کامیەک لە ئەندامانی پەکەکە دەتوانن سوود لە یاسای نوێ وەربگرن؟

کامیەک لە ئەندامانی پەکەکە دەتوانن سوود لە یاسای نوێ وەربگرن؟

بەرپرسانی ئاکەپە: “یاسا نوێیەکە، ئۆجەلان و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە سزای هەتاهەتایی قورسیان بۆ بڕاوەتەوە”.

وردەکارییەکانی “یاسای چوارچێوە” کە لە ڕۆژەڤی پڕۆسەی چارەسەریدایە و زەمینە بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە خۆش دەکات، بەرە بەرە ئاشکرا دەبن. پڕۆژە یاساکە پێش ئەوەی پشووی پەرلەمانی تورکیا دەستپێبکات، دەردەچێت، بەڵام جێبەجێکردنەکەی مەرجدار دەبێت بەوەی کە پەکەکە چەک دابنێت.

بەپێی میدیای تورکیا، لە گەنگەشەکاندا بەناوی “سەرەتا چەکدانان، پاشان یاسا”دا، ڕێگایەکی ناوەڕاست دۆزراوەتەوە.

بەستنەوەی دەرکردنی یاساکە بە مەرجی چەکدانانەوە، ناڕەزایی دەم پارتی و ئیمرالیی لێکەوتبووەوە. لە ناو ئەو گەنگەشانەدا، دوای پەیوەندیی یەکینە ئەمنییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیمرالی و قەندیل، هەروەها دیدارەکانی ئاک پارتی لەگەڵ دەم پارتی، میتۆدێکی نوێ پەرەی پێدرا.

بەم پێیە بەرلەوەی پشووی هاوینەی پەرلەمانی تورکیا دەستپێبکات، “یاسای چوارچێوە” دەردەچێت، بەڵام جێبەجێکردنەکەی بە مەرجی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکەوە بەندە. سەرچاوەکانی ئاک پارتی وردەکاریی یاسا پێشنیارکراوەکەیان بۆ میدیای تورکیا ئاشکرا کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، میت و سوپای تورکیا سەبارەت بە ڕەوشی مەیدانی ڕاپۆرتێکی “پشتڕاستکردنەوە” ئامادە دەکەن و پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەکەن. هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بڕیارێکی پشتڕاستکردنەوە بەشێوازی “پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە، چەک دانراوە”، دەردەکات.

ئەگەر تاوانیان نەکردبێت سزا نادرێن

بەرپرسانی ئاکپارتی ڕایانگەیاندووە کە لۆژیکی یاساکە بەم شێوەیە:

“ڕێکخراوەکە هەڵبوەشێننەوە، چەکەکانتان دابنێن، ئێمەش ئەمە پشتڕاست دەکەینەوە، دواتر سوود لە یاساکە وەربگرن”.

تا میکانیزمی پشتڕاستکردنەوەکە نەڵێت “تەواو”، یاساکە جێبەجێ ناکرێت. بە گوتەی بەرپرسان، پێویستە لە بابەتەکانی وەک چەکدانان و چۆڵکردنی ئەشکەوتەکاندا ڕێژەی پێویست لانیکەم لەسەدا 80 بێت. کاتێک ئەم پڕۆسەیە تەواو بوو، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کەوا دەیانهەوێت بگەڕێنەوە، ئەگەر تاوانێکیان ئەنجام نەدابێت، سزا نادرێن.

لەو چوارچێوەیەدا ئەو بڕگەیەی یاسای سزادانی تورکیا کە دەڵێت “ئەگەر ئەندامێکی پەکەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا بەشداریی لە تاواندا نەکردبێت و بەشیوەی ئارەزوومەندانە ڕێکخراوەکەی بەجێهێشتبێت و ئەمەی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاگەیاندبێت، ئەوا سزا نادرێت”.

دۆسیەی زیندانەکان یەک بە یەک لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت

ئەو کەسانەش کە تاوانیان ئەنجامدابێت، لەبەر ئەوەی کە تۆمەتی “تیرۆر”یان لەسەر نامێنێت، سزای کەمتریان بەسەردا دەسەپێنرێت. سەرچاوەکانی ئاکەپە ڕایانگەیاندووە کە لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی یاساکە، دۆسیەی ئەندامانی پەکەکە لە زیندانەکاندا یەک بە یەک لەلایەن دادگاکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.

یاسا نوێیەکە ئۆجەلان ناگرێتەوە

سەرچاوەکانی ئاک پارتی ڕایانگەیاندووە کە هیچ دەستکارییەکی تایبەت بۆ دۆسیەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کادیرە پێشەنگەکانی دیکە ناکرێ و ڕاگەیەندرا:

 “کاتێک ڕەشنووسەکە ئامادە دەکرێت، لە بەسی چوارچێوە و پێناسەدا، بە خەتێکی زۆر ڕوون و زوڵاڵ دەنووسرێتەوە. بڕیارە ئەو کەسانەی کە سزای هەتاهەتایی قورسیان بۆ بڕاوەتەوە، هاوشانی ئۆجەلان، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم یاسایەدا بهێڵرێنەوە. بەشیوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە یاساکەدا دەنووسرێت کە ئەو کەسانەی لەسەر هەندێک تاوان سزایان بۆ بڕدراوەتەوە، لە دەرەوەی ئەم یاسایە دەمێننەوە”.

هەروەها بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) سەرنجیان بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشا کە زۆربەی سەرکردە باڵاکانی پەکەکە قەندیلیان بەجێهێشتووە و هەڵسەنگاندنی خۆیان بەم شێوەیە خستۆتەڕوو:

 “ئەم کەسانە بۆخۆیان نایەنەوە بۆ تورکیا، ئەگەریش بێن، بە سزای هەتاهەتایی توند دادگایی دەکرێن، چونکە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا دەمێننەوە”.

بەرپرسانی ئاکەپە دەستنیشانیشیان کردووە کە تا ئێستا ماوەیەکی ڕوونیان دیاری نەکردووە کە یاساکە هەتا چ ماوەیەک کارا دەبێت و بەم شێوەیە درێژەیان بە قسەکانیان داوە:

 “دیارە ئەمە ماوەیەکی درێژ نابێت. بۆ نموونە، بە ماددەیەکی کاتی دەتوانێ بگوترێ ‘ساڵێک یان شەش مانگ دوای پشتڕاستکردنەوە’. داوایان لێدەکرێت لەم ماوەیەدا داواکاری پێشکەش بکەن”.

سەرچاوەکانی ئاک پارتی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کەوا دەگەڕێنەوە، بۆ ماوەی 3-5 ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی دادوەریدا دەبن و لەو ماوەیەدا نە دەتوانن ببنە فەرمانبەر لە هیچ دامودەزگایەکی گشتیدا و نە دەتوانن چالاکیی سیاسی بکەن.

Share