مەهدی زانا بە برینەکانی دڵیەوە کۆچی دوایی کرد

مەهدی زانا وەک هەموو کوردێک لە زیندانی دیاربەکردا تووشی ئەشکەنجە و سووکایەتی پێکردن بوو، بەڵام بوێرانە لە بەرامبەر دوژمندا راوەستا و سەری نەوی نەکرد.
شێخمۆس ئۆزەنگین
لە 20ی بەفرانباری ساڵی 1940دا، لە ناحیەی فارقینی دیاربەکر، چاوەکانی بەڕووی ژیاندا کردەوە. ئەم سەردەمە سەردەمێکی خراپ و زۆر بە ئازار و مەترسیدار بوو. چەندین ڕاپەڕینی نەتەوەیی کورد بە خوێن و جینۆساید تێکشکێندرابوون. دوو ساڵ بەسەر جینۆسایدی دێرسیمدا تێنەپەڕیبوو کە خاڵە مەهدی لە فارقینی شازادە و ئاغاکان، لە ناوچەی زەمبیل فرۆش چاوی بە دنیا هەڵهێنا.
ئازاری کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەکان، لە ماڵی کورداندا، میللەتی کەڕ و لاڵ کردبوو. ترس و تۆقاندنی وەحشیانەی تورک، لە هەموو ماڵێکی کورددا، پێش ئەوەی دەنگی “ک” دەربچێت، بە “وس وس” دەبڕدرا.
خاڵە مەهدی، تەنانەت لە سەردەمی منداڵی خۆیدا، ئاگاداری هۆکاری ئەم ترسە، ئەم بێدەنگییە و ئەم کەڕبوون و لاڵییە بوو. یەکەم پرسیار کە بە مێشکیدا هات ئەوە بوو: “بۆچی؟ لەبەر چی؟”
لە سەرەتای ساڵانی 160دا لەگەڵ وەستای بەڕێز و ناودار نیازی، دەستی بە شاگردی بەرگدووری کرد. دوکانی نیازی شوێنی خەڵکی کوردپەروەر و چەپگەرا بوو. لە دوکانەکەدا کۆدەبوونەوە و دەستیان بە قسەکردن لەسەر بارودۆخی خۆیان و بارودۆخی وڵاتەکەیان و وەحشیگەرییەکانی دەوڵەتی تورک دەکرد. خاڵە مەهدی چایی پێشکەش دەکردن و گوێی لێدەگرتن. گوێی خاڵە مەهدی لەلای ئەم میوانانە بوو؛ یەک وشەشی لەدەست نەدەدا. دوکانەکەی نیازی بوو بە قوتابخانەی پەروەردەی سیاسی بۆ خاڵە مەهدی.
ئەم وتووێژانە خاڵە مەهدییان وروژاند؛ بوو بە گەنج و پەیوەندی بە بزووتنەوەکانەوە کرد. چالاکوانێکی بوێر و خاوەن ویژدان و بەسۆز بوو. ئەو ڕووداوەکانی 1919، 1925، 1927-1930 و 1938 کە دەوڵەتی بەربەریەتی تورک بەسەر نەتەوەی کوردیدا هێنابوو، لە دوکانەکەی نیازیدا لە دەمی زیندووەکانەوە و لە زاری کوردپەروەرەکانەوە، بیستبوو. ئەم ئەزموونانە ئاگری لە دڵی بەردابوو. ئاگری ناو دڵی تەنانەت بە ئاوی دەریاش کۆنتڕۆڵی نەدەکرا. هەر بۆیە لە هەر شوێنێک دیدارێک، ڕووداوێک یان شەوێک هەبووایە، خاڵە مەهدی لەوێ بوو.
سەرەتا، خاڵە مەهدی، لەگەڵ گەنجانی دیکەی کورد، پەیوەندییان بە تیپ (پارتی کرێکارانی تورکیا)وە کرد. لە ساڵی 1969دا لە TİP جیابوونەوە و DDKO یان دامەزراند. ئامانجی DDKO دامەزراندنی ڕێکخراوێکی کوردی و کوردستانی بوو بۆ ئەوەی خۆیان لە تورک جیابکەنەوە و خۆیان ڕێکبخەن. لەگەڵ دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە، لە زۆرێک لە شار و قەزاکانی کوردستان DDKO کرایەوە. لەگەڵ هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندەکانی کوردستان، لە زۆر شوێنی کوردستان ناڕەزایەتی و ڕێپێوان بەڕێوەچوو. خاڵە مەهدی، وەک وتاردەر و چالاکوان لە هەموو ئەو چالاکییانەدا بەشداری کرد.
کودەتای سەربازی ساڵی 1971 ڕوویدا. DDKO داخرا و هەموو ئەندام و دامەزرێنەرانی دەستگیرکران؛ ئەشکەنجە دران و لە زیندانی دیاربەکر زیندانی کران. خاڵە مەهدی لەگەڵ تەرزی نیازی و سەدان گەنجی دیکەی کورد دەستبەسەر کران.
بە لێبوردنی ساڵی 1974 گەنجانی کورد ئازاد کران و وردە وردە دەستیان کرد بە دامەزراندنی کۆمەڵە،ڕێکخراو، گۆڤار و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، کرد.
