پەکەکەی هەڵوەشاوە مەرجەکانی خۆی ڕاگەیاند: بەبێ ئازادی ئۆجەلان، یاسای چوارچێوە بێ مانایە

پەکەکەی هەڵوەشاوە مەرجەکانی خۆی ڕاگەیاند: بەبێ ئازادی ئۆجەلان، یاسای چوارچێوە بێ مانایە

پەکەکە: “یاسایەک ئەگەر ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ لەخۆ نەگرێت، ئەوا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و بە واتای تێکدانی پرۆسەکە دێت”.

سەرکردایەتی پەکەکەی هەڵوەشاوە ڕایگەیاند؛ دەبێ یاسایەک دەربکرێت کە لە سەرکردایەتییەوە هەتا گەریلاکان، هەمووان تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراتیک بکات و دەڵێ: “چارەسەر بە ئیرادەی تاکلایەنە و فەرز کردن نابێت”.

سەرکردایەتی ڕێکخراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە کە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ “تەڤگەری ئاپۆیی”، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تەمموزی 2026، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

تەڤگەری ئاپۆیی دەڵێت: “بەپێی سروشتی ئەو پرسەی کە بڕیارە چارەسەر بکرێت، پێویستە یاسایەک دەربکرێت کە هەمووان لە سەرکردایەتییەوە تا شەڕڤانان لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بەشدار بکات کە ئازادی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی تەواوی هەبێت”.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بڕیار بێت یاسایەکی چوارچێوەی پێویست بۆ پرۆسەی چارەسەری دەربکرێت، ئەوە بە ئیرادەی تاکلایەنە و سەپاندن ناتوانرێ بەدی بهێنرێت، بەڵکوو بە ڕێککەوتنی بۆچوونەکانی هەر دوو لایەنەکە دەکرێ.

هەروەها تەڤگەرەکەی ئاپۆ باسی لەوەش کردووە کە پێویستە ئەو بۆچوون و پێشنیارانەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکەشی کردوون، لەبەرچاو بگیرێن و دەشڵێ: “پێویستە خوڵقاندنی هەلومەرجی ئازاد بۆ ئاپۆ، لە ڕێگەی یاسایەکەوە بێتەدی”.

ڕێکخراوی پەکەکە سەبارەت بە یاسای چوارچێوە گوتوویەتی: هەندێک کەسایەتی نزیک لە ئاکەپە ڕایانگەیاندووە، لەم یاسای چوارچێوەدا هیچ بڕگەیەک سەبارەت بە ئاپۆ نابێت و کادیرانی سەرکردایەتی لە دەرەوەی ئەم یاسایە دەمێننەوە. یاسایەک ئەگەر ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ لەخۆ نەگرێت، ئەوا یاسایەک دەبێت کە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بە ڕوونی ماناکەی تێکدانی پرۆسەکە دەبێت.

Share