هەمیشە “ئەز و ئەز، ئەو لەبەر پەز”، نابێت!!!

حیزبەکانمان دەبێ بە کراوەیی بیربکەنەوە و خۆیان لە ئایدۆلۆژیای تەسک ڕزگار بکەن و دەبێ خاوەندارێتی لە هەموو ئەو نووسەرانەش بکەن کە ئەندامیان نین.
بووبێ ئەسەر
پێویستە ئیدی میکانیزمێک بۆ ڕەخنە و خۆڕەخنەگرتن لە باکووری کوردستان مسۆگەر بکەین. واتە جێگیری بکەین بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە لە باکووری کوردستان بە شێوەیەکی جەماوەری و بەهێز بەڕێوە بچێت.
پێویستە هەر کەسێک بە پێی زانیاری و سەرچاوەکانی خۆی بجووڵێتەوە. پێویستە هەموو کەسێک شوێن و پێگە و بەرپرسیارێتی خۆی بزانێت و بناسێت.
سیاسەتمەدار دەبێت بزانێت بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەی سیاسەت دەکات. کار و ئەرکی ئەوان سیاسەتکردنە. کاتێک هەموو هێز و توانای خۆی بۆ ئەو بوارە تەرخان بکات، بە ئاسانی لە سیاسەتێکی دروست لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەکەیان، بەردەوام دەبن. جەخت لەسەر چی بکەیتەوە، لەو بوارەدا سەرکەوتوو دەبیت.
نووسەر دەبێ بایەخ بە کاری نووسین بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بە نووسین و بەرهەمەکانی ڕێگا بۆ تەڤگەری گەلەکەی بکاتەوە، زمانی نەتەوەکەی گەشە پێبدات؛ ڕێگا و ڕێباز پیشانی سیاسەتمەدارەکانی نەتەوەکەی بدات تا هەم خەباتەکەیان بە دروستی بەڕێوە بچێت و هەم بەهێز و بەتواناتر بن.
ئەرکی سەرەکی نووسەران ئەوەیە کە بتوانن لەسەر چاکە و کارە چاکەکان بنووسن کە کراوە. نووسەران پێویستە مێژووی گەلەکەیان، خەبات و بەرخۆدانی گەلەکەیان، دەنگی ئازادی و خۆڕاگری خۆیان لە ڕۆمان و چیرۆکەکانیاندا بنووسن بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ نەوەی دوای خۆیان خۆش بکەن.
نووسەر لە ڕێگای ڕۆمان و چیرۆک و بەرهەمەکانیەوە، مێژووی گەلەکەی بە خوێنەران دەناسێنێت. ئەوان لەسەر ئەو ڕووداوانە دەنووسن کە ڕوویانداوە بۆ ئەوەی لەبیر نەکرێن، بۆ ئەوەی نەوەیەکی دیکە بتوانێت ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بناسن و بە زانینی مێژووی خۆیان گەورە بن.
بۆیە بە ئاسانی دەتوانم بڵێم لە نێو کۆمەڵگا دواکەوتوو و پێشکەوتووەکاندا نووسەران پیرۆزن. بوونیان بەواتای گەشەپێدانی میللەتەکەیانە. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆکە لە باکووری کوردستاندا ئەوە بوونی نیە. قەدر و حورمەتی نووسەران بەرز ڕاناگیردرێت. نووسەرێک کە ساڵانێک بە زەحمەت کار لەسەر بەرهەمێک دەکات، زۆر بە زەحمەت بڵاوی دەکاتەوە؛ بەڵام ئەو بەرهەمە هەزار دانەی لێ نافرۆشرێت. بەڕای من ئەمە کارەساتێکی گەورەیە.
حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێمەش گەمارۆیەکی نەرم دەخەنە سەر ئەو نووسەرانەی کە هاوڕێیان نین. وەک پێویست خاوەندارێتی لە نووسەران ناکەن. بۆیە ئەوان بەو مەرجەی کە تۆ ئەندامیان بیت و ڕەخنە لە تاک و سەرۆک و سەرکردەکانیان نەگریت، ڕەنگە هەندێک بەهات پێ بدەن.
