دەم پارتی: گۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور، لە کارنامەی ئێمە و ئۆجەلاندا نییە

دەم پارتی: گۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور، لە کارنامەی ئێمە یان ئۆجەلاندا نییە

ڕەخنەکان لە پەکەکە و ئۆجەلان سەبارەت بەوەی کە لە پرۆسەی ئاشتیدا هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و یاسایی بۆ کورد داوانەکراوە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

17 مانگ بەسەر بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ “هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە” تێدەپەڕێت. لەم پرۆسەیە، لە کاتێکدا کە حکومەتی ئەنقەرە ئامانجی خۆی بە “تورکیایەکی بێ تیرۆر” پێناسە کرد، پەکەکە سەرنجی لەسەر پرسی “دیموکراتیزەکردن” بوو. بەڵام دەرکەوت کە هیچ هەنگاوێکی جددی سەبارەت بە ماف و داخوازییە تایبەتەکانی کورد نەنراوە. لەم دواییانەدا ساروهان ئۆلوچ پەرلەمانتاری ئەنقەرەی دەم پارتی، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ داواکارییەکیان بۆ گۆڕینی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا نییە.

دەم پارتی لەم دواییانەدا کۆبوونەوەی ئاگادارکردنەوەی لەگەڵ ژمارەیەکی سنووردار لە ڕۆژنامەنووسان لە ئەنقەرە ئەنجامدا. ئەم کۆبوونەوەیە کە بەبێ گرتنی وێنە و تۆماری دەنگی بەڕێوەچوو، دواتر لەلایە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری کەناڵی ڕووداوی باشووری کوردستانەوە بەدواداچوونی بۆ کرا و وردەکارییەکانی بووە بە بابەتی وتارێک. لە کۆبوونەوەکەدا، ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی و تەیێب تەمەلی، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی و ساروهان ئۆلوچ پەرلەمانتاری ئەنتالیای حیزبەکە ئامادەبوون و چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئەم قۆناغەیان وەک “پرۆسە” تاوتوێ کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە کۆبوونەوەکەدا دەرکەوتوون، ڕێبازی دەم پارتی زیاتر لەسەر کەمکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی کورد دامەزراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو گۆڕانکارییە یاساییەی کە باسی لێوە دەکرێت زۆر سنووردارە و تەنیا لەو خاڵەدا دەوەستێت کە ئەندامانی پەکەکە دەتوانن بەبێ جیاوازی لە شاخەوە دابەزن. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە هیچ پڕۆژەیەکی هەمەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی “پرسی کورد” لەسەر مێز بوونی نییە.

ڕۆژنامەنووس شەوکەت هەرکی لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە نزیکبوونەوەی دەم پارتی و ئۆردوگای ئیمرالی نە لەسەر بنەمای “یاسای تەوبەکردن”ـە و نە لەسەر بنەمای “لێبوردنی گشتی”یشە. بەپێچەوانەوە داوا دەکەن چوارچێوەیەکی یاسایی تۆکمە ئامادە بکرێت کە بەبێ گوێدانە جیاوازی نێوان بەڕێوەبەران و شەڕڤاناندا، بتوانێت هەموو ئەندامان و کادیرانی ڕێکخراوەکە لەخۆبگرێت.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە لێدوانی ڕوون و ئاشکرای ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی بوو. ئۆلوچ ئەو بانگەشانەی ڕەد کردنەوە کە لە ناو ڕای گشتیدا سەبارەت بە “موزایەدەی دەستووری” دەکرێن و وتی: “هیچ گۆڕانکارییەک لە چوار ماددەی یەکەمی دەستووری بنەرەتیدا لە کارنامەی ئێمەدا نییە. ئۆلوچ ڕایگەیاند کە نە حکومەت داواکارییەکی لەو شێوەیەی لە کۆبوونەوەکاندا دەربڕیوە و نە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانی ئیمرالیدا لە بەرنامەی کاردا بووە.

نەگۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا، لە نێو چالاکانی سیاسیی کورددا وەک درێژەدان بەو سیستەمەی ئێستا لێکدەدرێتەوە کە ماوەی سەدەیەکە بەڕێوەدەچێت. بۆیە ڕەخنەکان لە پەکەکە و ئۆجەلان سەبارەت بەوەی کە لەم دانوستانانەدا هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و یاسایی بۆ کورد داوانەکراوە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. دەم پارتی و میدیاکانی نزیک لە خۆی هەوڵی بێکاریگەرکردنی ئەو ڕەخنانە دەدەن، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییانە، ڕاستی نوێیان ئاشکرا کردووە.

لە کۆتاییدا، مرۆڤ ئەوەی وەبیر دێتەوە کە خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، لە پەیامەکەی 27ی شوباتی 2025دا کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان دەکات، ڕایگەیاندبوو کە داخوازییە کلاسیکییەکانی (وەک سەربەخۆیی، فیدراڵیزم و خۆسەری یان ئۆتۆنۆمی) بۆ کورد بوونیان نییە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە نەتەوەپەروەریی ڕادیکاڵ و سیستەمی ئیداریی جیاواز ناتوانن وەڵامی سۆسیۆلۆژیی مێژوویی بدەنەوە. هەروەها دوایین کۆبوونەوەی دەم پارتی بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە داخوازییە دەستوورییەکان بۆ مافەکانی کورد، لە قۆناغی ئێستادا هەرگیز لە بەرنامەی کاردا نەبوون.

Share