مشتومڕ لەسەر ئەرکان باش و گۆڕینی پارادایم لە سیاسەتی کوردیدا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان

مشتومڕ لەسەر ئەرکان باش و گۆڕینی پارادایم لە سیاسەتی کوردیدا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان

ئۆجەلان لە 1999 بەملاوە بە چەمکەکانی وەک “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” و “ئەنتەگراسیۆن”، ئیرادەی نەتەوەیی کوردی لاواز کردووە و دواجاریش تەسلیمی تورکەکانی دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێوەیەکی سەیر و شاراوە، سووکایەتی و ڕەتکردنەوە بە دژی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕەحمی کۆچ و ئەرکان باش بە وتارەکانیان بوونەتە ڕۆژەڤی کوردان. گەلی کورد لە سۆشیال میدیا کاردانەوەی زۆر توندی بەرامبەر هەردووکیان پیشانداوە. هەردووکیان ناچار بوون تا ڕادەیەک پاشەکشە بکەن و ویستیان خۆیان بۆ کورد ڕوون بکەنەوە.

کاردانەوەی کورد بەرامبەر بەو دوو کەسە، زۆر گونجاو بوو. بەڵام کێشەکە تەنیا ئەوە نەبوو کە ئەم دوو کەسە بەجۆرێک کوردیان کردبێتە ئامانج؛ کێشەکە ئەوە بوو کە کاتێک کورد کاردانەوەی بەرامبەر ئەم دوو کەسانە هەبوو، سووکایەتییە ڕاستەقینەکە بە شوناس و زمان و کۆمەڵگەی کورد لەبیرکرا؛ کە ئەویش بێگومان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ڕەنگە هەندێکتان بڵێن “ئەمە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە گرێ مەدەن”. بەڵام کێشەکە لە هەموو ڕوانگەیەکەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بیرۆکەکانی ئۆجەلانەوە هەیە.

وەرن با بە بابەتی “ئەو کەسەی کە زمانی دایکی کوردییە”ی “ئەرکان باش”ـەوە دەست پێ بکەین: کاتێک پرسیار لە ئەرکان باش کرا کە ئایا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی تورکیادا هاوپەیمانی لەگەڵ دەم پارتیدا پێکدەهێنن، وتی: “ڕەنگە لەسەر کاندیدێک ڕێک نەکەوین کە زمانی دایکیی کوردی بێت”. زاراوەی “زمانی دایکیی کوردییە” مانای چییە؟ زمانی دایکی کێ دەتوانێت کوردی بێت؟ بێگومان کورد. بە واتایەکی تر ئەرکان باش وتی: ئەگەر دەم پارتی کەسێکی کورد کاندید بکات، ئێمە پشتیوانیان ناکەین. دوای ئەوەی کە قسەکەی کاردانەوە نەرێنیی بەدواداهات، بە دوودڵییەوە قسەکەی ڕاست کردەوە. کێشەکە تەنیا تێڕوانینی هەڵەی ئەرکان باش نییە، بەڵکو پاشخانی عەقڵیەتێکە کە تەنانەت لە نائاگایی خۆشیدا، کورد وەک کۆیلە و غوڵام دەبینێت.

جگە لەوەش، ئەرکان باش تەنیا تورکێکی ئاسایی نییە؛ سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا (TÎP)ـە. لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2018دا وەک کاندیدی هەدەپە لە ئەستەنبوڵ بەربژێ کرا. هەروەها لە ساڵی 2023دا لەلایەن هەدەپەوە پشتگیریی لێکرا و زۆرێک لە کوردەکان لە ناوچە جیاجیاکان دەنگیان پێدا. بە گشتی پارتی کرێکارانی تورکیا و ئەرکان باش ناتوانن بەبێ دەنگی کوردەکان تاقە یەک کاندید لە هەموو تورکیا سەربخەن. دەیان هەزار کورد دەنگیان بە ئەرکان باش دا، بەڵام ئەرکان باش دەنگ بە کورد نادات.

ئێستا لێرەدا کێ بەرپرسیارە؛ ئایا ئەرکان باش یان کورد؟ بێگومان “هەدەپە ـ دەم پارتی” کە ڕێگە دەدات نەتەوەپەرستە شاراوەکانی تورک و دوژمنانی کوردی وەک ئەرکان باش هەڵبژێردرێن و ئەو عەقڵە سیاسیەی لە پشتیانەوەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، تاوانبارن. چونکە ئەرکان باش ئەو کەسەیە کە ئۆجەلان وەک برای سیاسی خۆی هەڵیبژارد و وەک هاوپەیمانی سیاسی دەستنیشانی کرد.

