پرۆژەیاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی

یاسا دەتوانێت دۆسیەکانی دادگا دابخات، بەڵام پرسە مێژووییەکان بە کراوەیی دەمێنێتەوە، چونکە سزا بە بڕیارێک ڕادەگیرێت، بەڵام دۆزی نەتەوەیەک بە بێ دادپەروەری کۆتایی نایەت.
سمکۆ عەبدولعەزیز
بەشی یەکەم: لێبوردن بە ناوێکی تر، یان سەرەتای ئاشتییەک؟
هەموو ئەو یاسایانەی کە بەناوی ئاشتیەوە نووسراون ناتوانن ئاشتی دروست بکەن، چونکە یاسا تەنها دەتوانێت دەنگی شەڕ نەهێڵێت بەبێ ئەوەی لە هۆکارەکانی نزیک بێتەوە. دەکرێ سزا ڕابگیرێت، بەڵام ئەو مێژووە ڕاناگیرێت کە ئەو سزایەی لێ دەرچووە.
پێویستە ڕەشنووسی “یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی” بخوێنینەوە، نەک هەر تەنها ناونیشانەکەیەوە، بەڵکوو ئەو فەلسەفەی سیاسییەش بخوێنینەوە کە لە پشت بڕگەکانیەوە شاردراونەتەوە.
ڕەشنووسەکە لە 5ی ئابی 2026 بە ژمارە 3793/2 پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرا و لە دوانزە مادە پێکهاتووە و لە ڕێکەوتی 11/8/2026دا لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا.
جێبەجێکردنی پەیوەستە بە دڵنیابوون لەوەی کە پەکەکە/کەجەکە کۆتاییان بە هەبوونی ڕێکخراوەیی خۆیان هێناوە و چەکیان داناوە. دواتر بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی دەولەتی تورکەوە دەدرێت. پاشان هەندێک لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن ڕادەگیرێن و جێبەجێکردنی هەندێک سزاش لەژێر هەندێک هەلومەرجی دیاریکراودا دوادەخرێت.
خاوەن پڕۆژەکان دەڵێن ئەمە لێبوردنێکی گشتی نییە چونکە تاوانەکان بە تەواوی لەناو نابرێن و سزاکانیش یەکسەر هەڵناگیرێن.
هەرچەندە ئەمە لە نووسیندا ڕاستە، بەڵام لە کردەوەدا، سروشتی یاسا یەکلایی ناکاتەوە. کاتێک لێکۆڵینەوەکان ڕادەگیرێن، دادگاییکردنەکان دەوەستن و جێبەجێکردنی سزاکان دوادەخرێت، دوای ئەوە دەکرێت دۆسیەیەک دابخرێت. ناتوانین ئەو ڕاستییە بشارینەوە کە ئەنجامەکە زۆر نزیکە لە لێبوردنێکی بەکۆمەڵ و مەرجدار، هەرچەندە یاسادانەران خۆیان لە ئاماژەدان بەم ناوە بەدوور دەگرن.
یاساکان بە ناوەکانیان ناناسرێنەوە، بەڵکوو بەو کاریگەرییانە دەناسرێنەوە کە لەسەر عەردی واقیع دایدەنێن.
بۆ نموونە لە تورکیا، بەتایبەتی لە ساڵانی 1991 و 2000دا، یاساکانی ئازادکردنی مەرجدار و دواخستنی دۆسیەکان و سزاکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات، دوای ئەوە دیسان سیستەمی جێبەجێکردنی سزاکان پێکهاتن. هەرچەندە هەموویان ناوی لێبوردنیان هەڵنەگرتبوو، بەڵام هەمان کاریان دەکرد. بۆیە تەنیا گۆڕینی دەستەواژەکان بەس نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئێمە لەبەردەم سەرەتایەکی مێژوویی جیاوازداین.
دژایەتی هەرە قووڵ ئەوەیە کە کلیلی ئەم پرۆسەیەی خستۆتە دەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە. دامەزراوە ئەمنییەکان دەتوانن لە چەکدانان دڵنیا بن، بەڵام توانای پێناسەکردنی ئاشتییان نییە، چونکە ئاشتی تەنها بە تەسلیمکردنی چەک بەدەست نایەت، بەڵکوو بە ڕێککەوتنێکی سیاسی دەستەبەر دەبێت کە هەبوونی دادپەروەری مسۆگەر دەکات.
لێرەدا جیاوازی نێوان ئاشتی ئەمنی و ئاشتی مێژوویی دەخەینەڕوو:
یەکەمیان وەستاندنی چەکەکانە.
دووەمیان نەهێشتنی ئەو هۆکارانەیە کە بەهۆیانەوە چەک هەڵگیرا.
یەکەمیان دەتوانرێت بە بڕیارێک ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.
دووەمیان پێویستیی بە دانپێدانان بە ناسنامە، ماف، یەکسانی و بنیاتنانی متمانە لە نێوان دەوڵەت و گەلی کورددا هەیە.
بۆیە ئەم پڕۆژەیە نزیکترە لە یاسایەک بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی دوای جەنگ، نەک پڕۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی سەرەکی کێشەکە.
ئەم یاسایە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە:
دوای چەکدانان، چارەنووسی ئەندامانی ڕێکخراوەکە چی دەبێت؟
بەڵام وەڵامی پرسیارێکی هەرە گرینگتر ناداتەوە:
دەوڵەت چ گۆڕانکارییەک لەو سیاسەتانەدا دەکات کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی کێشەکە؟
ڕەنگە ئەم یاسایە دەروازەیەکی پێویست بێت بۆ گواستنەوە لە چەکەوە بۆ سیاسەت، بەڵامنابێت بە پپرۆژەیەکی ئاشتی تەنها لەبەر ئەوەی کە وشەی “تێکەڵبوون” (ئەنتەگراسیۆن)ی تێدا بەکارهاتووە. ئەو تێکەڵبوونەی کە تەنها داوا لە لایەنێک بکات کە خۆی بگۆڕێت، ئاشتەوایی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی مەرجدارە بۆ سیستەمی پێشوو.
ئایا ئەگەر پەکەکە کۆتایی پێبێت، پرسی کوردیش کۆتایی پێدێت؟ یان گەل لە ڕێکخراوەکە کۆنترە و پرسەکەش لە چەک بەرفراوانتر؟
یاسا دەتوانێت دۆسیەکانی دادگا دابخات، بەڵام پرسە مێژووییەکان بە کراوەیی دەمێنێتەوە، چونکە سزا بە بڕیارێک ڕادەگیرێت، بەڵام دۆزی نەتەوەیەک بە بێ دادپەروەری کۆتایی نایەت.