هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە؛ ئەو شکستە مێژووییەی کە وەک “سەرکەوتن” بە گەلی کورد دەفرۆشرێت

کورد ئەگەر دەیهەوێ بە مافەکانی خۆی بگات، پێویستە دەستبەجێ واز لە هێڵی تەسلیمتەڵەبی و خۆبەدەستەوەدەرانەی ئۆجەلان بهێنێت و دەست بە خەباتێکی نەتەوەیی بکات.
تێکەڵکردن و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ناو سوپای سووریادا تەنها گۆڕانکارییەکی سەربازی نییە؛ هاوکات خاڵی کۆتایی زنجیرەیەک سیاسەتی هەڵە و سەرنەکەوتووییە کە ساڵانێکە پەکەکە لەسەر پشتی گەلی کورد پەیڕەوی دەکات. هێزێک کە ساڵانێک بوو ڕیکلامی بۆ دەکرا و وەک “ئەرتەشی ڕۆژئاڤا” پیشان دەدرا، لە یەک ڕۆژدا و بە بەیاننامەیەک کۆتایی بە هەبوونی خۆی هێنا و تەسلیمی هەمان ڕێژیمی سووریا لە دیمەشق بوو کە دەیان ساڵە بە بێئەخلاقانەترین شێوە مافە سەرەتاییەکانی کورد پێشێل دەکات.
دڵتەزێنترین و سەرسوڕهێنەرترین شت لەم پرۆسەیەدا هەڵوێستی لایەنگران و پڕوپاگەندەکارانی پەکەکە/پەیەدەیە. لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم ئەنجامە ببنەوە و هەڵەکان ڕاست بکەنەوە و ڕەخنەی توند لەم شکستە مێژووییە بگرن، دەستیان کردووە بە هەوڵدان بۆ ئەوەی کە ئەم پاشەکشە و هەڵوەشاندنەوەیە وەک “سەرکەوتنێکی ستراتژیک” و “هەنگاوێکی مێژوویی” بە کۆمەڵگە بفرۆشنەوە. لایەنگرانی پەکەکە کە تا دوێنێ دەیانگوت “لامەرکەزییەت و خۆبەریوەبەریی دەپارێزین”، کەچی ئەمڕۆکە دەیانهەوێ تەسلیمبوونی بێ شەرت و مەرج بە سیستەمی ناوەندگەرای دیمەشق، وەک سەرکەوتنێک بە گەلی کورد بفرۆشنەوە.
ئەم دەرئەنجامە جارێکی تر نیشانی دا کە ئەو هێڵە سیاسییەی کەوا لەسەر بنەمای فەرمان و ئایدۆلۆژیای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بنیات نرابێت، چۆناوچۆن لە مەیدانی واقیعیی سیاسەتدا تووسی شکست و دۆڕان دەبێت. ڕێبازی تیۆریکی بێ بنەما و گۆڕانکاریی بەردەوام لە داخوازییەکان، زەمینەیەکی ڕەخساند بۆ ئەوەی کە دەستکەوتە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە بازاڕە سیاسییەکاندا بفەوتێن و لەناو بچن. سیاسەتە هەڵەکانی ناوەندگەرا، کە لەسەر بنەمای بڕیاری تاکلایەنە جێبەجێ دەکران، هەموو دەرفەتە مێژووییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان یەک بە یەک لەناوبرد.
بەداخەوە بۆ جارێکی تر قورسترین باجی ئەم وێنا سیاسییە، لەلایەن گەنجانی کوردەوە دراوە. هەزاران گەنج کە بە خواست و ئاواتی پاراستنی خاک و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانەوە پەیوەست بەم پرۆسەیە بوون، بوونە قوربانیی حیساباتی هەڵە و سیاسەتی کۆیلایەتیی پەکەکە. ئەمڕۆکە کاتێک مرۆڤ ئاوڕێک لە ئەنجام و ئاکامەکانی ئەم هەموو ساڵە دەداتەوە، ئەم پرسیارەی لەلا دروست دەبێت: ئایا ئەم هەموو قوربانی و تێچووە قورسانە تەنها بۆ ئەوە دران کە لە کۆتاییدا چەکەکان ڕادەستی ڕێژیمی سووریا بکرێن و تێکەڵ بە ئەرتەشی ئەو وڵاتە ببین؟ ئەم شکستە کە ئەمڕۆکە هەوڵ دەدرێت تا وەک هەواڵێکی ئاسایی و سەرکەوتنێکی مێژوویی پەردەپۆش بکرێت، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هەڵە گەورەکانی ڕێبەری ئەم بیرۆکەیە، واتە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
کورد ئەگەر دەیانهەوێت بە مافەکانی خۆی بگات، پێویستە دەستبەجێ واز لە هێڵی تەسلیمتەڵەبی و خۆبەدەستەوەدانی ئۆجەلان بهێنێت و دەست خەباتێکی سیاسی و چەکدارانەی مۆدێرن بە ڕۆحێکی نەتەوەیی بکات. تاکە دۆخێک کە دەتوانێ کورد لە داگیرکەران بپارێزێت، دەوڵەتێکی سەربەخۆیە نەک هیچی دیکە.