لە 103 ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا، ئایدۆلۆژیای پۆست ـ ئیمرالیی ئۆجەلان: پڕۆژەی لۆزانی نوێی هەرێمی و میساقی میللی فراوانکراو

لە 103 ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا، ئایدۆلۆژیای پۆست ـ ئیمرالیی ئۆجەلان: پڕۆژەی لۆزانی نوێی هەرێمی و میساقی میللی فراوانکراو

ئۆجەلان پێشنیاری ئەوە دەکات کە تورک بۆ پاراستنی خۆیان و بەدیهێنانی هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پیویستە کورد بەکاربهێنیت.

لە 103هەمین ساڵوەگەڕەی پەیمانی لۆزاندا، ئەرکی کورد لە ناو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتوویان نیقاشی لەسەر دەکرێت. لە سیستەمێکدا کە بەردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شوێنی خۆیان سست بوون، ئایا کورد دیسان لەسەر دۆخی هەنووکەیی و کۆن بەردەوام دەبێت، یان مافی ناسنامە و خۆبەڕیوەبەری و چارەنووسی خۆی بەدەست دەهێنێت؟

لە کاتێکدا ئەم باسانە لە ئارادان، مەحاڵە هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتگوێ بخرێت. ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بەملاوە، لە ژێر ناوی “پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیی سێکسی”دا ڕێگایەکی نوێی داڕشت. دەتوانین ئەم پرۆسەیە بە “پرۆسەی پۆست ـ ئیمرالی” ناو ببەین. لەم پڕۆسەیەدا چەمکگەلێکی وەک مافی ناسنامەیی کورد، مافی خۆبەڕێوەبەریی و چارەی خۆنووسین و مافی حوکمڕانی بەسەر خاکی خۆیاندا، جێگایان نەبوو. هەرچەندە کورد ناتوانێت هەبوونی خۆی، زمان، کولتوور و شوناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت و لە سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتیدا جێگایەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام دەستی بە ڕێبازێکی باوەڕپێنەکراو کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەزار ساڵەکانی مرۆڤایەتی و بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ.

جگە لەوەش بە کرداری پەکەکە لە ڕۆژئاڤا دەرکەوت کە ئەم پێشنیارانەی ئۆجەلان بووە هۆی ئەوەی کورد گۆڵێک لە خۆی تۆمار بکات. کاتێک مرۆڤ سەیری پراکتیکەکانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا و باکووری کوردستان دەکات، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە پڕۆسەی پۆست ـ ئیمرالی لە ڕاستیدا لەسەر فەوتانی کورد و ئاسمیلاسیۆنی خۆسەر و نەرمکردنی هەڵوێستی ئەوان وەک کۆلۆنیای دڵخواز بنیات نراوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئۆجەلان لە ڕاستیدا پرۆسەیەکی ئۆرگانیزە کردووە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی بەرخۆدانی کورد لە دژی لۆزان دەهێنێت و ناچاریان دەکات بڵێن “وادیارە هەر ئەوەندە دەتوانین بکەین، بۆیە با دەستمان بەرز بکەینەوە”.

لەم چوارچێوەیەدا رەوایە کە بڵێین: “ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان لەسەر بنەمای پاراستنی هەبوونی لۆزان دامەزراوە”. ئەمە پوختەی دۆخەکەیە. ئەو هەڵویستانەی ئۆجەلان کە کورد دەکاتە دوژمنی دەوڵەتانی وەک ئیسرائیل و وڵاتە ڕۆژئاواییەان کە دەتوانن لۆزان لەناوببەن و کورد – بەبێ هیچ گەرەنتییەک – لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا ئەنتەگرە دەکات و ڕێگری لە یەکگرتوویی کورد لە دەوری بەرژەوەندییە نیشتمانییە ڕاستەقینەکان دەکات، هیچ شرۆڤەیەکی دیکە هەڵناگرێت.

بەڵام ئیدی پێناسەکردنی ئۆجەلان وەک “لایەنگری لۆزان” بەس نییە. ئۆجەلان هاوکات ئەسپی ترۆوای پڕۆژەی فراوانکراوی میساقی میللی تورکیایە.

دەتوانین بڵێین پرۆسەی “پۆست ـ ئیمرالی”ی ئۆجەلان لە ساڵی 2025دا لەگەڵ هەڵوەشانەوەی پەکەکە گەیشتۆتە لوتکە. چەمکەکانی ئینتیگراسیۆنیزم و سۆسیالیزمی کۆموناڵ کە ئۆجەلان زیادی کردووە بۆ ئایدۆلۆژیاکەی، بابەتی سەرەکی ئەم لووتکەیەن.

