لە سووری ئامەدەوە هەتا بسملێ: ساتەوەختی ئاشکراکردنی پلانی تێکەڵکردن و تەسلیمبوون

لە سووری ئامەدەوە هەتا بسملێ: ساتەوەختی ئاشکراکردنی پلانی تێکەڵکردن و تەسلیمبوون

هەندێک بەڵگەنامە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە کە باس لە پەیوەندی و دڵسۆزی قووڵی ئۆجەلان بۆ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا دەکەن.

پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ “تورکیای بێ تیرۆر”، ڕاستییەکانی پشت پەردەی ئاشکرا کرد. ئەم هاوکارییە نوێیە و لێکنزیکبوونەوەی خێرایە نیشانی دەدات کە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەوڵەت و ئایدۆلۆژیای مەهەپەدا ڕووی نەداوە؛ بەپێچەوانەوە ئەو هێڵەی گۆڕاوە و وردە وردە لە سیاسەتی فەرمی دەوڵەت نزیک دەبێتەوە، پەکەکە و خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەریەتی.

ئەو پڕۆسەیەی کە بە ڕێگای شاندی دەم پارتی و پەیامەکانی ئۆجەلان دەستیپێکرد، لە سروشتی خۆیدا گۆڕانکارییەکی کتوپڕ نییە. ئەم دۆخە دەرئەنجامی چەندین ساڵ سیاسەتە کە بە ناوی “چارەسەری”یەوە، کاریگەریی داواکارییە نەتەوەیی و ڕەواکانی گەلی کورد لەناو دەبات و ڕێگای ئاسمیلاسیۆن و تواندنەوە بەهێزتر دەکات.

دوای هەڵواسینی وێنەکانی باخچەلی و ئاڵای مەهەپە لەسەر دیوارەکانی شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان کە هێمای بەرخۆدانی مێژوویی شێخ سەعید و یادی هەزاران شەهیدی سوورخەڵاتە، ئەمجار هەمان ئاڵا لەسەر پردی بسملێ هەڵکرا. ئەم دیمەنە لەلایەن جەماوەری کوردەوە وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی شکۆی نەتەوەیی و هێمای تەسلیمبوون لەقەڵەمدەدرێت.

لە هەمان کاتدا بڵاوبوونەوەی هەندێک بەڵگەنامە لە سۆشیال میدیا کە باس لە پەیوەندی و دڵسۆزی قووڵی ئۆجەلان بۆ دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، گومان و گفتوگۆکانی لەبارەی ڕۆڵی سیاسیی ئۆجەلان قووڵتر کردووەتەوە.

سەرەڕای ئەم پلانی هاوکارییە کە ئامانجی ناسەقامگیری و تواندنەوەی کۆمەڵگەی کوردە، هۆشمەندیی گشتیی گەلی کورد بەرەو هۆشیارییەکی نوێ هەنگاو دەنێت. ئەو سیاسەتەی کە دەیان ساڵە بووەتە هۆی قوربانیدانی گەورە و چۆڵکردنی گوندەکان و بریندار کردنی بەها نەتەوەییەکان، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵگەی کوردستان، بە تێپەڕاندنی ئەو گەمە و تاکتیکە تاریکانە، جارێکی دیکە لەسەر بنەمای هێڵێکی نەتەوەیی و دیموکراتیک خۆی ڕێکبخاتەوە و بەرپرسیارێتی داهاتووی خۆی بگرێتە ئەستۆ.

Share