کاڵکان بۆ چارەسەری داوا لە تورکیا دەکات؛ “ئەگەر ئێوە جیددی بن نەخشەڕێگایەکی ڕوون دەخەمەڕوو”

کاڵکان بۆ چارەسەری پەیام بۆ تورکیا دەکات؛ "ئەگەر ئێوە جیددی بن نەخشەڕێگایەکی ڕوون دەخەمەڕوو"

کاڵکان: ئێمە نەک هەر بڕیاری ڕاگرتنی خەباتی چەکداریمان داوە، بەڵکوو بە تەواوی دەربازی ستراتژیی سیاسەتی دیموکراتیک بووین.

دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باسی لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و کۆبوونەوەکانی ئیمرالی و نەخشەڕێگای قۆناغی نوێ کرد. کاڵکان ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە بارودۆخی ئیمرالی کراوە و شەفاف بێت و داوای لە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا کرد تا هەنگاوی بەرچاو بنێن.

کاڵکان وەبیری هێنایەوە کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، بەڵێنیان دابوو تا کۆتایی مانگی نیسان یاسای نوێ دەربکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە. کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دەسەڵات جدی بێت لە چارەسەرکردن، ئەوا ئامادەن نەخشەڕێگایەکی ڕوون پێشنیار بکەن و وتی: “پێویستە دەستبەجێ دەربازی قۆناغی دووەم ببین و یاساکانی سیاسەتی دیموکراتیک پەسند بکرێن و ڕابگەیەندرێن. بەر لەهەر شت ئۆجەلان بۆ ئەوەی کە بگاتە بارودۆخی ئازادی ژیان و خەبات، پێویستی بە ‘یاسای ئازادی’ هەیە”.

کاڵکان لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە ڕێبازی ستراتژیکی خۆیان کردەوە و ڕایگەیاند، ئەوان وەک تەڤگەر نەک هەر بڕیاریان داوە خەباتی چەکداری ڕابگرن، بەڵکوو تەنانەت بە تەواوی دەربازی ستراتژیی سیاسەتی دیموکراتیک بوون. کاڵکان دەوڵەتی تورکی بە هەوڵدان بۆ “تەسفیەکردن” تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە لەسەر بنەمای “تەسلیمبوون و شانتاژ” بەڕێوەدەچێت. ناوبراو ئیدیعای ئەوەی کرد کە ڕێژیمی ئاکەپە لە جەنگی سێهەمی جیهانی و سیاسەتی ناوچەییدا، هەوڵدەدات کە لەگەڵ بلۆکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا یەکبگرێت و ئەمەی بە حیساباتێکی هەڵە ناوبرد.

کاڵکان هەروەها گوشارەکانی دادگای بۆ سەر پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) و ئۆزگور ئۆزەلی هاوسەرۆکی جەهەپەشی تاوتوێ کرد و ئەو دۆخەی بە پرسی کوردەوە گرێدا و وتی: “ئۆزگور ئۆزەل بۆیە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی و پەرگالەوە دەکرێتە ئامانج، چونکە بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد دەکات. پێویستە بەڕێوەبەریی جەهەپە لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا پاشەکشە نەکات”.

کاڵکان لە کۆتا بەشی وتارەکەیدا ڕەخنەی ناوخۆییشی هێنایە زمان و سەرنجی بۆ چالاکییەکانی ئەم دواییە ڕاکێشا. کاڵکان ئاماژەی بەوەکرد، لە زنجیرە چالاکییەکەدا کۆمەڵێک دژایەتی و کەموکووڕی هەیە و ئەو چالاکییانەی تەنها بۆ لاپەڕەی ڕۆژنامەکان ئەنجام دەدرێن و هیچ کاریگەرییەکیان نییە. کاڵکان داوای لە گەنجانی نیشتمانپەروەر کرد کە فەلسەفەی ئۆجەلان “کاتێک دەیکەیت بیر بکەوە، کاتێک بیر دەکەیتەوە، بیکە” پەیڕەو بکەن و وتی کە ئەوان وەکوو تەڤگەر، لە قۆناخی ڕەخنەگرتن و ڕاستکردنەوەی کردەوەکانی خۆیاندان.

Share