بۆ یەکڕیزی دەبێ چی بکەین؟

چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان، تەنیا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورددا تێپەڕ دەبێت.
✍️ بووبێ ئەسەر
من گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە چیتر نابێت ڕەخنە لە پەکەکە/دەمپارتی بگرین. چونکە ئەوان بۆخۆیان دەڵێن کە حیزبی کوردی نین و وەکوو حیزبێکی گەلان خۆیان دەخەنە ڕوو. دیارە لەخۆیدا هەڵوێست و بۆچوون و بارودۆخیان دەریدەخات کە خزمەتی کێ دەکەن.
شتێکی تریش ئەوەیە کە ئێمە ساڵانێکە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرین، بەڵام هیچ ئەنجامێکمان لێ وەرنەگرتووە. بێگومان لە زۆر ڕووەوە ئەو ڕەخنانە سوودی هەبووە. ئیدی پەکەکە بۆخۆی چیتر نکۆڵی لەوە ناکات کە لە خزمەت دەوڵەتانی داگیرکەردایە.
ئایا باشتر نابێت ئەگەر ئێمە وەک نەتەوەیەک، وەک تاک و کەسایەتی نیشتمانپەروەر، وەک نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد، دەست بکەین بە پێدانی ڕەخنەی بنیاتنەر بە حزبەکانی خۆمان کەوا خۆیان بە کوردستانی ناودەبەن؟
من پێم وایە ئێمە وێکڕا بە ڕەخنەی بنیاتنەر دەتوانین هەوڵبدەین و حزبەکانمان ناچار بکەین کە نوێنەرایەتییەکی کوردستانی لەژێر چەترێکی نیشتمانیدا بنیات بنێن.
کاتێک سەیری مێژووی کورد دەکەین، فەرهەنگ و کلتووری یەکڕیزی و پێکەوەکارکردنی کورد هەرگیز بەدی نەهاتووە. هەر بۆیە ناتوانن خۆیان و وڵاتەکەیان کوردستان ئازاد بکەن.
پەرشوبڵاوی و لێکترازانی ناو ماڵی کورد دەتوانێت ببێتە هۆی دابڕانی کورد. دەکرێت لاوازی و قەڵسیی حزبە سیاسییەکان بێت کە ناتوانن ببنە ئاڵترناتیڤێکی کوردستانی.
سەرنج بدەن کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕووخا، جگە لە کورد سەرجەم ئەو نەتەوانەی کە کۆلۆنی عوسمانیەکان، توانیان مافە ڕەواکانی خۆیان بەدەست بهێنن.
بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لەو سەردەمەدا ئاغا، سەرۆک عەسیرە و بنەمالە گەورەکانی کورد یەکگرتوو نەبوون، یەکڕیزیی خۆیانیان پێکنەهێنابوو، نەتەوەی کورد هەر بە داگیرکراوی مایەوە و ئەمجارەیان بوو بە ژێردەستەی تورکان.
زۆر ڕاپەڕین و بەرخۆدان لە دژی کۆماری تورکیا ڕوویدا، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون. چونکە یەکگرتوویی نەتەوەیی لە نێو کورددا نەبوو. هەر بۆیە هەموو ڕاپەڕین و سەرهەڵدانێک تەنها لە هەرێمەکەی خۆیدا سەریهەڵدا و بەوشێوەیەش شکستی هێنا. ئێمە دەزانین و زانراوە کە دوای شکستەکەش چییان بەسەر هات.
ئەمڕۆ بارودۆخی ئێمەی کورد هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕابردوودا نییە. هەرچەندە ئەو دوو کاتە لە یەکتریشەوە دوور نەبن، بەڵام جیاوازی گرنگ ئەوەیە لەو سەردەمەدا سەرۆک عەشیرەت و ئاغا و خانەدانەکانمان یەکگرتوو نەبوون، هەموویان پێکەوە شکستیان هێنا. بەڵام ئەمڕۆکەش حزبە کوردستانییەکانمان ناتوانن پێکەوە نوێنەرایەتییەکی کوردستانی پێکبهێنن، بۆیە ئەوانیش شکست دەهێنن.
ئەمڕۆکە هەمان شت دووبارە دەبێتەوە. وەک چۆن ئێمەی کورد لەو کاتەدا یەکگرتوو نەبووین و هەموومان پێکەوە تووشی شکست هاتین، ئێستاکەش لەبەرئەوەی کە حزبە کوردستانییەکانمان ناتوانن پێکەوە یەکێتییەکی نەتەوەیی پێکبهێنن، ئێمە وەک نەتەوەی کورد پێکەوە تووشی شکست دەبین.
پێویستە ئێمە هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کە سیستەمی ناتەبایی ناو ماڵی کورد هەڵوەشێنینەوە. هەتا ئەو سیستەمە هەڵنەوەشێتەوە، هیچ یەکگرتوویی و یەکڕیزییەک لەناو ماڵی کورددا پێکنایەت.
هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە گوێگرتنە لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد. ئەوان بەپێی تێبینی و پێشنیارە بنیاتنەرانەکانی خۆیان، دەسەڵات دەگۆڕن و ستەمکاران لەناو دەبەن و یەکگرتوویی و یەکڕیزی گەلان دادەمەزرێنن. بۆیە پێویستە ئیدی حزبەکانمان گوێیان لێبگرن، ڕەخنە و پێشنیارەکانیان لەبەرچاو بگرن بۆ ئەوەی پێکەوە خۆمان لەم سەرلێشێواوییە ڕزگار بکەین.
بۆیە دەبێ بتوانین بە یەک دەنگی و لەسەر بنەمای بنیاتنەر ڕەخنە لە حیزبە کوردستانییەکانمان و سەرکردە و کادیرەکانیان بگرین و کەموکوڕی و هەڵەکانیان بە شێوەیەکی مەعقول بنووسین بۆ ئەوەی بتوانین لە یەکتر نزیکیان بکەینەوە.
چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان تەنیا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورددا تێپەڕ دەبێت و بەدیهێنانی ئەمەش کار و خەبات پێویستە.