ئەو وشانەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە یادداشتەکانی کۆبوونەوەی 28ی ئابی 2025دا بەکاری هێناوە، بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی سەرەکی پرۆسەی “پۆست ـ ئیمرالی” زۆر گرنگن. ئۆجەلان لەم دیدارەدا ئەمەی خوارەوە دەڵێت: “ئێمە بە دڵ و بە گیان دەمانهەوێت 60 ملیۆن کورد تێکەڵ بە دەوڵەت [تورکیا] بکەین و کاریگەرترین کەس بۆ ئەم 60 ملیۆن کەسە ئۆجەلانە. ئەمە هەڵبژاردەی منە، ئەوە پێویستییەک نییە، سەیر کەن، ئەوە هەڵبژاردەی منە! نەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ. من دەمهەوێت درک ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیکی کورد لە ناو کۆماری تورکیادا وەک ئەکتەرێکی بنەڕەتی پێکبهێنم. من ئەمە بە هەموو کورد و میدیاکان دەڵێم”.

ئەم قسانە ئەوە دەردەخەن کە سیاسەتی ئۆجەلان بۆ تێکەڵکردنی کورد لە ناو دەوڵەتی تورکدا، تەنیا پەیامێک نییە بۆ دانیشتووانی کورد لە سنوورەکانی باکووری کوردستان، بەڵکوو ستراتژییەکە کەوا درێژدەبێتەوە بۆ جوگرافیایەکی فراوانتر و هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆژەی میساقی میللی تورکیا.

ئەو پرسیارە ڕەخنەگرانەی کە دەکرێ لەسەر ئەم قسانە بکرێت ئەوەیە: مادام ژمارەی دانیشتوانی کورد لە باکوور 60 ملیۆن کەس نییە، ئایا ئۆجەلان مەبەستی چوار پارچەی کوردستانە؟

چونکە ئەم ژمارە هێندە بەرفراوانە، تەنها بە دانیشتوانی کورد لە باکووری کوردستان شرۆڤە ناکرێت. ئەو دیدگایەی ئۆجەلان دەیخاتەڕوو، ڕێبازێک نیشان دەدات کە چوار پارچەی کوردستان بە بەشێک لە یەکگرتوویی ناوەندی- تورکیا دەزانێت.

پێشنیاری ئۆجەلان بۆ دەوڵەتی تورک ئەوەیە: “دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەچیت؛ من بەکاریبهێنە بۆ ئەوەی کە هەموو کورد کۆنترۆڵ بکەم”.

ئێمە ئەمە لەخۆڕا ناڵێن، هەموو کۆبوونەوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999 ـەوە و بە تایبەت کۆبوونەوەکانی ساڵی 2025 بەملاوە، تەنیا باس لەوە دەکەن.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە یادداشتی کۆبوونەوەکانی خۆیدا لە 21ی تەباخی 2025دا دەڵێت: “چیرۆکێک لەسەر حەفسا سوڵتان، دایکی سلێمانی مەزن هەبوو، بە سولەیمانی کوڕی گوتووە: ‘کوڕەکەم، ئەوەندە خاکت داگیرکردووە، چۆن ئەم خاکانە دەپارێزیت؟’ (ئاماژە بە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات). سولەیمان لە وەڵامدا وتی: قەڵا و دیوارم بۆ کورد دروست کردووە.’” ئۆجەلان ئەم نموونەیەی بۆ هۆکارێک هێنایەوە. ئۆجەلان دەزانێت کە دەوڵەتی تورک لەسەر ئەم بنەمایە پڕۆژەی خۆی بۆ بوون بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا بنیات دەنێت. نموونەی سلێمان بۆ ئەم هۆکارەیە. ئەگەر دەتەوێت عوسمانی بیت کورد بەکار بهێنە.

بە واتایەکی تر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشنیاری ئەوە دەکات کە تورک بۆ پاراستنی خۆیان و بەدیهێنانی هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پیویستە کورد بەکاربهێنیت. بۆیە ئیتر مەسەلەکە تەنها بۆ بەربەستکردنی کورد نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە بیکەینە سەرباز لە خەباتی هەژموونیدا. بەم شێوەیە تورکیا دەبێتە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ.

پێشنیازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 2001 بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی لقی پەکەکە لە هەموو بەشەکانی کوردستان دواجار بووە هۆی ئەوەی تورکیا دەرەتانی بۆ بڕەخسێ تا کورد کۆنترۆڵی بکات. ئەم سیاسەتە بووە هۆی شکستی سەربازیی باکووری کوردستان و لادانی سیاسەتی کوردی لە ڕێبازەکەی خۆی.

بەهەمان شێوە کردەوەکانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤای کوردستان کە بە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ـەوە دەستی پێکرد، بووە هۆی نزیکبوونەوەی کورد لە دیمەشق بە شێوەیەک کە بۆ تورک گونجاو بوو.

Share