پەکەکە چەکەکانی خۆی چی لێدەکات؟

پەکەکەی هەڵوەشاوە کۆمەڵیک چەکی گرینگی هەیە. بەتایبەت لەگەڵ پرۆسەی ڕۆژئاڤادا، پەکەکە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی دوورمەودای دەستکەوتووە. جگە لەوەش بەهۆی هاوکارییەکانیان لەگەڵ حەشدی شەعبی لە عێراق، ژمارەیەکی بەرچاو مووشەک و جبەخانەی قەیدنەکراویان دەستکەوتووە. پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە و لە مەراسیمێکدا لە 11ی تەمموزی 2025دا، چەکەکانیان سووتاند.

لە 10ی ئابی 2026دا، لە تورکیا یاسایەکی چوارچێوەی کە 12 خاڵ لەخۆدەگرێت دەرچووە بۆ ئەوەی کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. ئۆجەلان لە ئیمرالیدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەسەر چەکدانانی پەکەکە واژۆ کردووە.

گەلۆ پەکەکە چی بە چەکەکانی دەکات؟

ڕۆژنامەی یەنی شەفەک، کە نزیکە لە ئاکەپە و ئاگاداری زانیارییەکانی ناو دەوڵەتە، تیشکی خستە سەر ئەم بابەتە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پەکەکە چەکەکانی خۆی ڕادەستی وەزارەتی بەرگری تورکیا دەکات.

بە پێی ئەم پرۆسەیە:

1ـ سەرەتا وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو چەکانەی کە پەکەکە ڕادەستی کردوون بەراورد دەکات لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی میت سەبارەت بە چەکەکانی دەستی پەکەکە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ چەکێکی نادیارهەیە یان نا.

2ـ ئەو چەکە ئاساییانەی کە لەگەڵ ستانداردەکانی ناتۆدان و چەکی بەرگری ئاسمانیی مۆدێرن (درۆن) دەخرێنە لیستی کەلوپەلەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا.

3- ئەو چەکانەی کە لەگەڵ ستانداردەکانی ناتۆدا ناگونجێت دەتوێندرێنەوە و دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە.

4- بەشێک لەو چەکانەی کە ماونەتەوە دەفرۆشرێن یان لەگەڵ وڵاتانی گونجاودا ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت.

5ـ ئەو داهاتەی کە لەم پرۆسەیەدا بەدەست دێت، دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی گەنجینەی تورکیا.

پەکەکە خاوەن جبەخانە و هێزێکی سەربازیی گەورەیە. ئێستا کە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، کێ سوودی لێ وەردەگرێت؟ ئایا ئەم هێزەی ئێستا چی لیدێت؟

  • لە 19ی جووتمانگی 2023دا پەکەکە لە سەنگەر و تونێلەکانی لە چیای قەرەچۆخ و دەوروبەری کەمپی مەخموور کشایەوە و شوێنەکەی ڕادەستی سوپای عێراق کرد.

  • هێزەکانی یەبەشە لە شنگال پەیوەندییان بە حەشدی شەعبیەوە کرد و تا ئێستاش ڕێگە بە پێشمەرگە نادەن بچێتە هەرێمی شنگال.

  • ساڵانێکە پەکەکە هێزەکانی پێشمەرگەی “ڕۆژ”ی ڕۆژئاڤای وەک دوژمن ناساندووە، بەڵام دواتر هەسەدەیان تێکەڵ بە سوپای سووریا کرد و هێزەکانی سووریایان هێنایە ناو ڕۆژئاوای کوردستان.

  • دوای ئەوەی کە دانوستانیان لەگەڵ تورکیا دەستپێکرد، توونێل و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییان لە بادینان ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرد. ئێستا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو جبەخانانەی کە ماون ڕادەستی سوپای تورکیای بکەن.

  • لە ئێستادا هێزەکانی پژاک لە ڕۆژهەڵات لە دەستی پەکەکەدایە و مامەلەیان لەسەر دەکات، بەڵام هێشتا چارەنووسیان ڕوون نییە. چونکە باس لە یەکپارچەیی خاکی ئێران و ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک دەکەن.

بە واتایەکی تر پەکەکە چەک و هێزە سەربازییەکەی خۆی لە عێراق و سووریا و تورکیا بڵاو کردەوە. واتە ڕادەستی داگیرکەرانی کردوون. هیچ سەنگەر و جبەخانەیەکیان بە کورد نەداوە.

بەڵام لە ساڵی 2019 تا 2024، سەرەڕای داواکارییەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، پەکەکە ئەو داواکارییانەی وەک هۆکارێک بۆ شەڕ پێناسە کرد و پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دابوو. ئێستاکەش دوای ئەوەی کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، ئامادە نەبووە تاقە یەک سەنگەر، چەکێک، ڕێگایەک و تونێلێکی ژێر کۆنترۆڵی خۆی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بسپێرێت. بەکورتی و کورمانجی، جگە لە کورد، هەمووکەس سوودی لە چەک و سەنگەرەکانی پەکەکە وەرگرتووە…

Share