باتمان… لە هێرشێکی چەکداریدا بەرپرسێکی ئاکپارتی و دوو کەسی دیکە کوژران

باتمان... لە هێرشێکی چەکداریدا بەرپرسێکی ئاکپارتی و دوو کەسی دیکە کوژران

هێرشەکە لە گۆڕستانی شارەوانی لە گەڕەکی گۆنێکێنت لە شاری باتمانی باکووری کوردستان روویداوە.

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری باتمانی باکووری کوردستان، مەحەمەد دیرەک، ئەندامی سەرکردایەتی لقی ناوخۆیی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا، لەگەڵ کوڕەکەی و برازایەکی کوژران.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی “جمهوریەت”ی تورکی، هێرشەکە لە گۆڕستانی شارەوانی لە گەڕەکی گۆنێکێنت لە شاری باتمانی باکووری کوردستان روویداوە، چەند کەسێکی نەناسراو تەقەیان لە مەحەمەد دیرەک، ئەرجانی کوڕی و بەکیری برازای کردووە و لە ئەنجامدا هەر سێکیان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.

دوای رووداوەکە، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا گەمارۆی ئەمنییان خستۆتە سەر ناوچەکە و هاتوچۆیان لە گۆڕستانەکە سنووردار کرد، هاوکات لێکۆڵینەوەی بەرفراوانیان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تاوانەکە و دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی دەستپێکردووە.

پۆلیسی تورکیا بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنی گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران کە لە شوێنی تاوانەکە هەڵاتوون، ئەوەش بە بەکارهێنانی تۆماری کامێراکانی چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنی رێگای هەڵاتنیان.

Share