جەنگیز چاندار: بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستە یاسای تایبەت دەربکرێت

جەنگیز چاندار: بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستە یاسای تایبەت دەربکرێت

چاندار: وڵاتانی وەک تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران چیتر ناتوانن بەبێ کورد هەنگاو بنێن.

جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە گفتوگۆکان لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کورد و “پرۆسەی نوێ” هەڵسەنگاندنی گرنگی کردووە. چاندار ڕایدەگەیەنێت؛ سەرەڕای هەموو گومان و دوودڵی و دواکەوتنەکان، لەئێستادا چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئیدی بژاردەیەکی ئیجبارییە و بە هەر نرخێک بێت دەبێ جێبەجێ بکرێت.

چەندار لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان سەرنجی بۆ قەیرانی قووڵ و گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە هەرچەندە شەڕ لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت یان بوەستێت، ئەم قەیرانە ناوچەییە بە ئاسانی کۆتایی نایە. ئەو پەرلەمانتارەی پارتی DEM ڕایگەیاند، وڵاتانی وەک تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران چیتر ناتوانن بەبێ کورد هەنگاو بنێن و کورد لەم وڵاتانەدا بەرەو بوون بە هاوپەیمان و هاوبەشی دەسەڵات هەنگاو دەنێت.

سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی “پرۆسەی ئاشتی”، جەنگیز چاندار دووپاتی کردەوە کە هەرچەندە پرۆسەکە بە هێواشی دەڕوات، بەڵام هەنگاوەکانی پشت پەردەکان بەردەوامن. چاندار ئاماژەی بەوەدا کە دڵنیایی یاسایی و ستاتۆیەکی سیاسی پێشمەرجن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی درێژخایەن و وتی: لەم چوارچێوەیەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە خوەن ڕۆڵ و پێگەیەکی جیاوازە، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، پێویستە دەستبەجێ یاسای تایبەت دەربکرێت؛ بە پێچەوانەوە سیستەمەکە سەرکەوتوو نابێت”.

لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی سەرنجی بۆ پرسی گرینگی چەکدانان و داهاتووی ئەندامانی ڕێکخراوەکە ڕاکێشا. چاندار ئاماژەی بەوەدا کە میکانیزمێکی یاسایی نوێ پێویستە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی چەک دادەنێن و داوای کرد “یاسایەکی تایبەت و ئینتقالی” ببێتە بنەمایەک بۆ مسۆگەرکردنی ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی کە ڕێگە بۆ ئاساییکردنەوەی سیاسی هەموار بکرێت.

Share