ئایا پرۆسەی ئاشتی ڕاوەستاوە؟ لە ئیمرالی چی ڕوودەدات؟ ئێمە چی دەزانین و چی نازانین؟

ئایا پرۆسەی ئاشتی ڕاوەستاوە؟ لە ئیمرالی چی ڕوودەدات؟ ئێمە چی دەزانین و چی نازانین؟

کورد لەگەڵ ڕێکخراوترین خیانەت و پیلانگێڕی لە مێژووی خۆیدا بەرەوڕوویە. پێدانی پێگە بە ئۆجەلان، بەواتای زەوتکردنی پێگە و ستاتۆی نەتەوەی کورد دێت.

زیاتر لە ساڵێک بەسەر کۆنگرەی پەکەکەدا تێدەپەڕێت کە لە ڕۆژانی 5-7ی ئایاری ساڵی 2025دا بەڕێوەچوو. پەکەکە لەو کۆنگرەیەیدا خۆی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە چالاکیی چەکدارانە دژ بە دەوڵەتی تورک هێنا. لەماوەی ئەم یەکساڵەدا و تەنانەت دوای ئەویش ئەگەر بانگەوازی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوە (دیارە فەرمانی هەڵوەشاندنەوە بوو نەوەک بانگەواز) لەبەرچاو بگرین، ماوەی 15 مانگە کەوا “پرۆسە”یەکی زۆر گرنگ لە ئارادایە.ئەم پرۆسەیە لەلایەن هەندێک کەسەوە وەکوو پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لێکدراوەتەوە بەڵام هاوکات زۆرکەس وەکوو پرۆسەیەکی خیانەتکارانەی دەبینن و بەشێکیش وەکوو پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی پەکەکە شرۆڤەی دەکەن.

جەماوەر چی دەربارەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە دەزانێت؟

تەنانەت ئەو لایەنانەی کە گۆیا سەربەخۆن، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا، جگە لەوانەی کە هەم بۆ دەوڵەت و هەم بۆ پەکەکە پروپاگاندا دەکەن، لە شرۆڤەکردنی ئەوەی کە دەگوزەرێت، بێکاریگەری بوون. چونکە، جگە لە بازنەیەکی زۆر بچووکی ناو دەوڵەتی تورک و سەرکردایەتی باڵای پەکەکە، کەس ئاگاداری ئەوە نییە کە چی ڕوودەدات. بە واتایەکی تر نەک تەنها ڕای گشتی، بەڵکو تەنانەت بەشێکی زۆر بەرچاوی دەوڵەتی تورک و سەرکردایەتی پەکەکەش لە پلانەکانی داهاتوو یان ئەوەی کە لە ڕاستیدا ڕوودەدات، بێ ئاگان.

لە ساڵی ڕابردوودا هەم دەوڵەت و هەم پەکەکە زانیاری زۆر کەمیان لەسەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کردووە. تەنها هەندێ وردەکاری وەک کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان و سووتاندنی سەمبۆلیکی چەکەکانی پەکەکە و ئازادکردنی چەند زیندانییەکی نەخۆش لەلایەن دەوڵەتەوە، دەزانرێن. پەکەکە و دەوڵەتی تورک هەندێک جار یادداشتی کۆبوونەوەکانیان بە سانسۆرکراوی و دەستکاریکراوی بە میدیاکان داوە تا بڵاوی بکەنەوە. جگە لەوەش ئەوانەی کە لە هەردوولادا بە دۆخەکە ناڕازین، هێندی زانیارییان ئاشکرا کردووە و ئەمەش وایکردووە هەندێک زانیاری بە ڕای گشتی بگات. جگە لەو پێکداهەڵگوتنەکان لە نێوان باخچەلی و ئۆجەلان و سەرکردەکانی دەم پارتی و هەندێکجاریش سەرکردەکانی پەکەکە، هیچکەس شتێکی کۆنکرێتی ناڵێت.

