شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

شاندەکە دواجار لە 24ی ئایاری رابردوودا چاوی بە ئۆجەلان کەوتبوو.
بڕیارە شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی پێنجشەممە 23/7/2026، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەردانی گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی بکات.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکە لەگەڵ ئۆجەلان، شاندەکە راگەیاندراوێک لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان بۆ رای گشتی بڵاو بکاتەوە.
شاندەکە دواجار لە 24ی ئایاری رابردوودا چاوی بە ئۆجەلان کەوتبوو؛ بەمەش سەردانی ئەمجارە دەبێتە یەکەمین دیداری نێوان هەردوولا دوای دابڕانێکی نزیکەی دوو مانگی.
ئەم بڕیارە بۆ رێگەدان بە سەردانیکردنی ئۆجەلان دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا شاندی ئیمرالیی دەم پارتی زنجیرەیەک دیداری چڕی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەویی (مەهەپە) لە ئەنقەرە کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و اکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک بە “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، چاوەڕێی پرۆژەیاسایەکی تایبەتە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەیان. ئەو پرۆژەیاسایە لەسەر بنەمای راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەنووسرێتەوە کە لە مانگی شوباتی 2026 پێشکێشی پەرلەمان کرا.