لە ئامەد چوار کەس بە تۆمەتی هەڵواسینی پۆستەری پەکەکە دەستبەسەر کران

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆجەلان و پەکەکە ڕۆژانە باسی ئەنتەگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ‘پرۆسەی ئاشتی’ دەکەن.
ئەنجومەنی پارێزگای ئامەد ڕایگەیاند، چوار کەس بەهۆی هەڵواسینی پۆستەری ئەندامانی پەکەکە لە هەندێک شەقام و شوێن، لەلایەن یەکە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی ئەنجومەنی پارێزگای ئامەد کە لە 30ی ئابی 2026دا بڵاویکردووەتەوە، ڕێگری لە هەوڵەکانی پێشێلکردنی ئەمنی کراوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرەنگاربوونەوەی تاوان و تیرۆر بە ئیرادەوە درێژەی دەبێت.
ئەنجومەنی پارێزگای ئامەد لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر ئەم خاڵانە کردۆتەوە:
“هەڵواسینی پۆستەری ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە تەنها لەسەر چەند شەقامێک بووە و تا ئێستا سەرتاسەری پارێزگاکەی نەگرتۆتەوە. دوای ناسینەوەی پۆستەرەکان لە چەند شوێنێک، یەکە ئەمنییەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لە ئەنجامدا 4 کەس دەستبەسەر کران کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە”.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کارە نایاساییەکان بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵگا و پڕۆسەی ئەمنی تەحەمول ناکرێت و هەموو ئەو جۆرە هەوڵانە لە چوارچێوەی یاسادا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامیان دەدرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆجەلان و پەکەکە ڕۆژانە باسی ئەنتەگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ‘پرۆسەی ئاشتی’ دەکەن.