هیچ پرۆسەیەک لەئارادا نیە، تەنیا پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی تورکیا هەیە

ئەوەی بە ڕای گشتی پیشان دەدرێت، تەنها نمایشێکی شانۆییە؛ ڕاستییەکان لە پشت پەردەوەن. لە کاتێکدا جەماوەر باس لەوە دەکەن کە ئایا پرۆسەکە لە بنبەستدایە یان نا، باخچەلی چیی گوتووە و قەندیل ڕەخنەی لە چی هەیە، پێشنیاری دەم پارتی چییە؛ هەموو شتێک لە پشت پەردەوە جیاوازە. ئەوەی پێی دەوترێت “پرۆسە”، کە هێڵکارییەکەی ڕوون نییە؛ پلانەکە ڕوونە و ڕێککەوتنی تەواو لەسەر هێڵە سەرەکییەکان هەیە. پرۆسەکە خۆی چیرۆکێکە؛ دەوڵەتی تورک پڕۆژەیەکی هەیە. هەنووکە پەکەکە و دەوڵەتی تورک دوو لایەنی جیاواز نین. دەوڵەت و پەکەکە بوونەتە یەک و لەسەر یەک میحوەرن. ئەوان لە بەرانبەر خۆیاندا ڕای گشتی دەبینن و پێویستە قەناعەتیان پێ بهێنن. پەکەکە هەوڵی ڕازیکردنی کورد دەدات، دەوڵەتی تورکیش هەوڵدەدات کە کۆمەڵگای خۆی و کوتلەکانی ناو دەوڵەت ڕازی بکات. جگە لەوەش بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە وردی چاودێری دەم دەکرێت.

پاشماوەی بێواتای پەیوەندی و کۆبوونەوەکان پێشکەش بە ڕای گشتی دەکرێت.

ڕای گشتی نازانێ کە بەڕاستی چی ڕوودەدات. کۆمەڵگە تەنها دوای چەند مانگێک باسی ئەو مافوورە دەبیستێت کە ئۆجەلان بە دیاری بۆ باخچەلیی ناردووە. بۆچی؟

بارودۆخی کارکردنی ئۆجەلان لە ئیمرالی هەمان بارودۆخی کارکردنیەتی لە دیمەشق

بۆ نمونە دەزانین زۆرێک لە کادیرانی پەکەکە چوونەتە ئیمرالی. بەسێ هۆزات و سەبری ئۆک لە مانگی حوزەیرانی 2025 و پێش چەکدانانی پەکەکە، چوونە ئیمرالی بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ فەرمانەکانی ئۆجەلان وەربگرن. بەڵام دوای پێکدادانەکانی حەلەب، لە بنەڕەتدا مەرجی کارکردنی بێ سنوور بە ئۆجەلان درا. ئۆجەلان تێکەڵ بە پڕۆسەی ڕۆژئاڤا بوو، داوای لێکردن کە خۆیان ڕادەستی حکوومەتی دیمەشق بکەن و هەر دوای ئەوە ئۆجەلان لە ئیمرالی هەلومەرجی کارکردنی باشتر لە دیمەشق بۆ فەراهەم کرا.

دوای ئەو پڕۆسەیەی کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی بە بێ ستاتۆ هێشتەوە، لە مانگی شوبات بەملاوە ئەندامانی وەک دوران کاڵکان، هێلین ئوومید، جگدەم دۆگو، بەڕیوەبەرانی ڕۆژئاڤا و خەبات ئاندووکیش چوونەتە ئیمرالی. بە واتایەکی تر ئێستا کادیرانی پەکەکە بە فڕۆکە و هەلیکۆپتەر لە قەندیل و ڕۆژئاڤای کوردستانەوە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئیمرالی. ئۆجەلان ڕۆژانە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا، ئەورووپا و قەندیلدا قسە دەکات. لە ئیمرالی سکرتاریەتەکەی نامە و دانوستاندنەکانی بەڕێوە دەبات.

هەموو ئەم زانیاریانە ڕاستن؛ ئێمە پێشتریش نووسیبوومان کە ئۆجەلان خانوویەکی لە ئیمرالیدا هەیە و سەبری ئۆک و بەسێ هۆزات دوو ڕۆژ لەوێ ماونەتەوە.

ئۆجەلان سەرکردەکانی پەکەکە تەنزیم و ئەرکدار دەدات

بە واتایەکی تر نیقاش لەسەر ڕەوشی ئۆجەلان و بارودۆخی کارکردنی و هتد…، تەنها بۆ فریودانی خەڵکە. ئۆجەلان ڕۆژانە پەکەکە بەڕێوە دەبات. لە حوزەیرانی 2025 بەملاوە ئۆجەلان لە چالاکییەکی زۆر قووڵدایە. لیستێکی لە سەرجەم ئەو کادیرانە وەرگرتووە کە بۆخۆی پێشتر پەروەردەی کردوون. جگە لەوەش لیست و ژیاننامەی ئەو کادرانەی بۆ نێردراوە کە لە دوای ئۆجەلان پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە. هەروەها لیستی سەرجەم دامودەزگاکان و بەریوەبەرەکانی بۆ نێردراوە. ئۆجەلان بەپێی ئەو لیستانە سەرلەنوێ ئەرکی بۆ کادیرەکان دیاری کردووە. هەندێک کادیری ناردووە بۆ ئەوروپا و هەندێکیشی لە ڕۆژئاڤاوە ناردووە بۆ بنکەکانی پەکەکە. ئۆجەلان کادیرانی پەکەکەی بەسەر ئەو کەسانەی کە دەچنە تورکیا و ئەوانەی دەچنە ئەورووپا، دابەش کردووە. لە هەموو ئەم بابەتانەدا هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات. ئێمە ناڵێین کە دانوستان دەکات، بەڵکوو ئەوان پێکەوە کار دەکەن. تەنها سەبارەت بە چارەنووسی لیستێکی 60 کەسی لەوانەی کە لە ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکەن و لە چالاکییە سەربازییەکاندا ناوبانگیان هەیە، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوودا ئەوە ڕوون دەکاتەوە. ئۆجەلان لە کاتی ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنانەدا لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە گفتوگۆ ناکات؛ بەڵکوو لەگەڵ دەوڵەتی توک بڕیار دەدات و دواتر پەکەکەی لێ ئاگادار دەکاتەوە.

جگە لەوەش تیمێکی چوار کەسی کە دوو ژنیان تێدایە و یەکێکیان ناوی وەیس ئاکتاشە کە پێشتر لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمرالی زیندانی بووە و دواتر بۆ تێکەڵبوون بە سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی لە تورکیا، ئازادکرا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند جارێک بەمەبەستی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، سەردانی ئیمرالییان کردووە. هەروەها ئۆجەلان لە ڕێگەی ئەم بەڕیوەبەرییەوە بەردەوام لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ وەیسی ئاکتاش قسە دەکات و زانیاری بۆ هەندێک نووسەر و کاریکاتۆریست و ڕۆژنامەنووس دەنێرێت.

مەزڵووم عەبدی و شاندی ڕۆژئاڤا چوونە ئیمرالی…

سەرنجڕاکێشترین پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ ڕۆژئاڤایە. لە کاتی پێکدادانەکانی حەلەبدا، خودی ئۆجەلان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە فەرمانی کشانەوەی بە مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، زاخۆ زاگرۆس و سیپان حەمۆ لە بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاڤای پەکەکە کردبوو. مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە سەرکردایەتی ڕۆژئاڤا لە سەرەتای مانگی ئازاردا چوونە ئیمرالی و بۆ ماوەی 5 کاتژمێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبونەوە. لەم دیدارەدا ئۆجەلان داوای لە هەموو کادیرانی پەکەکە کرد لە باکوورەوە بچنە قەندیل و لەسەر سنووری ئێران جێگیر ببن. داواشی کرد، ئەنەکەسە لە ڕۆژئاڤا دەرەتانی پێنەدرێت، داواشی کرد ڕۆڵی باشووری کوردستان و سەرۆک بارزانی لە سەردەمی ململانێکانی ڕۆژئاڤادا لە میدیاکان بەرجەستە نەکرێتەوە. فەرمانیشی پێکردن کە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەحمەد شەرع پەرەپێبدەن و دەستنیشانیشی کرد کە ئەو لەگەڵ دەوڵەت ڕێککەوتووە. ئۆجەلان هەروەها بڕیاریدا کە سیپان حەمۆ پۆستێک لە وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی سووریا وەربگرێت. هەروەها ئۆجەلان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی کادیرانی ئەورووپادا کرد، کە ناوەکانی وەک زوبەیر ئایدار، نیلوفەر کۆچ، دلار سیواس، ڕەمزی کارتال، ڕۆن کۆنیا، مزگین ئامەد، فاتمە ئادر، سلبووس تاری و ئادەم ئۆزون تێیدا ئامادەبوون.

