ئەم ژنە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی پەکەکەیە. پیرۆزبایی لە مەزڵووم عەبدی دەکات لەبەر ئەوەی کە بووە بە ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع.
بەڵام ئایا بەڕاستی دەبێ پیرۆزبایی لێ بکرێت یان ڕەخنەی لێ بگیرێت؟
کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان هەرچی لە توانایاندا بوو بۆ ڕۆژئاڤایان کرد. کوردانی هەر چوار پارچە شەڕیان بۆ ڕۆژئاڤا کرد. دەیان جار هاوکاری دارایی دراوە. چەکیان پێدراوە. کورد بۆ ڕۆژئاڤا بوو بە قەڵخان.
کورد لە ڕۆژئاڤا 17 هەزار شەهیدی بەخشی. نزیکەی 4 هەزار کەسیان سڤیل بوون.
هەزاران کەس لە عەفرین خاکی خۆیانیان بەجێهێشت و ساڵەهای ساڵ لە کەمپ و شەقامەکاندا ژیان و دۆخێکی دژواری ئاوارەییان بینی.
کوردانی سەرێ کانی و گرێ سپی ئاوارە بوون و هێشتاش ناتوانن بگەڕێنەوە.
خەڵکی ڕۆژئاڤا شەڕ و کارەساتیان بەخۆوە بینیوە؛ دیمۆگرافیای شارە کوردییەکان تێکچووە. خێزانەکان وێران و پەرش و بڵاو بوون.
ئایا کورد و بەتایبەت گەلی ڕۆژئاڤا ئەم دەرفەتە بەنرخەیان بە مەزڵووم عەبدی دا تا ببێتە ڕاوێژکار “مستەشار”ی سەرۆککۆمار؟
بێگومان نەخێر. کورد ئەم قوربانیەی لەپێناو وڵاتێکی ئازاد و مافی خۆبەڕێوەبەری و مافی خوێندن بە زمانی دایکی و مافی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی خاکەکەی داوە.
بەڵام ئێستا خەڵکی ڕۆژئاڤا لە دۆخێکی خراپتر لە 5 ساڵ لەمەوبەردان.
پێشتر زمانی کوردی زمانی یەکەم بوو؛ ئێستا بژاردەیە.
داهاتی نەوت و گاز بەدەست کوردەوە بوو؛ ئێستا نیە.
بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەدەست کوردەوە بوو؛ ئێستا نیە.
دەروازە سنوورییەکان بەدەست کوردەوە بوو؛ ئێستا نیە.
دامودەزگاکان بەدەست کوردەوە بوون؛ ئێستا نیە.
کورد لە ڕۆژئاڤا دۆڕاندی.
هەرچەندە هەموو شتێک ئەوەندە ڕوونە، بەڵام داوامان لێدەکرێت پیرۆزبایی لە مەزڵووم عەبدی بکەین کە بووە بە ڕاوێژکار.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕاوێژکاری ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیایە…
مەزڵووم عەبدی ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرعە لە کۆماری عەرەبیی سووریا…
ئایا کورد تەنها بۆ ئەوەی کەسێک بکاتە ڕاوێژکار ئەم تێچووانەی داوە؟
نا…
ئێمە پیرۆزبایی لە مەزڵووم عەبدی ناکەین. بە پێچەوانەوە ئێمە ڕەخنەی لێ دەگرین.
وەک ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع، ئەو ئەحمد شەرعەی، سەرۆکی ڕێکخراوێک کە ڕەوایەتیی بە فرۆشتنی ژنانی ئێزدیی دا. مەزڵووم عەبدی وەک ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع پەیامێکی بۆ جیهان نارد کە “پرسی کورد لە سووریادا بوونی نەماوە”.
مەزڵووم عەبدی ڕێگریی لە کوردەکان کرد کە وەک بەشێک لە کۆماری عەرەبیی سووریا داوای مافەکانی خۆیان وەک نەتەوەی کورد لە دەوڵەت بکەن.
کوردەکان پشتیوانیان لێکرد، شاهین کۆبانێی پەکەکەیان بە “ژەنەڕاڵ مەزڵووم” ناوبرد. بەڵام ئەو بوو بە پیۆنێک لە سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلاندا و بوو بە هاووڵاتی سووریایی مستەفا خەلیل عەبدی.