مەحما خەلیل: میلیشیا چەکدارەکان لە شنگال ئێزدییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دێنن

گرووپە چەكدارەكان لە شنگال، دەستیان بە ئاڵۆزی كردووە تا شەرعییەت نەگەڕێتەوە بۆ شارهكه.
دۆخی ئەمنی لە شنگال جارێکی دیکە بەرەو ئاڵۆزی دەروات و بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە شەوی ڕابردووەوە میلیشیا چەکدارەکان لەو ناوچەیەدا دەستیان بە چالاکی نایاسایی کردووە. ئامانج لەم چالاکییانە وەک ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ڕەوایەتی بۆ شارەکە و هەروەها جێبەجێکردنی پیلانی سیاسی تایبەت دادەنرێت.
مەحما خەلیل پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە لێدوانیکدا سەرنجی خستۆتە سەر مەترسیی میلیشیا چەکدارەکان و ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە نەیاران، گەلی ئێزدی بۆ مەبەستی خراپ و بەرژوەندی تەسکی خۆیان بەکار دەهێنن. مەحما خەلیل باسی لەوەش کرد کە ئەو گرووپانە لە ژێر سایەی چەکدا هەوڵی سەرکوتکردنی ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە دەدەن.
مەحما خەلیل هۆشداری دایە ئەو کەسانەی کە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکان دەکەن لە شنگال و گوتی: “هەندێ كەس لەژێر سێبەری گرووپە چەكدارەكان لە شنگالدان و هەموو خەڵك دەزانێ مەرام و نییەتی ئەوان خراپە، رۆژێك دێت خەڵكی ئێزدی ئەو كەسانە سزا دەدات كە ئێزدییان لە شنگال بۆ بەرژەوەندیی بەرتەسكی خۆیان بەكار دێنن”.
بە گوتەی چاودێرانی خۆجێی، ئەم چالاکییە چەکدارییە نایاساییانە بە ئامانجی ڕێگریکردنە لە گەڕانەوەی دامودەزگا فەرمییەکان و ئیدارەی شارەکە بە شێوەیەکی دەستووری، ئەنجام دەدرێن وهەتا گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت لە شنگال چالاک بن، ئارامیی سەقامگیر و گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک کێشەیەکی گەورە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.