لە چاوپێکەوتنێکدا لە مانگی تەباخی 2025دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە ئەرکان باش گوتی: “سڵاوی من بە ئەرکان باش بگەیەنن. من ئەم پارتە نوێیەم بە ‘پارتی کۆماری دیموکراتیک’ پێناسە کردووە. من لێرە ئەم ناوەم لەناو هاوڕێکانمدا بڵاو کردۆتەوە، بەڵام هاوکات بە ئەرکان باش بڵێن؛ ئەم دەستپێشخەرییە تا یەکڕیزی ڕێکخراوەیی لەسەر بنەمای “پارتی سۆسیالیزمی دیموکراتیک” دەڕوات. ئێمە لەسەر بنیاتنانێکی وەها قسە دەکەین، پێشنیارێکیش لە ئەو سەبارەت بە ناوی حیزبەکە وەربگرن. ئێوە ئەمەشی پێ بڵێن و وەکوو پەیامێک لەگەڵ سڵاوی من بیگەیەنن بە ئەرکان باش، ئێوە دەتوانن تێکەڵ بە حیزبی نوێ ببن”. ئەرکان باش لەلایەن ئۆجەلانەوە هەڵبژێردرابوو. بەڵام کێشەکە تەنیا ئەمە نییە؛ کێشەکە لە پارادایمی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندایە کە هێزی سیاسی و جەماوەریی کورد (بە دەنگەکانیشیانەوە) لە ناو گەمەی تورکایەتیدا دەتوێنێتەوە.

ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا جەماوەری باکووری کوردستانی کردە بەشێک لە سیاسەتی تورکیا؛ سیاسەتێک کە تەنانەت خودی تورکەکانیش نەیانتوانی بیگۆڕن. هەڵوەشانەوەی دەهاپ کە لەسەر بنەمای داخوازییە کورد و کوردستانییەکان بنیات نرابوو و سەرهەلدانی سیاسیی ئەو زنجیرە حیزبانەی کە لە کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)ـەوە دەستی پێکرد ـ وەک دەتەپە، هەدەپە و دەم پارتی ـ پردی پەڕینەوە بەرەو تورکایەتی و تورکبوونن. چونکە ئەم پارتانە بۆ گەرەنتیکردنی مان و مەوجوودییەتی کورد کار ناکەن، بەڵکوو لەپێناو گەرەنتی کردنی یەکپارچەیی تورکیا دەجووڵێنەوە.

پارتە کوردییەکان لەژێر ناوی “هاوسەرۆکایەتی”دا، بۆ بەڕێوەبەرە چەپەکانی تورکیا کرانەوە. کەسانی وەک فیگەن یوکسەکداغ، تولای هاتیمۆغوڵاری و میتحەد سانجار بوون بە نوێنەری ڕاستەوخۆی لایەنی تورک. زۆر کەسی بێدەنگ بە دەنگی ڕاستەقینەی کوردەوە چوونە ناو پەرلەمان، بەمەش پاراستنی “یەکێتی نەتەوەیی” تورکیایان گەرەنتی کرد. ئاساییە کە پارتە سیاسییەکانی تورکیا لەلایەن تورکەکانەوە بەڕێوەدەبرێن؛ بەڵام ئەم پارتانەش کە ئیدیعای ئەوە دکەن کەوا حیزبی سیاسیی کوردن و لە درێژەی هەدەپەوە هاتوون، بەم شێوەیە لەلایەن تورکەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

لە وەڵامی ئەو کاردانەوەیەدا، ئەرکان باش ڕایگەیاند کە “کەسێکە باوەڕی بە برایەتیی گەلانی تورک و کورد هەیە”. لە ڕاستیدا ئەم لێدوانە بە تەنیا خۆی بەسە؛ ئەو باوەڕی بە برایەتی کورد و تورک هەیە، بەڵام دەنگ بە مافەکانی کورد نادات. دەرئەنجامەکەی ئەمەیە: مەسەلەکە ئەوە نیە کە کورد وەک برایەک نابینین، بەڵکوو ئامادە نین وەک نەتەوەیەکی خاوەن مافی چارەی خۆنووسین بیبینن. ئەوەی دیکە هەمووی پڕوپاگەندەیە. ئەرکان باش نوێنەرایەتی پرۆفایلی برایەتی و هاوڕێیەتی چەپگراکان دەکات کە ساڵانێکە پەکەکە بەسەر کوردانی باکووری کوردستاندا فەرزی دەکات.

وتەیەکی کوردی هەیە دەڵێ: “بە کەر نەدەوێرا لە کورتانی دەدا”. ئەم قسە کوردیە سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕەخنە لە ئەرکان باش دەگرن بەڵام کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ناوێرن پێی بڵێن کە “تۆ ئێمەت بەم دۆخە گەیاندووە”.

کوردانی ئازیز و هێژا، لە ئەرکان باش توڕە مەبن؛ ئەو نوێنەرایەتی ناسنامەی خۆی دەکات. کێشەکە لە پارادایمی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندایە کە لە ساڵی 1999 بەملاوە بە چەمکەکانی وەک “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک”، “تورککردن” و “ئەنتەگراسیۆن”، ئیرادەی نەتەوەیی کوردی لاواز کردووە و دواجاریش تەسلیمی تورکەکانی کردووە. ئەوەی کە ئەرکان باش (کە بە دەنگی کورد هەڵبژێردرا) دەنگ بە کورد نادات، دەرئەنجامی ئەم پارادایمەیە. ئێستاش هەموو ئەو چەپگرا تورکانەی کە بە وشەی “برایەتی گەلان” لە دەوری کورد کۆدەبنەوە، بۆ یارمەتیدانی کورد و پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد نییە؛ بەڵام بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی تورکیایە کە لە تەنیشت کورد جێدەگرن. سەرکردەی ئەم ڕێبازەش کە کورد بەرەو تورکبوون دەبات، شەخسی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.

Share