Skip to content
شەڕی نوێی وشیاریی کورد

گوتارە نوێیەکەی ئۆجەلان بۆ عەقڵییەتی ئەمنیی تورکیا گرنگییەکی ستراتژیی گەورەی هەیە. ئەو کەسەی سەردەمانێک بە زمانی ڕزگاریی نەتەوەیی و شۆڕشی کورد قسەی دەکرد، ئەمڕۆکە بە زمانی (نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتی هاوبەش و مۆدێرنیتەی کۆمەڵایەتی) قسە دەکات.
سمکۆ عەبدولعەزیز
کاتێک دامودەزگا ئەمنی و ستراتیجیەکانی تورکیا بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پرسی کورد دەکەن، تەنها وەک پاشەکشەی سەربازیی ڕێکخراوێک یان گۆڕانکاری لە گوتاری سیاسیدا سەیری ناکەن، بەڵکو بە دەرفەتێکی دەگمەنی مێژوویی دەزانن کە دەتوانن لەو ڕێگایەوە شوناس و هۆشیاریی کورد سەرلەنوێ پێناسە بکەنەوە.
دەوڵەتی تورکیا دوای سەدەیەک لە شەڕ و ئینکاری و نەبینین، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە لە چەککان مەترسیدارتر، ئەو بیرۆکە (هزر)ـەیە کە لە پشت چەکەکانەوە ڕاوەستاوە. ئەو هزرە وا لە نەتەوەیەک دەکات کە سەرەڕای کۆمەڵکوژی و گرتن و پیلانە شاراوەکان، درێژە بە دۆزەکەی خۆی بدات.
بۆیە سروشتی شەڕەکە گۆڕاوە. شەڕی سەرەکی ئیدی تەنیا لە چیاکاندا نییە، بەڵکو لە ناو هزر و مێشکی کورددایە.
ئەنقەرە چیتر نایەوێت پەکەکە وەک ڕێکخراوێک تێکبشکێنێت، بەڵکو دەیهەوێت وێنەی نەتەوەیی کورد لەناوببات، بۆ ئەوەی کە کورد لە چەمکی (گەلێکی خاوەن دۆزێکی مێژوویی)ـەوە بگۆڕێت بۆ (پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی)، کە تەنیا پێویستی بە ئیدارەکردن، گەشەپێدان و هەندێک مافی کولتووریی سنووردار هەیە لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا.
بەپێی ئەم پلانە دەوڵەت هەوڵ دەدات (هەژاریی کورد) بکاتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ژیانی نەتەوەیی بگۆڕێت بۆ بژێوی ژیان، تاوەکوو کورد لە خەونی خوەشگوزەرانیی ئابوریدا خەونی سیاسی گەورەی خۆی لەبیر بکات.
ئەمە مەترسیدارترین قۆناغی ئەم شەڕەیە، چونکە دەوڵەت کە ناتوانێت بە زۆر کۆتایی بە هزرێک بهێنێت، هەوڵ دەدات ئەو هزرە سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە.
لێرەدا گوتارە نوێیەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ عەقڵییەتی ئەمنی تورکیا گرنگییەکی ستراتژیی گەورەی هەیە. ئەو کەسەی سەردەمانێک بە زمانی ڕزگاریی نەتەوەیی و شۆڕشی کورد قسەی دەکرد، ئەمڕۆکە بە زمانی (نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتی هاوبەش و مۆدێرنیتەی کۆمەڵایەتی) قسە دەکات.
ئەمانە چەمکگەلێکی بەرفراوان و نەرم و نیانن کە ڕێگە دەدەن سنوورە نەتەوەییەکان لەناو گوتارێکی فەلسەفیی خیهانیدا بتوێنەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە گوتاردا تەنها بۆ ناوخۆی تورکیا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەپاندنی مۆدێلێکی نوێی کوردایەتی بەسەر هەموو ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی هەموو بەشەکانی لە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی بێسنووردا بتوێنەوە.
