گرێی چەکدانان؛ ئایا ناڕازیبوونی پەکەکە، “پرۆسەی ئاشتی” بەرەو تەقینەوە دەبات؟

گرێی چەکدانان؛ ئایا ناڕازیبوونی پەکەکە، "پرۆسەی ئاشتی" بەرەو تەقینەوە دەبات؟

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەرکردەکانی پەکەکە یەک لە دوای یەک لە میدیاکان دەردەکەون و هەڵسەنگاندنی خۆیان دەربارەی پرۆسەکە ڕادەگەیەنن و پەیام بۆ دەوڵەت دەنێرن.

مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی پەکەکە (Medya Haber TV)دا بەشداریی کرد و هەندێ هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە تورکیا، پرۆسەی چارەسەری وڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و هەروەها یادێکیشی لە عەلی حەیدەر قەیتان کردەوە کە لەلایەن خودی پەکەکەوە تەسفیەکرابوو.

لە سەرەتای قسەکانیدا مستەفا قەرەسو باسی لە عەلی حەیدەر قەیتان لە بەڕێوەبەرانی دامەزرێنەری پەکەکە کرد و وتی: عەلی حەیدەر قەیتان ڕۆحی تەڤگەرەکە بوو، ئێمە بەڕیزەوە یادی 9 ساڵەی شەهیدبوونی هەڤاڵ فوئاد دەکەینەوە.

عەلی حەیدەر قەیتان کەوا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی ئەو حیزبەش بوو، ساڵی 2017 لەلایەن خودی پەکەکەوە لە باشووری کوردستان تەسفیەکرا. دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵ ئەوجا پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانی ناوبراوی بڵاوکردەوە و وتی شەهید بووە.

پێگەی دارکا مازی چیرۆکی تەسفیەکردنی قەیتانی لەگەڵ کات و شوێن و بەڵگەنامەکاندا بڵاوکردبۆوە.

پرۆسەکە و ئۆجەلان

قەرەسو لە هەڵسەنگاندنەکانیدا باسی لە پرۆسەی چارەسەرکردن و پێگەی ئۆجەلانی کرد و وتی: نزیکەی مانگ و نیوێکە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئۆجەلان پێکنەهاتوە، هەرچەندە ئۆجەلان لە 24ی ئایاردا ڕەشنووسی یاسایەکی پێشنیار کردبوو.

هەروەها ڕەخنەی لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورک گرت و ڕایگەیاند کە لایەنی تورکیا مەسەلەی ئاشتی تەنیا لە “چەکدانان”دا دەبینێت و تەڤگەری ئێمە، پارتە سیاسییەکانی وەک دەم پارتی، ئاگاداری هیچ ڕێککەوتنێکی یاسایی فەرمی نین.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەرکردەکانی پەکەکە یەک لە دوای یەک لە میدیاکان دەردەکەون و هەڵسەنگاندنی خۆیان دەربارەی پرۆسەکە ڕادەگەیەنن و پەیام بۆ دەوڵەت دەنێرن.

ڕۆژی ڕابردووش موراد قەرەیلان لەسەر هەمان بابەت قسەی کرد و وتی: هەموو شتێک پەیوەستە بە ئازادیی ئۆجەلانەوە و ئیدیعاکانی لاوازبوونی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە 3 بۆ 4 هێندە زیاتر لە پێشوو، توانای وەڵامدانەوەی هێرشەکانیان هەیە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەبێ گۆڕینی بارودۆخ و پێگەی ئۆجەلان و بەبێ ئازادکردنی ئۆجەلان، یەک گەریلاش چەک دانانێت.

حکومەتی تورکیا پڕۆژە یاسایەکی نوێ ئامادە دەکات کە ئامانجەکەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە. بڕیارە ئەم “یاسای چوارچێوە” دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.

پڕۆژە یاساکە لە 10 بۆ 11 خاڵ پێکهاتووە. جێبەجێکردنی ئەم یاسایە پەیوەستە بە مەرجێکی سەرەکییەوە؛ کە ئەویش پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی تەواویەتی پەکەکەیە. ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە ئەم خاڵە سەرەکیانە لەخۆدەگرێت:

ـ بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە ماوەی یەک ساڵ دیاری کراوە.

ـ ئەوانەی دەگەڕێنەوە ئەگەر هیچ پێشینەیەکی تاوانیان نەبێت، دەستگیر ناکرێن، بەڵام بۆ ماوەی 5 ساڵ چالاکیی سیاسییان لێ قەدەغە دەکرێت.

ـ ئەم ئاسانکارییە تەنها ئەندامانی ئاسایی دەگرێتەوە؛ سەرکردەکانی پەکەکە لەم یاسایە بێبەرین.

دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئیمرالی

سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، حکومەتی تورکیا هەر جۆرە پێگەیەکی فەرمی و سیاسی ڕەتدەکاتەوە. بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایە ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالیدا بە بەندکراوی دەمێنێتەوە، بەڵام ڕەنگە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمیستەکان بدرێت سەردانی بکەن.

بارودۆخی مەیدانی: زاپ و قەندیل

سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک نیشانەی کشانەوەی گەریلا لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا، گارە و قەندیل بەدی کراوە. بەڵام ئاکەپە باس لەوە دەکات کە ئەم هەنگاوانە هێشتا لە ئاستی خوازراودا نین و چاوەڕێی کردەوەی ڕاستەقینە و جددیترن پێش ئەوەی یاساکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

مێژووی پرۆسەکە

ئەم قۆناخە نوێیە دوای بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆتایی ساڵی 2024دا دەستی پێکرد، سەرەتای ساڵی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا داوای چەکدانانی پەکەکەی کرد و وەک هەنگاوێکی ڕەمزی، لە مانگی تەمموزی 2025دا کۆمەڵێک گەریلای پەکەکە لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان، چەکەکانیان سووتاند و دەستبەرداربوونی خۆیان لە شەڕ ڕاگەیاند.

Share