ترەمپ بە فەرمی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێرانی راگەیاند

ترەمپ: “ڕۆژی هەینی، لەگەڵ واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە، ‘گەرووی هورمز’ بۆ مەبەستی پاککردنەوەی مینەکان دەکرێتەوە”.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاند کە پرۆسەی ڕێککەوتنی نێوان واشینگتۆن و تاران بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیشتووە. ترەمپ وەکو یەکەم هەنگاوی ئەم قۆناخە، فەرمانی دەستبەجێی دەرکرد کە گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێک بە ڕووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێتەوە و گەمارۆی دەریایی سەر ئێران کۆتایی پێبێت. سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رێککەوتنەکەی پشڕاست کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، (15ی حوزەیرانی 2026)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پیرۆزبایی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند “رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو.” ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد وەک هەنگاوی یەکەم، دەسەڵاتی تەواوی داوە بە کردنەوەی “گەرووی هورمز” بە رووی کەشتیگەلی نێودەوڵەتیدا بەبێ تێچوو.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ترەمپ فەرمانی کردووە بە هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆ دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و گوتی: “کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن.. با نەوت بڕژێت!”
لە پەیامێکی دیکەیدا دۆناڵد ترەمپ وەسفی ڕێککەوتنەکەی کرد و گوتی: “ئەم ڕێککەوتنە مەزنە ئاشتی و ئاسایش بۆ تەواوی ناوچەکە دەهێنێت.” ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ یەکەمجار سەرۆکێکیان دۆزیوەتەوە کە بتوانێت هاوکارییان بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی ڕاستەقینە.
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی، لەگەڵ واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە، “گەرووی هورمز” بۆ مەبەستی پاککردنەوەی مینەکان دەکرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە بەم هەنگاوە، جارێکی دیکە نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت و جووڵەی وزە بۆ ناوچەکە و جیهان ئاسایی دەبێتەوە.
ترەمپ بە شانازییەوە ڕایگەیاند: “زۆرێک لە سەرۆکەکان هەوڵیاندا ئاشتی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام هەموویان پێش من شکستیان هێنا.”
هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد، دوای دانوستانێکی چڕ و ورد، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان. بڕیار وایە مەراسیمی فەرمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە رۆژی هەینی، 19ی حوزەیران، لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیامەکەدا، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی هەردوو وڵات کرد بۆ پەنابردنە بەر چارەسەری دیپلۆماسی و سوپاسی تایبەتی وڵاتی قەتەری کرد بۆ رۆڵی سەرەکی لە نێوەندگیرییەکەدا. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی سعوودیە و تورکیای کرد کە هاوکار بوون لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە.
شەهباز شەریف ئاماژەشی داوە، بڕیار وایە لەم هەفتەیەوە نێوەندگیرەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئامادەکاری ئەنجام بدەن. ئەم گفتوگۆیانەی پێش جێبەجێکردن، بناغەیەک دەبن بۆ گفتوگۆ تەکنیکییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ مەراسیمی فەرمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا، کە کۆتایی بە شەڕی نێوان هەردوو وڵات دەهێنێت.