لێرەدا یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانە فیکرییەکانی مێژووی ئەم دواییەی دۆزی کورد لەسەر شەقامی کوردی سەری هەڵداوە. چونکە زۆرێک لە گەنجانی کورد هەست دەکەن ئەم بابەتە وەک ئەو خەونە نییە کە ئەوان وەک نەتەوەیەک لەپێناویدا شەهید بوون. کورد زیندانی نەکراوە، گوندەکانی نەسووتاون و دەیان ساڵە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە نەبوون بۆ ئەوەی دواجار دۆزیەکەیان ببێتە گفتوگۆیەکی فەلسەفی کراوە سەبارەت بە “برایەتی مرۆڤایەتی” لەناو دەوڵەتێکدا کە هەر لە بنەڕەتدا نکۆڵی لە هەبوونی ئەوان دەکات.
بۆیە پرسیارێکی قورس بە بێدەنگی لە هۆشیاری نوێی کورددا هاتۆتە ئاراوە:
ئایا ئەوەی دەگوزەرێت گەشەسەندنێکی سروشتیی فیکرییە… یان ئەندازیارییەکی نوێی دۆزی کورد لەژێر چاودێری مێشکی ئەمنیی تورکیایە؟
ئەم پرسیارە لەخۆڕا سەریهەڵنەداوە. مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لەو تاکانەی کە بەهۆی پرۆژە شۆڕشگێڕییە نەتەوە ڕادیکالەکانەوە چوونەتە زیندانەوە، دواتر یان لەوێ گۆڕاون یانیش هاتوونەتە دەرەوە و بوونەتە کەسایەتی نیشتمانپەروەر و نوقمی ناو فەلسەفەی ڕووت و چەمکەکانی سەر بە گەلان بوون. چونکە زیندانیکردنی درێژخایەن تەنها جەستە ناشکێنێت، بەڵکو پەیوەندیی مرۆڤایەتی و دۆزەکەشی سەرلەنوێ دروست دەکاتەوە.
ئایا ئەوەی دەگوزەرێت گەشەسەندنێکی سروشتیی فیکرییە… یان ئەندازیارییەکی نوێی دۆزی کورد لەژێر چاودێری مێشکی ئەمنیی تورکیایە؟
لێرەدا حیکمەتی ستراتژیی نوێی تورکیا دەردەکەوێت. ئەنقەرە ئیدی وەک دەیان ساڵی ڕابردوو ناجووڵێتەوە و هەوڵی کوشتنی تەواوەتی شوناسی کورد نادات، چونکە ئەو ڕێگایە شکستهێنانی خۆی سەلماندووە، بەڵکو هەوڵ دەدات ناسنامەکە بگۆڕێت و بیکات بە “ناسنامەیەکی فلکلۆری” کە هیچ پرۆژەیەکی سیاسیی لە پشتەوە نەبێت.
کورد جل و بەرگی نەتەوەیی خۆی لەبەر بکات و بە زمانی خۆی گۆرانی بڵێت، بەڵام وا بیر ناکاتەوە کە خاوەن مافێکی مێژووییە.
ئەمە پرۆسەیەکی سەیر و مەترسیدارە کە لە چەمکی نەتەوەوە بۆ چەمکی کۆمەڵگا و لە بیرۆکەی ڕزگاری نەتەوەییەوە بۆ بیرۆکەی بەڕیوەبردنی کۆمەڵایەتی دەگوازرێتەوە.
بەڵ، هاودژییە گەورەکە ئەوەیە کە دۆزی کورد لە ئایدۆلۆژیایەکەوە سەریهەڵنەداوە کە لەگەڵ گۆڕانەکەیدا بمرێت، بەڵکو لە جوگرافیا و بیروباوەرەکانەوە سەریهەڵداوە.
مەترسییەکە لە گۆڕانی عەقڵیەتدا نییە، بەڵکو لەو لەبیرکردنە ڕێکخراوەدایە کە موهەندیسی دەکرێت. چونکە هەر میللەتێک لە پێناو گوتاری گشتیدا مافە یاساییەکانی خۆی بکاتە قوربانی، هەمیشە پەراوێز دەخرێت.
لە کۆتاییدا ڕەنگە شەڕی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی چەک نەبێت، بەڵکو شەڕی پێناسەکردنی هەبوون بێت. چونکە نەتەوەیەک کە چیرۆکە نەتەوەییەکەی لێوەربگیردرێتەوە، ڕەنگە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە ساغ بێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ڕۆحی مێژوویی خۆی لەدەست دەدات.