پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: ئێمە بە ڕێزەوە یادی عەلیشێر بەگ و زەریفە خانم بەرز ڕادەگرین

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: ئێمە بە ڕێزەوە یادی عەلیشێر بەگ و زەریفە خانم بەرز ڕادەگرین

PWK: “لە 89 ساڵەی شەهیدبوونیاندا، بە ڕێز و شکۆمەندییەوە یادی عەلیشێر بەگ و زەریفە خانم و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەرز ڕادەگرین”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، بەبۆنەی 89 ساڵەی تیرۆرکردنی سەرۆک و ڕێبەری نەتەوەیی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد کۆچگرییەوە، عەلیشێر بەگ و زەریفە خانمی هاوسەری، پەیامێکی بیرهێنانەوەی بڵاوکردەوە.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی خۆیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9/7/2026، بڵاوی کردەوە، سەرنجی خستۆتە سەر بەرخۆدانی مێژوویی ئەو دوو سەرکردەیەی کورد و ڕایگەیاندووە:

“عەلیشێر بەگ سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەیی کۆچگری و زەریفە خانمی هاوسەری، خەباتکار و کادیری پێشەنگی بزووتنەوەکە، دوای شکستی بزووتنەوەی کۆچگری، خۆیان تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا نەکرد و ساڵانێک لە چیاکانی دێرسیم ژیان”.

“بە خیانەت شەهید کران و شوێنی گڵکۆکانیان دیار نیە”

لە پەیامەکەی PWKدا، وەبیر هێنراوەتەوە کە دەوڵەتی تورکیا، لە کاتی ئامادەکارییەکانیدا بۆ جینۆسایدی بەربڵاو لە دێرسیم، وەک هەنگاوی یەکەم ئەو دوو سەرکردەیەی کردبووە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بەم شێوەیە باسکراوە: “کەسێک بە ناوی زەینەل کە هاوڕێی عەلیشێر بەگ و سیخوڕی دەوڵەتی تورک بووە، لە 9ی تەمموزی ساڵی 1937دا ئەم خیانەتەی ئەنجامداوە. عەلیشێر بەگ و زەریفە خانم لە لایەن ئەو سیخوڕەوە شەهیدکراون و سەریان بڕدراوە بۆ ئەوەی کە ڕادەستی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بکرێن”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی 89 ساڵ، هێشتا شوێنی گڵکۆی عەلیشێر بەگ و زەریفە خانم نادیارە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە ڕێزەوە یادی ئەوانی بەرز ڕاگرتووە و ڕایگەیاندووە: “لە 89 ساڵەی شەهیدبوونیاندا، بە ڕێز و شکۆمەندییەوە یادی عەلیشێر بەگ و زەریفە خانم و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەرز ڕادەگرین”.

Share