ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە گوندەوارەکانی ڕەققا، 10 گەنجی کورد دەستبەسەر کران

سۆهر: دەستبەسەرکردنە یەک لە دوای یەکەکان نیشانەی زیادبوونی فشار و هەنگاوی سیستماتیکە لەدژی کۆمەڵگەی کورد لەو ناوچانەدا.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە “حکومەتی ئینتقالی”ی سووریا لانیکەم 10 گەنجی کوردیان لە گوندەوارەکانی ڕەققا دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن ڕوانگەی سووریەوە بڵاو کراونەتەوە، ڕووداوەکە ئەمڕۆ 4/7/2026 لە خاڵێکی پشکنینی شارۆچکەی کەرامێ لە گوندەواری ڕەققا ڕوویداوە. باس لەوەشکراوە، ئەو گەنجە دەستگیرکراوانە خەڵکی هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان بوون و لەکاتی ڕووداوەکەدا لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەرەو پارێزگای حەسەکە لە ڕێگادا بوون.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریا تەنها گەنجەکانیان دەستبەسەر کردووە و کاریان بە ژنان و پیاوانی بەساڵاچوودا نەبووە، بەڵام ئەو کارەیان ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای بنەماڵەی دەستبەسەرکراوەکان دروست کردووە. هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو گەنجانە لەلایەن بەرپرسانەوە ئاشکرا نەکراوە.
داخوازیی خێزانەکان و زیادبوونی فشارەکان
دوابەدوای ئەو ڕووداوە، کەسوکاری گەنجە دەستبەسەرکراوەکان داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان و ئازادکردنی دەستبەجێیان، هەنگاو بنێن.
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر (لە 1ی تەمووز)دا، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریا، هەڵمەتێکی هاوشێوەیان لە شارۆچکە کوردستانییەکانی تل ئەران و تل حاسڵ لە گوندەوارەکانی حەلەب ئەنجامدابوو و لەوێش 10 گەنجی کوردیان دەستبەسەر کردبوو.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR)، سەرنج دەخاتە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییە و هۆشداری دەدات لەوەی کە دەستبەسەرکردنە یەک لە دوای یەکەکان نیشانەی زیادبوونی فشار و هەنگاوی سیستماتیکە لەدژی کۆمەڵگەی کورد لەو ناوچانەدا.