ساڵی 1976 بڕیار بوو ئاڵپارسلان تورکەش کە بە ڕەگەزپەرستێکی تورک و دوژمنی نەتەوەی کورد ناسرابوو، سەردانی ئامەد بکات. لە بەرامبەر هاتنی ڕەگەزپەرستانەی ئەودا، چالاکییەکی بەرفراوان ئەنجامدرا کە سێ ڕۆژی خایاند. خاڵە مەهدی چالاکانە بەشداریی لەو چالاکییە و ئامادەکارییەکانیدا کرد. من شایەتحاڵی ئەو ڕۆژانەم؛ کە چۆناوچۆن خاڵە مەهدی سەردانی کافە و چێشتخانە و دوکانەکانی ئامەدی دەکرد و خۆی بۆ چالاکییەکە ئامادە دەکرد.
لە ساڵی 1977دا لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئامەددا بە ڕەزامەندی هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان، بۆ سەرۆکی شارەوانی بەربژێر کرا. بە دەنگێکی زۆر سەرکەوت و بوو وەک سەرۆکی شارەوانیی ئامەد هەڵبژێردرا.
هەندێک دەوڵەت و هەندێک هێزی دیکەش، دەستیان بە دوژمنایەتیکردنی خاڵە مەهدی کرد. لە کاتی مەراسیمە فەرمییەکاندا، کە دەبوو سەرۆکی شارەوانی ئامادەی بێت، بەردەوام لەلایەن میدیا و هێزە سەربازییەکانی تورکیاوە هێرش دەکرایەسەر. خاڵە مەهدی وەک کەسێک کە “کوردستان بنیات دەنێت و تورکەکان بەبێ ڤیزا و پاسپۆرت ناتوانن بچنە دیاربەکر”، هەواڵی لەسەر بڵاوکرایەوە و هێرش کرایە سەر. حکومەت هەموو پڕۆژەکانی شارەوانیی ئامەدی ڕاگرت و بوودجەی شارەوانییەکەی بڕی. شارەوانی نەیتوانی مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات. کارمەندان بایکۆتیان دەستپێکرد و زبڵ و خاشاکی شارەکە لەسەر شەقامەکاندا کەڵەکە بوون و وەکوو زبڵدانیان لێهات. بەڵام خاڵە مەهدی سەری نەوی نەکرد. دەیزانی ئەم حیساباتانە دەستی دوژمنانی نەتەوەی کوردی لەپشتە.
کودەتاکەی ساڵی 1980 ڕوویدا و خاڵە مەهدیش وەک هەزاران گەنج و سیاسەتمەداری کورد، دەستبەسەر کرا. لە زیندانی دیاربەکردا وەک هەموو کوردێک تووشی ئەشکەنجە و سووکایەتی پێکردن بوو. خاڵە مەهدی بوێرانە لە بەرامبەر دوژمندا راوەستا و سەری نەوی نەکرد.
ڕێگای من لەگەڵ خاڵە مەهدیدا، لە زیندانی دیاربەکر، لە زیندانی ئەسکیشەهیر و ئایدن، بۆ ماوەی 8 ساڵ یەکێک بوو. لەم سێ زیندانەدا پێکەوە ماینەوە. ئێمە لە زۆر برین و زۆر مانگرتن لەخواردن و ناڕەزایەتی و هێرشاندا، یەکترمان پاراست. لە ئەسکیشەهیرەوە تا نەفیکردنی زیندانی ئایدن، ئێمە لە یەک ئەڵقەدا بووین. لە ئەسکیشەهیرەوە تا ئایدن، هەموو تەحەدا و لێدان و ئەشکەنجە پشکی ئێمە بوو پێکەوە.
لە ساڵی 1989دا دوای ئەوەی سەدام لە کوێت کشایەوە، هێرشی کردە سەر گوند و شارەکانی باشووری کوردستان. لە سەرما و سۆڵەی چیاکانی کوردستاندا، نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کورد، بە ژن و منداڵ و پیر و بەساڵاچووەوە – زۆربەیان بە پێخاوسی و بە جلوبەرگێکی کەمەوە – ئاوارەی ئەو شاخانە ببوون و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لەسەر سنووری باکوری کوردستان ڕاگیرابوون. تەلەفزیۆنەکان چەندین دیمەنی ئازاربەخشیان لەنێو هەواڵەکاندا پیشان دەدا. ئێمە هەموومان، بە فرمێسکەوە سەیری ئەم هەواڵانەی کوردانمان دەکرد.
یەکێک لە چەپەکانی تورکیا هەستا و وتی: “دەبینن چیتان بەسەر دێت؛ ئێوە شایەنی ئەوەن، کاتێک لەگەڵ ئیمپریالیستە ئەمریکییەکان کار دەکەن، ئەمە بەشی ئێوەیە؛ دەی بیخۆن!” ڕوومان کردە چەپگەرا تورکەکە تا وەڵامی بدەینەوە. خاڵە مەهدی یەکسەر لە کورسییەکە بازێکی دا و گوتی: “ئێوە بەربەرن! ئێوە دوژمنی نەتەوەی کوردن؛ ئێوە ناوتان چەپگەرایە، بەڵام نە ویژدانتان هەیە و نە غیرەتتان هەیە، لە بەرامبەر ئەم دیمەنانەدا، ئێوە هێشتا ئەو حیساباتانە دەکەن، ئێوە بەڕبەڕن و هیچتان لە مرۆڤایەتی وەرنەگرتووە.”
ئیدی ئێمە وازمان لەو چەپگەرا تورکە هێنا و لە دەوری خاڵە مەهدی کۆبووینەوە.
مردن، بە درێژایی مێژوو، پشتی ئێمەی شکاندووە و کەسایەتییەکانی ئێمەی یەک بە یەک و کۆمەڵ بە کۆمەڵ لێئەستاندووین.
با سەری نەتەوەی کورد، هاوپەیمانانی خاڵە مەهدی، دۆستەکانی و فارقینی کوردپەروەر و براکانی ساغ بێت.