لە نێوان ڕەنج و ئایدۆلۆژیا: سەرهەڵدانی هونەرمەند مەم ئارارات لە دژی “دیکتاتۆریەتی پەکەکە”

لە نێوان ڕەنج و ئایدۆلۆژیا: سەرهەڵدانی هونەرمەند مەم ئارارات لە دژی "دیکتاتۆریەتی پەکەکە"

ئەوەی پەکەکە بەرانبەر بە هونەرمەند مەم ئارارات کردوویەتی، بە هەموو شێوەیەک ئیفلاسی ئەخلاقی و سیاسی ئەو سیستەمە دیکتاتۆر و پاوانخوازە دەسەلمێنێت.

بە درێژایی مێژوو، هونەری کوردی هەمیشە لە نێوان دوو بەرەدا ماوەتەوە: لە لایەک بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی و لە لایەکی دیکە بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆیی سروشتی خۆی. دوایین لێدوانی هونەرمەندی ناودار مەم ئارارات، کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردۆتەوە، تەنها گلەیییەکی ئابووری نییە؛ بەڵکوو هاواری هۆشیارییەکی ئازادە کە لە قۆرخکاری ڕێکخراوەیی پەکەکە و دەستبەسەرداگرتنی کار و ڕەنجە هونەرییەکانی سەریهەڵداوە. جیددیترین و مانادارترین لێدوانی ئارارات، قووڵترین نەخۆشی سیستەمی ئایدیۆلۆژیی پەکەکە ئاشکرا دەکات: “من دوژمنی هیچ حزب و ڕێکخراوێکی کوردی نیم… بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێت کە من کۆیلەی هیچ کەسێک نیم”.

ئەم لێدوانە قامک لەسەر برینێک دادەنێت کە ساڵانێکە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا دەشاردرێتەوە، ئەویش بە سیاسیکردنی هونەر و پێشێلکردنی مافی هونەرمەندان لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە پەکەکەوەیە. دامەزراوەکانی وەک کۆم موزیک کە لەژێر کۆنتڕۆڵ و چەتری هیرارشی پەکەکەدا کار دەکەن، ساڵانێکە وەک ناوەندی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی پیشان دەدرێن، بەڵام کاتێک باس لە مافە ئابوورییەکان و ڕەنجی کەسی و سەربەخۆیی هونەرمەندان دەکرێت، ئەم دامەزراوانە پێوەرە دڕندەکانی کاپیتالیزمی ڕێکخراوەیی و دیکتاتۆرییەتی سیاسی نیشان دەدەن. ئارارات بە ئاشکرا دەپرسێت: “12 ساڵە بەبێ ئەوەی کە هیچ هەوڵێک بدەن، دەستیان بەسەر هەموو کارەکانمدا گرتووە، دیموکراسی لەکوێیە، مافەکانی مرۆڤ لە کوێن، ڕەنج و کار لە کوێن؟»

ئەم پرسیارە، دووڕووییەتی عەقڵیەتی پەکەکە ئاشکرا دەکات. ڕێکخراوێک کە هەمیشە لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا باس لە “ماف، دادپەروەری، دیموکراسی و پاراستنی کرێکاران/زەحمەتکێشان” دەکات، بە کردەوە، بە شێوەیەکی تۆتالیتارانە دەست بەسەر کار و بەرهەمی 12 ساڵەی هونەرمەندێکی کورددا دەگرێت کە شەو و ڕۆژ لە پێناو کولتوورەکەیدا کاری کردووە. ئەم ڕێبازە ئەوە دەردەخات کە پەکەکە هونەر وەک بەهایەکی پیرۆز نابینێت، بەڵکو تەنها وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە و سەرچاوەی بودجە بۆ سیستەمەکەی سەیری دەکات. کاتێک هونەرمەندێک نەیهەوێ ببێتە “ئامراز”، سیستەم هەوڵی سەرکوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمەکانی دەدات.

هونەرمەند، بە سروشتی خۆی، خوڵقێنەرێکی ئازادە و لە ژێر سنوورە وشک و چەقبەستووەکانی ئایدۆلۆژیایەکی سەربازی و سیاسیدا، ناتوانێ هەناسە بدات. مەم ئارارات ساڵانێکە بێ ئەوەی ببێتە زمانی فەرمی ڕێکخراوەیەک، هەست و دەنگی نەتەوەکەی بە زیندووی ڕاگرتووە. بەڵام بیرکردنەوەی توند و یەکڕەنگی پەکەکە هەرگیز تەحەمولی دەنگی سەربەخۆ ناکات. کاتێک داوای ئەوە دەکەن کە هەموو هونەرمەندێک ببێتە “کۆیلە و کرێکاری ئایدیۆلۆژی”یەکەیان و کاتێک هونەرمەندێکی خاوەن کەرامەت ناچار دەکرێت بڵێت “من کۆیلەی کەس نیم”، ئەمە بە هەموو شێوەیەک ئیفلاسی ئەخلاقی و سیاسی ئەم سیستەمە دیکتاتۆر و پاوانخوازە دەسەلمێنێت.

لە کۆتاییدا، ئەو نادادپەروەرییەی کە لە لایەن دامەزراوەکانی سەر بە پەکەکەوە بەرامبەر مەم ئارارات کراوە، ڕوونترین نموونەیە کە چۆن سیستەمێکی ئیدئۆلۆژیک هەوڵدەدات کە هونەری ڕاستەقینە بخنکێنێت و بیخاتە خزمەت بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هیچ ڕێکخراو و حیزب و شۆڕشێک لە ڕەنج و کاری قەڵەم و دەنگی هونەرمەندێک گەورەتر نییە؛ چونکە هێزە سیاسییەکان کاتین، بەڵام هونەرێک کە ناسنامەی ڕاستەقینەی گەلێک دەپارێزێت، ئەبەدییە.

Share