هەڵاتن لە هەقێقەت: بۆچی ئۆجەلان لەبری ناوهێنانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، خۆی لە پشت دەستەواژە ئیدئۆلۆژیکەکانەوە دەشارێتەوە؟

هەڵاتن لە هەقێقەت: بۆچی ئۆجەلان لەبری ناوهێنانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، خۆی لە پشت دەستەواژە ئیدئۆلۆژیکەکانەوە دەشارێتەوە؟

کەڵک وەرگرتنی ئۆجەلان لە دەستەواژەی “هێزە سەرمایەداریەکان” لەبری تۆمەتبارکردنی ڕاستەوخۆی داگیرکەرانی کوردستان، هەوڵێکی ڕوونە بۆ دوورخستنەوەی سەرنج لە سەر دوژمنانی دۆزی ڕەوای کوردستان.

نوێترین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لە کۆنفرانسی ئیسلامی دیموکراتیک لە ئامەد خوێندرایەوە، جارێکی دیکە دەریخست کە زمانی سیاسیی ناوەندی ئیمرالی چەندە لە داخوازی نەتەوەیی و واقیعی ڕاستەوخۆی گەلی کورد لایداوە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا، بە هەمان شێوازی کلاسیکی چەپگەرای جیهانی، داوا دەکات “نابێ ئیسلام بکەوێتە خزمەت دەوڵەت و هێزە سەرمایەدارییەکان”. ئەم لێدوانە گشتی و تیۆریکیانە لەکاتێکدایە کە گەورەترین مەترسی لەسەر ئایین، ناسنامە، خاک و هەبوونی کورد، تەنها سەرمایەداری نییە، بەڵکوو ئەو سیاسەتی جینۆساید و ئاسیمیلاسیۆنەیە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە بە ناوی ئیسلام بەڕێوە دەچن.

لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری سەرهەڵدەدات و ئەویش ئەوەیە کە بۆچی ئۆجەلان بە ڕاشکاوی ناڵێت “نابێ ئیسلام ببێتە ئامرازی دڕندەیی بەدەست دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریاوە”؟ لە واقیعی مێژوویی و ڕۆژانەدا، فڕۆکە و درۆنەکانی دەوڵەتی تورک بە دروشمی ئایینی و نەتەوەیی گوندەکانی ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان بۆردومان دەکەن، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوی “شەرع”ـەوە لاوانی کورد لە سێدارە دەدات، ڕێژێمە بەعسییەکانیش بە ناوی دین وئەنفالەوە کۆمەڵکوژیی دژی ئەم گەلە ئەنجام دەدەن. لە وەها سەردەمێکدا کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی “هێزە سەرمایەداریەکان” لەبری تۆمەتبارکردنی ڕاستەوخۆی ئەم چوار دەوڵەتە داگیرکەرە، هەوڵێکی ڕوونە بۆ دوورخستنەوەی سەرنج لە سەر نزیکترین و ڕاستەوخۆترین دوژمنانی دۆزی ڕەوای کوردستان.

ئەم شێوازە بەرگرییە کە ئۆجەلان ساڵانێکە لە زیندان پەرەی پێداوە، تا دێت زیاتر لەگەڵ کاردانەوەی ڕۆشنبیران و نیشتمانپەروەرانی کورد بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئەم هەوڵانەی ئۆجەلان وەک گەمەیەکی بێسوودی تیۆریک دادەنرێت کە تیایدا لەکاتێکدا ناوچەکە بەرەو شەڕ و ماڵوێرانی دەڕوات، بەڵام سەرۆکی پەکەکە لەبری ئەوەی لێدوان لەسەر پاراستنی سنوور و قەوارەی نەتەوەیی کورد بدات، ئەو پرسە دەباتە ئاستێکی جیهانی بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ناوچەکە و بەتایبەتی ئەنقەرە بپارێزێت. ئەم زمانی “سۆسیالیستی کلاسیک”ـەی کە لەسەر مێزی ئیمرالی بەکاردەهێنرێت، جگە لە بێچەککردنی هزری کۆمەڵگەی کوردی لە بەرامبەر ڕاستەوخۆترین هەڕەشەکان کە لەسەر سنوورەکان و لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدەن، هیچ دەرەنجامێکی دیکەی نییە.

Share