مەزڵووم عەبدی: بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی دادگا و زمانی کوردی، دەرفەت بە دانوستاندنەکان بدەن

عەبدی: ئامانجی ستراتژیک و هەمیشەیی ئێمە ئەوەیە کە زمانی کوردی بە فەرمی لە دەستووری سووریادا بچەسپێنرێت و بپارێزرێت.
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، سەبارەت بە گرژی و دانوستانەکانی ئەم دواییە لەسەر مەلەفی دادوەری و زمانی کوردی لێدوانی گرنگی دا. عەبدی داوای لە خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت گەنجان کرد، لەبەرامبەر ئیستفزازەکاندا ئارام بگرن و بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئیداری و یاساییەکان، ڕێگە بە پرۆسەی دیپلۆماسی بدەن.
مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکیدا سەرنجی خستە سەر “رێککەوتنی 29ی ژانیڤەری” و ڕایگەیاند کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی میکانیزمێکی ڕوون لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتدا، هەندێک گرژی سەریهەڵداوە. بەڵام عەبدی ڕایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەکان لە دیمەشق و ناوچەکە، ڕێککەوتنێک کراوە: “دادوەرەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر پشتگوێ ناخرێن و دوای خولی پەروەردەیی، لە ناو سیستەمی دادوەریدا جێگیر دەکرێن.
یەکێک لە بابەتە هەستیارەکان لابردنی زمانی کوردی بوو لەسەر تابلۆکەی دادگای حەسەکە کە خۆپیشاندانی جەماوەریی لێکەوتبووەوە. عەبدی لەسەر ئەم بابەتە وتی: “حکومەت ئەم شوێنەی وەک دامەزراوەیەکی سەروەری بینی و تەنها بە عەرەبی نووسی، بەڵام ئێمە ئەم داوایەمان هێنایەوە سەر مێز، لە شارەکانی وەک کۆبانێ، قامیشلۆ، دێرک و عامودا تابلۆکان بە دوو زمان دەبن، بۆ حەسەکە حکومەتیش بەڵێنی داوە لە قۆناغێکی تردا زمانی کوردی بۆ تابلۆکە زیاد بکات”.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ڕاگرتنی کارەکانی کۆشکی داد ڕاستەوخۆ زیان بە ژیانی ڕۆژانەی میللەت دەگەیەنێت. ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت و تۆمارکردنی موڵک و کارە ئیدارییەکان، وەکوو کلیلێک وایە. عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕیگری لە “پرۆسەی ئەنتەگراسیۆن” نەکرێت بۆ ئەوەی کێشە یاساییەکانی میللەت چارەسەر بکرێن.
مەزڵووم عەبدی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا شانازی خۆی بە هەستیاری خەڵک بەرامبەر بە زمانی کوردی دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە ئامانجی ستراتژیک و هەمیشەیی ئەوان ئەوەیە کە زمانی کوردی بە فەرمی لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێنرێت و بپارێزرێت.