پەدەکەسە لە ساڵیادی دامەزراندنیدا: ڕێبازی “بارزانیی نەمر” هەمیشە ڕێنیشاندەری خەباتمان بووە

پەدەکەسە: بنەمای چارەسەری قەیرانی سووریا، دانپێدانانی دەستوورییە بە مافەکانی نەتەوەی کورد و داوای دامەزراندنی سووریایەکی نوێ و دیموکراتیک و فیدراڵی دەکەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا (پەدەکە ـ سە)، وەک پێشەنگی بزووتنەوەی سیاسی کوردی لە سووریا، دوێنێ یادی 69 ساڵەی دامەزراندنی خۆی کردەوە. هەر بەم بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕای گشتی و لایەنە نەتەوەییەکان کرد.
پەدەکەسە لە پەیامەکەدا وەبیری هێناوەتەوە کە کاتێک لە 14ی حوزێرانی 1957دا یەکەمین بناغەی ئەم حیزبە لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە دانرا، وڵات لە قۆناغێکی هەستیاردا بوو. دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە وەک میراتگری بزووتنەوەی خۆیبوون و وەڵامێکی پێویست بۆ ئەو سەردەمە پێناسە کرا، بۆ ئەوەی ببێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی بوون و کەرامەتی گەلی کورد لەسەر خاکی مێژوویی خۆیدا.
پەدەکەسە لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەیدا سەرنجی خستۆتە سەر مێژووی پڕ لە قوربانیدان و ئەو فشارانەی کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا (بەتایبەت لە سەردەمی یەکێتی سووریا- میسر و ڕژێمی بەعسدا) لەسەر سەرکردە و ئەندامانی حیزبەکە هەبوون. ئەو حیزبە ڕایگەیاندووە کە هەرگیز لەهەمبەر پڕۆژە ڕەگەزپەرستانەکانی وەک “ پشتێنەی عەرەبی” و “سەرژمێری ئاوارتەی ساڵی 1962″ و قەدەغەکردنی زمان و ناوی کوردیدا، کۆڵیان نەداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ڕێبازی “بارزانیی نەمر” هەمیشە ڕێنیشاندەری خەباتی ئەوان بووە. پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا ڕایگەیاندووە کە خۆی وەک بەشێکی جەوهەری لە پڕۆژەی نەتەوەیی کوردستان دەبینی کە ئەمڕۆش بە سەرکردایەتی مەسعود بارزانی و بە کاریگەری شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان بەردەوامیی هەیە.
پەدەکەسە وەک پایەی سەرەکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS)، جارێکی دیکە داوای یەکڕیزی ناوخۆیی کوردانی کردووە. لە پەیامەکەدا ئاماژە بە بڕیارەکانی کۆنفرانسی 26ی نیسانی 2025 کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی فراوانی نیشتمانی بۆ سەرکەوتنی دۆزی ڕەوای کورد، هەمیشە دەستیان کراوەیە.
سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی سووریاش ئەو پارتە ڕایگەیاندووە کە بنەمای چارەسەرەکە دانپێدانانی دەستوورییە بە مافەکانی کورد و داوای دامەزراندنی سووریایەکی نوێ و دیموکراتیک و فیدراڵی دەکەن؛ سیستەمێک کە مافی یەکسان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان (عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی و تورکمان) بدات و ئازادیی هەموو بیروباوەڕە ئایینییەکانی وەک (موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی) بپارێزێت.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا (پەدەکە ـ سە) لە کۆتاییدا ڕێز و سڵاوی خۆی پێشکەش بە ڕۆحی پاکی شەهیدان، گیراوانی ڕێگای ئازادی و هەموو ئەندامە فیداکارەکانی خۆی کردووە. پەدەکەسە پەیانی خۆی لەگەڵ گەلی کوردستان نوێ کردۆتەوە کە هەتا دەستەبەرکردنی دادپەروەری، ئازادی و کەرامەت، لەسەر هێڵی خەباتی مەدەنی و دیموکراتیک بەردەوام دەبن.