پەرلمانی تورکیا بڕیار لەسەر چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەدات

بڕیارە لە مانگی تەممووزدا پڕۆژەیاسایەکی چوارچێوە بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە بخرێتە بەردەم پارلمانی تورکیا.
حکوومەتی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە ئامادە دەکات و بڕیارە دوای لووتکەی ناتۆ بیخاتە بەردەم پەرلەمان، جێبەجێکردنیشی بەستراوەتەوە بە دڵنیابوون لە چەکدانانی تەواوەتیی رێکخراوەکە.
بەپێی هەواڵێکی “BBC Turkish”، حکوومەتی تورکیا ئامادەکاری بۆ هەنگاوێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی دەکات و بڕیارە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا پڕۆژەیاسایەکی چوارچێوە بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە پێشکەشی پەرلەمان بکات.
پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیاساکە لە 10 بۆ 11 بڕگە پێکبێت، بڕیاریشە دوای لووتکەی ناتۆ لە 7 و 8ی تەممووز بخرێتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پێش وەرزی پشووی هاوینە پەسەند بکرێت.
جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بە مەرجێکی سەرەکی بەستراوەتەوە، ئەویش پشتڕاستکردنەوە و دڵنیابوونەوەیە لە چەکدانانی تەواوەتیی پەکەکە.
لە ناوەڕۆکی یاساکەدا هاتووە:
ـ ماوەی یەک ساڵ بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە دیاری دەکرێت
ـ ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە و دەستیان لە تاواندا نەبووە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە کاری سیاسی قەدەغە دەکرێن.
ـ ئاسانکارییەکان تەنیا ئەندامانی ئاسایی دەگرێتەوە و سەرکردەکانی پەکەکە لەم چوارچێوەیە بەدەر دەبن.
ڕەوشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئیمرالی
لەبارەی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پەکەکەدا؛ حکوومەتی تورکیا پێدانی هەر پێگەیەکی فەرمی یان سیاسی رەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە ئۆجەلان وەک سزادراوێک لە زیندانی ئیمراڵی دەمێنێتەوە، بەڵام رەنگە رێگە بە رۆژنامەنووسان و ئەکادیمییەکان بدرێت چاویان پێی بکەوێت.
رەوش لە مەیدان؛ زاپ و قەندیل
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، هەندێک نیشانەی پاشەکشە و چۆڵکردنی ناوچەکان لەلایەن گەریلاوە لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا، گارا و قەندیل بینراوە، بەڵام ئاکپارتی پێی وایە ئەم هەنگاوانە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستێکی دڵخۆشکەر و چاوەڕێی کرداری رژدتر دەکەن پێش چوونە بواری جێبەجێکردنی یاساکە.
مێژوی پرۆسەکە
پڕۆژەیاساکە بە جۆرێک داڕێژراوە ئەگەر بارودۆخی ناوچەکە گونجاو بێت، تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت.
هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت. ئەمەش بووە سەرەتای گەڕێکی نوێ لە دانوستانەکان و کردنەوەی دەرگایەک بۆ ئاشتی.
دواتر لە سەرەتای ساڵی 2025، ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد. وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، لە مانگی تەممووزی 2025 ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند و وازیان لە شەڕ هێنا.
لە ئێستاشدا، پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە کار لەسەر داڕشتنی یاسایەک دەکات بۆ رێکخستنی چۆنیەتیی چەکدانانی پەکەکە و گەڕانەوەی چەکدارەکان بۆ نێو ژیانی مەدەنی، هاوکات پرۆسەکە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی بووەتەوە لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەیدا.