لە ئامەد بۆ ئازادکردنی ئەندامانی تەڤگەری ڤەژین، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەچوو

فەرید ئازاد بە هەڵوێستی بەرگریکردن لە زمانی کوردی ناسراوە و پێشتریش هەر بەوهۆیەوە دەستبەسەر کراوە.
تەڤگەری ڤەژینی کوردستان لە بەردەم مزگەوتی گەورە و مێژوویی لە ناحیەی سوری ئامەد، لە پیناو ئازادکردنی ئەندامانی فەرید ئازاد و فایق تەیران، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا داوا کرا کە ئەو دوو ئەندامەی بزووتنەوەکە کەوا لە ڕێکەوتی 10ی حوزەیرانەوە دەستبەسەر کراون، بە زووترین کات ئازاد بکرێن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە، لە ڕۆژی 10ی حوزەیراندا، هەریەک لە فەرید ئازاد و فایق تەیران دوای ئەوەی کە پاش دەستبەسەرکردنان ئازاد کرابوون، لە بەردەم دادگای ئامەددا جارێکی دیکە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرانەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو دوو ئەندامەی بزووتنەوەکە، کاتێک ویستوویانە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هەواڵی ئازادکردنیان بە بنەمالە و کەسوکارەکانیان ڕابگەیەنن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکراوە. پۆلیس ئیدیعای کردووە کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەکانیانەوە وێنە و ڤیدیۆی دادگاکەیان تۆمار کردووە. هەروەها ڕاگەیەندرا کە لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەدا، بەرامبەر بە ئاخاوتنەکەی فەرید ئازاد بە زمانی کوردی، مامەڵەی نەشیاو و بێڕێزی کراوە.
سەبارەت بەو پرسە، پسپۆڕانی یاسایی سەرنجیان بۆ هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە ڕاکێشا و ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژێکدا چەندین جار لە بەردەم دادگای ئامەددا مۆبایل بەکاردەهێنرێت و وێنە دەگیرێت و لێدوانی ڕۆژنامەوانی دەدرێت. بۆیە شارەزایانی یاسایی باس لەوە دەکەن کە ئیدیعاکانی پۆلیس بۆ دەستبەسەرکردنەکە دوورن لە ڕاستییەوە.
شایانی باسە فەرید ئازاد بە هەڵوێستی بەرگریکردن لە زمانی کوردی و ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی ناسراوە و پێشتریش بەهۆی ئەو پۆستانەی لە سۆشیال میدیا سەبارەت بەو بابەتانە بڵاویکردۆتەوە، دەستبەسەر کراوە.