بەڕای من حیزبەکانمان دەبێ بە کراوەیی بیربکەنەوە و خۆیان لە ئایدۆلۆژیای تەسک ڕزگار بکەن. هەروەها پێویستە خاوەندارێتی لە هەموو ئەو نووسەرانەش بکەن کە ئەندامیان نین. باشترە سیمینار و کۆنفرانسی ئەدەبی بەناوی ئەوانەوە ڕێکبخرێت.
هەروەها پێویستە ڕەخنەگر هەبن کە بتوانن لە پێناو پێشکەوتندا ڕەخنە لە کەموکوڕییەکانی سیاسەتمەداران و نووسەران بگرن. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئێمە ڕەخنەگرێکی لەو شێوەیەمان نییە. ئەم ئەرکە زیاتر لەسەر شانی نووسەرانە. بە واتایەکی تر، ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان نووسەران دوو ئەرکیان هەیە: هەم کاری نووسین دەکەن و هەم هەندێک جاریش کەموکووڕیی حزب و سیاسەتمەدارەکان ئاشکرا دەکەن.
بەڵام ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان شتێکی وەها لەئارادا نییە کە هەرکەسەو بە پێی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵسوکەوت بکات. سیاسەتمەداران وەک ناوەکەیان دەریدەخات، یەکەم کاری ئەوان سیاسەتکردنە. هەر سیاسەتمەدارێک چەندە بەپێی ئەو ئەرکە مامەڵە بکات، بەوڕادەیە بەرهەمدارتر دەبێت.
ڕەنگە نووسەر یان ڕۆشنبیرێک ئەندامی حیزبەکەی تۆ نەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە بتوانیت کەسانێک چالاک بکەیت کە ئەندامی حیزبەکەی تۆ نین، بەپێی بەرپرسیارێتی خۆیان کار و ئەرکێکیان پێ بدەیت. لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بیت و کاتیان بۆ تەرخان بکەی تا ئەوانیش لە تۆ و حزبەکەتەوە نزیک ببنەوە.
بەم شێوەیە تۆ هەم دەتوانی کەسێک بەدەست دەهێنیت یان بە ڕاسپاردنی ئەرکێک، لە خۆتی نزیک بکەیەوە، ئەوانیش دەزانن کە لایەنگران و حزبەکانی کوردستان بایەخیان پێدەدەن و ڕێزیان لێدەگرن.
بەڵام پێدەچێت حزبە سیاسییەکانی ئێمە لە باکووری کوردستان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە بتوانن ئەو کەسایەتیانە لە خەبات و تێکۆشاندا چالاک بکەن کە ئەندامی ئەوان نین. بۆ تەلەفزیۆنە حزبییەکانیش هەمان شتە. دەبینیت هەمیشە ئەو کەسانە دەهێننە سەر شاشەکانیان کە لە حزبەکەیاندا بەرپرسایەتییان هەیە. هەمیشە هەر ئەوانن و هەر ئەوانن. ئیدی مرۆڤ لە سەیرکردنی ئەوان و بەرنامەکانیان بێزار دەبێتە. هەمیشە بینینی ڕووخسارێک بێزارکەر دەبێت.
بەڵام تێناگەن گوێگرتن لە دەنگی جیاواز و ڕوانگە و ڕامانی جیاواز بەرهەمدارترە و بۆ حیزبەکەش باشترە. چونکە ئەو دەنگە جیاوازانە؛ وات لێدەکات کەموکوڕی و هەڵە و کارە بەنرخەکان بناسیتەوە و بیانبینیت.
بەڕای من ئەمە کارەسات و کەموکووڕییەکی گەورەیە کە حزبە کوردستانیەکانمان ئەم کارە نەکەن. پێویستە بیکەن بۆ ئەوەی کە ئاسۆی خۆیان فراوانتر بکەن. نووسەرانی نوێ و سیاسەتمەدارە جیاوازەکانیش دەتوانن بەم شێوەیە سەربکەون.
کەواتە، هیچکات بە من، من کردن ئەم خەباتە ناڕواتەپێش و حیزب پێش ناکەوێت، بەردەوام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەکەوێتە خوارەوە.