دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕاگەیاند، چاوی هەمووان لەسەر داتاکانی “یاسای چارەسەری” بوو.
ماوەی 48 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەکەکە و 42 ساڵ بەسەر دەستپێکی خەباتی چەکداریدا تێدەپەڕێت. لەم نێوەندەدا:
50 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە،
5 ملیۆن کورد لە گوندەکانی خۆیان ئاوارە بوون،
17 هەزار کەس بەهۆی کوشتنی بکوژ نادیارەوە بوونەتە قوربانی.
بەڵام لە هەمبەر ئەو تێچووە قورسانەدا، لە ڕەشنووسی ئەو یاسایەی کە ئامادەکراوە، نەک تەنها هیچ دەسکەوتێک بۆ کورد بوونی نیە، بەڵکوو تەنانەت لە ناوەڕۆکەکەشیدا وشەی “کورد” نابیندرێت!
گرنگترین ئاست کە کەس بە دەنگی بەرز باسی ناکات، دۆخی ئەو کەسانەیە کە لە پەکەکە جودا بوونەتەوە.
لە ساڵی 1980ـەوە هەتا ئەمڕۆ، نزیکەی 25 هەزار کەس ئەو ڕێکخراوەیان جێهێشتووە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان و ئەورووپا دەژین.
گەورەترین جیابوونەوە لە ساڵی 2004 ڕوویدا، کاتێک 25 سەرکردەی باڵا و نزیکەی 3 هەزار کادیر، لەبەر ئەوەی کە دژی کۆتاییهێنان بە هزری “کوردستانی سەربەخۆ” و دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ بوون، لە پەکەکە جیابوونەوە.
پەکەکە بە “سیخوڕی” تۆمەتباری کردن؛ کەسانی وەک کانی یەڵماز، کەمال سۆر، و شاپوور بۆدیشاڤا کوژران.
ئەم گرووپە گەورەیە، لەلایەن پەکەکەوە بە “خیانەتکار” و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە “تیرۆریست” ناوزەد کران و لەژێر هەڕەشەی هەردوولادا دەژیان.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەوانەی دژایەتی شەڕیان دەکرد، ناتوانن سوود لە یاسا نوێیەکە وەربگرن. چونکە یاساکە ئەو کادیرانە ناگرێتەوە کە تا بەر لە ساڵی 2005 لەناو پەکەکەدا بوون.
بەپێی بانگەشەکان، ئۆجەلان داوای لە دەوڵەت کردووە، کە یاساکە بەڕێوەبەرانی پێشوو نەگرێتەوە. ڕێبەرەکەی پەکەکە بە گوتنی “ئەگەر ئەوان بگەڕێنەوە، چ جیاوازییەک لە نێوان ئێمە و ئەواندا دەمێنێتەوە؟”، ویستوویەتی ئەو کەسانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
لە ئەنجامدا ئۆجەلان و پەکەکە تۆڵەی خۆیان لەو کەسانە دەکەنەوە و ناهێڵن بگەڕێنەوە سەر خاکی باو باپیرانیان.
تەنانەت ئەو کەسانەش کە دەتوانن سوود لە یاساکە وەربگرن، سزاکەیان ماوەی 5 بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت. بە واتایەکی تر ژیانیان بۆ ساڵانێک لە ژێر چاودێری و گوماندا دەمێنێتەوە.
ئەم ڕەشنووسە یاساییە، پڕۆژەیەکی ئاشتەوایی نییە؛ بەڵکوو مامەڵەکردنێک و حیساب وەرگرتنەوەیەکی ئۆجەلان و پەکەکەیە کە لەسەر بنەمای ژیانی لاوانی کورد بنیات نراوە.