سەرۆکایەتیی تورکیا دیداری ئەردۆغان و مەسرور بارزانی وەک وێستگەیەکی گرنگی هەفتە بڵاوکردەوە

ڕۆژی شەممە، 9/5/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری ئیستانبوڵی تورکیا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11/5/2026، فەرمانگەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە پلاتفۆڕمی ‘X’دا کورتەیەک لە گرنگترین بەرنامە و چالاکی و دیدارە دیپلۆماسییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای لە هەفتەی رابردوودا بڵاوکردەوە.
لە نێو ئەو دیدارە دیپلۆماسییە گرنگانەی کە لە پۆستەکەدا تیشکیان خراوەتەسەر، کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەک یەکێک لە وێستگە سەرەکییەکانی هەفتەی رابردوو دەستنیشان کراوە.
ئەم پۆستەی سەرۆکایەتیی کۆمار وەک وێنەیەکی گشتیی کار و چالاکییەکانی سەرۆککۆمار دادەنرێت، کە تێیدا جەخت لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ئەو کۆبوونەوە ئاستبەرزانە کراوەتەوە کە لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنکەرە و ناوچە جیاجیاکان ئەنجامدراون.
پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، 09ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری ئیستانبوڵی تورکیا.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆشکی “دۆڵمە باخچە” لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، شەممە 9ـی ئایاری 2026، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
ئاماژەشی داوە، سەرۆکی حکوومەت ستایشی رۆڵی ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: سەرۆک کۆماری تورکیا، ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لە رێگەی گفتوگۆ کردەوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆکی حکوومەت پشتگیری بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.