی وەک کافر و مونافیق سەیر دەکات و ئەمەش سیاسەتی دەوڵەتی تورکە. لەو کاتەدا پێمان دەگوترا “پەکەکە تەڤگەری ڕێبەرێتییە، یەکیەتیی کورد دادەمەزرێنێت” و هتد… ئێستا وەک ڕانەمەڕێک کە بە لاڕێدا دەچێت، هێندێک کورد بوونەتە شوێنکەوتووی تەریقەتی ئاپۆیی.
نە ئۆجەلان و نە پەکەکە و نە تەڤگەری ئاپۆیی، لە هیچ ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی فەرمیدا باسیان لە مافی زمانی دایکی، مافی سەروەریی کورد و مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد نەکردووە. ئەوان تەنیا لە نامەکانی نێوان خۆیندا و بۆ ئەوەی کە کاردانەوەی ڕای گشتی دامرکێنن، لە میدیای پەکەکەدا لە چەند دێڕێکی کورتدا باسی کورد دەکەن. بەڵام تەنها خاڵێک کە بەردەوام هەیە، ئازادیی ئۆجەلانە.
ئەوانەی کە بە ناوی ئازادیی کورد و کوردستانەوە دەستیان بە خەبات کرد، هەموو نەتەوەی کورد بەرەو بێناسنامەیی و بێنەتەوایەتی دەبەن. 48 ساڵ لەمەوبەر پەکەکە بە دروشمی “کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ”، کوردی بەدوای خۆیدا ڕاکێشا. ئەوانەی سواری ئەو شەمەندەفەرە بوون ئێستاکە بە ناوی ئازادیی ئۆجەلان و تەڤگەری ئاپۆییەوە ڕێویەتی و بێحورمەتی دەکەن. ئەمە گەمەیەکە، ئەمە پیلانێک و پڕۆژەیەکە دژ بە کورد.
ئەمە سووکایەتییە بەو کوڕ و کچ و خوێنی ڕژاوی کورد، بە تایبەتی لە باکووری کوردستان.
گەڕانەوەی کورد بۆ سەر تەریقەتێک، پیلانێکە کەوا لەدەوروبەری ئۆجەلان داڕیژراوە تا سوود لە ڕابردووی تاریکیان وەربگیردرێت و پڕۆژەیەکی دەوڵەتی تورکە.
بەکارهێنانی ئاشکرا و فەرمی ناوی “تەڤگەری ئاپۆچی” لەلایەن پەکەکەوە، پێناسەیەکی زۆر دروست و گونجاوە. ڕاستییەکە ئەوەیە پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتی و کوردستان و خەباتی ئازادیخوازانەوە نییە. دەوڵەتی تورک پشتگیری لەم تەریقەتە دەکات بۆ ئەوەی کە بتوانێ کورد لە دەوری تەریقەتی ئاپۆیی جێگیر بکات. بێگومان ئەو کەسانەی کە لە کوردستاندا موریدی ئۆجەلانن و ئەوانەی باوەڕیان بە خەباتی نەتەوەیی کورد هەیە، لێک جیاوازن.
لە کوردستاندا پێویستە نیشتمانپەروەر و مورید ڕێگای خۆیان لە یەکتر جودا بکەنەوە.