لە نێوان دیمەنی کۆتر و ئەرکی گورگدا ـ 4

موراد ئیسماعیل و ستراتژیی پەکەکە لە شنگال

هەرکەسێک بتوانێت قسە لەگەڵ ئێزدییەکان بکات و باوەڕیان پێبهێنێت کە ئەوان کورد نین، ئەوا نیوەی ڕێگاکەی بڕیوە بۆ ئەوەی بیانهێنەتە سەر بڕوایەی کەوا شنگال کوردستان نییە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

موراد ئیسماعیل و ستراتژیی پەکەکە لە شنگال

بەشی چوارەم: شنگال کوردستان نییە

خاک تەنها ڕووبەرێک نییە کە بە کیلۆمەتر دەپێورێت، بەڵکوو بیرۆکەیەکە کە مڤ مانای پێدەبەخشێت، خاکیش ناو و ناسنامە بە مرۆڤەکان دەبەخشێت. کاتێک نیشتمان لەدەست دەچێت، کێشەکە لە گۆڕینی سنوورەکانەوە دەست پێناکات، بەڵکوو لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە خەڵکەکەی لەو یادەوەرییانە جیابکرێنەوە کە بە خاکەکەوە گرێیان دەدات، بۆ ئەوەی نیشتمان ببێتە زەوییەکی کراوە بۆ پڕۆژەکانی خەڵکی دیکە.

شنگال تەنیا ململانێ نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی خاک یان شەڕی پۆست و کورسییەکان، بەڵکو کێشەی پەیوەندیی قووڵی مرۆڤەکانە لەگەڵ خاکەکەیاندا: ئایا وەک بەشێک لە یادوەریی نەتەوەیی کورد دەمێنێتەوە یان نا. ئایا کارەساتی ساڵی 2014 دەبێتە خاڵی دەستپێکی جوگرافیایەکی سیاسی جیاواز بێت لە کوردستان؟

هەر پرۆژەیەک ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی خاک بێت، پێویستە پێش هەموو شتێک پێناسەیەکی نوێ بۆ گەلەکەی بکات. تا کاتێک ئێزدییەکان خۆیان بە کورد بزانن، شنگال لە کوردستان جیا نابێتەوە و هەتا شنگال و لالش و شێخان بەشێک بن لە یادەوەریی نەتەوەیی یەکگرتووی کورد، ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ دوورگەیەکی سیاسی سەربەخۆ.

بۆیە ئەم شەڕە لەسەر ناسنامەی ئێزدییەکان، ئاڵوگۆڕێکی سادەی کولتووری نییە، بەڵکوو سەرەتای شەڕێکە لەسەر جوگرافیا.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوای کارەساتەکەی 2014ـەوە، تەنها بە هێزی چەکدارەوە لەوێ جێگیر نەبوو، بەڵکوو سیستەمی ڕاگەیاندنەکەیان هەوڵیدا لێکدانەوەی خۆی بۆ کارەساتەکە بسەپێنێت. ئەم لێهاتووییە سەربازییە ئاڵۆزە لە دوو چەمکی ئەخلاقیدا کورتکرایەوە: پەکەکە “رزگارکەر” بووە و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، ئەو لایەنە بوو کە خەڵکەکەی بەجێهێشتووە.

ئەم گوتارە زیاتر گلەیی ئێش و برین دەکات نەک عەقڵ، چونکە کەسی بریندار هەمیشە بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە بە تاوانباری دابنێت. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک سەربازی بوو بە بڕیارێکی ئەخلاقی هەمیشەیی، پاشان ئەم بڕیارە سەبارەت بە حزبێک بوو بە بڕیارێک سەبارەت بە پەیوەندیی ئێزدییەکان لەگەڵ کوردستان.

بەڵام حیزب نەتەوە نییە و هەڵەی ڕێکخراوێک ناسنامەی نەتەوەیەک لەناو نابات. سەرکردەکان دێن و دەڕۆن و حیزب دادگایی دەکرێت، بەڵام مێژوو لەسەر یەک کارەسات بنیات نانرێت، هەرچەندە تاڵ و دژواریش بێت.

پرسیاری “کارەساتی شنگال بۆچی ڕوویدا؟” بەرە بەرە گۆڕدرا بۆ: “ئایا ئێزدییەکان لە بنەڕەتدا کوردن؟”

لێرەدا وتارەکەی موراد ئیسماعیل وەک حەڵقەیەک لە نێوان برینی دەروونی و پڕۆژەی سیاسیدا دەرکەوت. موراد دابڕانی ئایینی ئێزدییەکانی لە ئایینێکی دێرین لەناو نەتەوەی کورددا گۆڕی بۆ بنەمای شوناسێکی نەتەوەیی جیا، کە پێویستی بە مەرجەعییەتێکی سەربەخۆی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر جیاکردنەوەی شنگال لە کوردستان بدات.