ئۆجەلان ڕێنمایی داوە بە پەژاک و فەرمانی پێکردوون کە دەبێ میدیاکانی پەژاک باشتر کاربکەن، پژاک پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پەرەپێبدات و هەندێک کادیری پێشەنگی پەکەکە تێکەڵ بە پژاک ببن.

ئەم زانیاریانە پشتڕاستکراون. ئۆجەلان مافی ئەوەی هەیە کە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندیی هەبێت، پێشوازی لە سەردانکەران بکات، ڕۆژانە لەگەڵ کادیرەکان کۆببێتەوە، زانیاری وەربگرێت و هەندێکجاریش بانگهێشتی کەسانێک بکات. ئەم زانیاریانە ئەوەمان پێدەڵێت کە دۆخی ئێستای کارکردن و ژیانی ئۆجەلان لە ئیمرالی، زۆر باشترە لە بارودۆخی کارکردن و پێگەکەی لەو کاتەی کە لە دیمەشقدا بوو.

کۆبوونەوەیەکی هاوکاتی تەڤگەری ئاپۆیستی و دەوڵەت باخچەلی

لە کاتێکدا کە هەموو ئەم پەیوەندیانە لە گەشەکردندان، هێشتا جەماوەر بە بابەتی “پێگەی ئۆجالان”ـەوە سەرقاڵ دەکرێت.

لە ڕیکەوتی 5ی ئایاردا، مستەفا قەرەسوو و سۆزدار ئاڤێستا لە سەرکردەکانی پەکەکە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دیسانەوە داوای “پێگەی ئۆجەلان”یان وەکوو تاکە شەرت کرد. هەر لەو ڕۆژەدا، دەوڵەت باخچەلی پێگەی ئۆجەلانی وەک “ڕێکخەری پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن”، پێناسە کرد. ئەم دوو دیدارە بێ پەیوەندی و بە هەڵکەوت نین، بەڵکوو هاوکات بوونی ئەم کۆبوونەوانە بە هەماهەنگی بووە.

پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕای گشتی تورکیا هەڵناخەلەتێندرێت، بەڵکوو ئەوە ڕای گشتی کوردە کە فریو دەدرێت. چونکە گەمەی سەرەکی بریتیە لە هێشتنەوەی کورد لە بێقەوارەیی و بێستاتۆییدا. بۆیە لە میدیاکاندا هەنگاوگەلێک دەنرێت بۆ ئەوەی کە پۆزیسیۆنی ئۆجەلان لەرزۆک نەبێت. بەهێزکردنی پۆزیسیۆنی ئۆجەلان لە نێو کورددا ستراتژیی سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە. هەر مەرج و دەرفەت و پێگەیەک کە بە ئۆجەلان دەدرێت، لەبەرانبەر وەلانانی مافە بەکۆمەڵەکانی کورد دەدرێت. بە واتایەکی تر ئەو ستاتۆیە بەو مەرجە دەدرێت کە ئۆجەلان مەرجی بێستاتۆکردنی کورد جێبەجێ بکات.

جێگای قبوڵ نییە کە ڕۆشنبیران و نیشتمانپەروەرانی کورد ئەم پرۆسەیە وەکوو باش یان خراپ هەڵبسەنگێنن و لە هەندێک شتی سادە مانای ئەرێنی وەربگرن. گەمەیەکی زۆر گەورەتر لەسەر ئێمەی کورد دەکرێت. کورد لەگەڵ ڕێکخراوترین خیانەت و پیلانگێڕی لە مێژووی خۆیدا بەرەوڕوویە. پێدانی پێگە بە ئۆجەلان، بەواتای زەوتکردنی پێگە و ستاتۆی گەلی کورد دێت.

Share