مەترسی ئەم بیرۆکەیە لە شانازیی ئێزدیەکاندا نییە، چونکە مافێکی بنەڕەتییە. بە پێچەوانەوە مەترسی ئەوە هەیە دابڕانی ئایینی بگۆڕێت بۆ دابڕانی نەتەوەیی و دواتر شوناسی نەتەوەیی ببێتە پڕۆژەیەکی جوگرافی. ناسنامە چیتر تەنها هزرێکی هەڵواسراو (موعەللـەق) نابێت، بەڵکوو بەدوای خاکێکدا دەگەڕێت کە نوێنەرایەتیی بکات و سوڵتانێک کە بەناوی ئەوەوە قسە بکات. کاتێک دەوترێت ئێزدییەکان نەتەوەیەکی جیاوازن لە کورد، ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە: بۆچی دەبێت شنگال بە کوردستانەوە ببەسترێتەوە؟

بەم شێوەیە جیاکردنەوەی جوگرافیا لە ناوخۆی زمان و گوتاردا، دەست پێدەکات.

دروشمی “بڕیاری سەربەخۆی ئێزدییەکان” لایەنێکی ئەخلاقی سەرنجڕاکێشی هەیە. کێ دژی مافی کۆمەڵگەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی دەکات کە ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە؟

بەڵام سەربەخۆیی لە نوێنەرایەتی کردندا دەبێتە بێبەشکردن و داگیرکاری کاتێک حزبێکی سیاسی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو بە تاقی تەنیا نوێنەرایەتیی هەموو ئێزدییەکان دەکات.

ئێزدییەکان یەکدەنگ نین. هەندێکیان خۆیان بە کوردی ئێزدی پێناسە دەکەن، هەندێکیشیان ئەندامی حیزبە کوردستانییەکانن. دامودەزگا ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان زۆر دێرینترن لە ڕێکخراوەکانی ئەمڕۆ. بۆیە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا مافی پێناسەکردنی هەموو ئێزدییەکان بە موراد و هاوپەیمانییەکەی نادات.

لێرەدا ئاڵۆزی و دژایەتی سەرهەڵدەدات؛ گەڕانەوەی پەکەکە بۆ شنگال وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیرادەی ئێزدییەکان سەیر دەکرێت، هاوکات ناوی شوێنەکان دەدرێت بەو هێزانەی کە لە ژینگەی پەکەکە دامەزراون، ناوی شوێنەکان دەدەن و داوای ئەوە دەکەن کە بخرێنە ناو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقەوە. مەسەلەکە ڕزگارکردنی شنگال لە دەست حیزبەکەن و چەک نییە، بەڵکوو دیاریکردنی ئەوەیە کە کێ بە هێزێکی شەرعی هەژمار دەکرێت!

لەم خاڵەدا وتارەکەی موراد لەگەڵ ستراتژیی پەکەکە یەکدەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی ڕاستەوخۆ هەبێت. پەکەکە چەکی بەکارهێنا بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز و میدیا بۆ بنیاتنانی ئایدۆلۆژیایەک، لە کاتێکدا وتارەکەی موراد زاراوەیەکی ناوخۆیی و نوێنەرایەتییەکی سیاسی بەم گۆڕانکارییە دەبەخشێت.

واتە موراد بە مانایەکی سیاسی دەبێتە بەیدەق (یاریکەرێکی شەترەنج). ئەمە وەک سوکایەتییەکی شەخسی نییە، بەیدەق خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی، بەڵام لە ناو خاکێکدا دەجووڵیتەوە کە ئەو بۆخۆی هێڵەکانی دەستنیشان نەکردووە و دەبێ ئەرکێک جێبەجێ بکات کە دوورە لە ئامانج و مەبەستەکانی خۆی.

بەڵام پاراستنی ئێزدییەکان مەرج نییە بەو مانایە بێت کە ئەوان لە نەتەوەکەی خۆیان بێبەش بکرێن. شنگال دەکرێ بە ئیدارەیەکی فراوان بەڕێوەبچێت و بە ئاسایش و ئارامییەک کە بە دەستی ڕۆڵەکانی خۆی دەپارێزرێت و بە بودجەیەک کە بتوانرێت ئاوەدان بکرێتەوە، دەتوانێ بژی، بەبێ ئەوەی کە ئەو مافانە ببنە ئامرازێک بۆ جیاکردنەوەی لە کوردستان.

لامەرکەزی ڕێگە بە خەڵک دەدات ژیانیان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ناسنامە، دەسەڵات بە خەڵکی دیکە دەدات کە بڕیار لەسەر داهاتوویان بدات.

کۆتر ئەو کردەوەی مرۆییە بوو، ڕیوی ئەو میدیایە بوو کە چیرۆکی ڕزگارکردنی بۆخۆی برد و بەیدەقیش ئەو گوتارە بوو کە برینەکەی گۆڕی بۆ سیاسەت.

بەڵام ئەرکی گۆرک ئەوە بوو: جیاکردنەوەی خاکەکە بوو لە ماناکەی، دوای ئەوەی مرۆڤی لە ناسنامەکەی جیاکردەوە.

هەرکەسێک بتوانێت قسە لەگەڵ ئێزدییەکان بکات و باوەڕیان پێبهێنێت کە ئەوان کورد نین، ئەوا نیوەی ڕێگاکەی بڕیوە بۆ ئەوەی کە بینهێنەتە سەر بڕوایەی کەوا شنگال کوردستان نییە.

Share