لە نێوان دیمەنی کۆتر و ئەرکی گورگدا

لە نێوان دیمەنی کۆتر و ئەرکی گورگدا

پاراستنی ناسنامەی ئێزدی وەک ئایینێکی ڕاستەقینە پێویستی بە لەناوبردنی ڕەگ و ڕیشە کوردەوارییەکانی ئێزدایەتی نییە، هەروەها کوردبوونی ئێزدایەتیش، پێویستی بە لەناوبردنی بیروباوەڕی ئێزدی نییە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

موراد ئیسماعیل لە “یزدا”وە بۆ پەرلەمان: پرۆژەی ناسنامەی ئێزدیان لەگەڵ ستراتژیی پەکەکە لە شنگال ناکۆکە.

بەشی یەکەم: کاتێک پلانەکە گۆڕا

لە حەواندنەوەی ئێزدیەکانەوە تا جیاکردنەوەیان لە ناوەندی نەتەوەیی کورد

هەر ناسنامەیەک دوای کارەسات دیاری ناکرێن.

ڕاستی مێژوویی ئەوەیە کە خاوەنەکانی زۆر درەنگ لێی تێدەگەن، چونکە کارەسات دەشێت لەو کاتەدا بێت کە یادەوەرییەکان تێیدا ساڕێژ دەبن و برینەکان دەگۆڕدرێن بۆ سنووری سیاسی، ئایین دەگۆڕێت بۆ نەتەوە و تایبەتمەندییە ڕۆحییەکان دەگۆڕێن بۆ پڕۆژەیەکی دەسەڵات و نوێنەرایەتی.

ئایا ئێزدی نەتەوەیەکی سەربەخۆی دیاریکراوە، یان ئایینێکە کە بەشێکی ڕەسەنی گەلی کوردە کە تایبەتمەندیی ڕۆحیی خۆی لە زۆرداری پاراستووە؟

نەتەوە تەنها بە ناو دروست نابێت، بەڵکوو بە زمان، جوگرافیا، یادەوەری، کولتوور، داب و نەریت و خەیاڵی مێژوویی هاوبەش بنیات دەنرێت.

کاتێک سەیری ئێزدییەکان دەکەین، دەبینین زمانی دایکیان کوردییە و قسە و دوعا و کولتووری زارەکییان بە کوردی پارێزراو بووە، هەروەها جلوبەرگ و گۆرانی و داوەت و نەریت و پەندی پێشینیان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، بەتەواوی لە ژینگەی کوردستاندا جێگیر کراون. جوگرافیای مێژوویی ئەوان درێژدەبێتەوە بۆ شنگال، شێخان، دهۆک و چەند ناوچەیەک لە تورکیا، سووریا و قەفقاز، واتە لە چوارچێوەی جوگرافیای مێژوویی گەلی کورددا هەڵکەوتووە.

جوگرافیای ڕۆژهەڵات لە مێژووی خۆیدا چەندین ئایین و پێکهاتەی جیاجیای ناسیوە و بە هۆی شەڕی ئایینی و نەتەوەییەوە خاکەکەی پڕ بووە لە خوێن.

هەر بۆیە ستەمکاریی ئایینی بەتەنها بەس نییە بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی سەربەخۆ، تووشبوونی کۆمەڵگەیەک بە کوشتن لەسەر بیروباوەڕ و تایبەتمەندییە ئایینییەکان و ستەمکارییەوە، لەناوی نابات، بەڵام کاتێک زمان و ڕەگ و ڕیشەی کولتووری و جوگرافیای نەتەوەیی ئەو نەتەوەیە نەمێنێت، ئەوا لەدەست دەچێت.

ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێزدییەک لە مافی ناسنامەی خۆی بێبەش دەکرێت، بەڵکوو ئەوە مانای ڕەتکردنەوەی گۆڕینی هەڵبژاردەیەکی سیاسی نوێیە.

پاراستنی ناسنامەی ئێزدی وەک ئایینێکی ڕاستەقینە پێویستی بە لەناوبردنی ڕەگ و ڕیشە کوردەوارییەکانی ئێزدایەتی نییە، هەروەها کوردبوونی ئێزدایەتیش، پێویستی بە لەناوبردنی بیروباوەڕی ئێزدی نییە.

پەکەکە لە قۆناغی یەکەمی خۆیدا ئێزدییەکانی وەک بەشێکی ڕەسەنی کۆمەڵگای کوردی خستەڕوو و ئایینەکەیان وەک درێژکراوەی کولتووری ڕۆحی دێرینی کوردستان دەبینی و ئۆجەلان لە زۆر سمیناردا خۆی ب “دەروێش عەبدی” دەناساند. بەڵام پەکەکە وردە وردە فەلسەفەی خۆی گۆڕی و پرۆژەی ڕزگاریی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردیی وەلانا و لەبری ئەو چەمکی “نەتەوەیەکی دیموکراتیک” و “دیموکراسی گەلان”ی هێنایە ئاراوە.

لەم فەلسەفەدا کۆمەڵگە نەک وەک یەک نەتەوە، بەڵکوو وەک تۆڕێک لە پێکهاتە ئایینی و ناوچەیی و جێندەریەکان، لێکدەدرێتەوە و بۆ هەر پێکهاتەیەکیش، ئەنجومەن و دامەزراوە و هێز و گوتاری خۆی هەیە. بەڵام بەو مەرجەی کە بە مەرجەعی فیکری گشتی فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە گرێدراو بێت. ئەم چەمکە ڕێگە دەدات بە پەرەسەندنی ڕوانگەی فرە پێکهاتەیی خۆسەر، نەتەوەبوونی کورد بە ئاسانی لاواز بکرێت.

دوای کارەساتی 3ی ئابی 2014، پەکەکە هەوڵیدا ڕاستەوخۆ ئێزدییەکان لە ناو یەبەشە (YBŞ) و ئەنجومەن و ئیدارەی خۆسەر لە شنگالدا کۆ بکاتەوە. بەڵام نەیتوانی زۆرینەی پێکهاتەی ئێزدی بکات بە لایەنگری بنەماکانی ئۆجەلان و لە واقیعدا زۆربەی هەرە زۆری ئێزدییەکان لە ناو ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەردەوام بوون.

لە ئەنجامدا پەکەکە ناچار بوو پلانەکەی بگۆڕێت: ئەگەر زەحمەت بوو بۆ ئێزدییەکان بچنە ناو باڵەکانی پەکەکە، دەیانتوانی لە باڵی ڕکابەری کوردی دایانببڕن.

بە واتایەکی تر پێویست ناکات ئێزدی بڵێت: “من لایەنگری ئۆجەلانم”، بەڵکوو تەناه ئەوە بەسە کە بڵێت: “من کورد نیم” و شنگال وەک جوگرافیایەکی ئێزدیی جیاکراوە و دابڕاو لە کوردستان بناسێنێت.

پەکەکە ئەم بیرۆکەیەی لە سفرەوە دروست نەکرد، بەڵکوو هەوێنە سیاسییەکەی لە کۆتایی ساڵانی 1980دا لە ئەرمینیا پێکهاتبوو. کاتێک کە ڕەوتێک کورمانجی وەک “زمانی ئێزدی” دانرا و ئایینەکەی خۆی گۆڕی بۆ نەتەوەیەکی سەربەخۆ.

بەڵام لە قەوقازدا کێبڕکێ لەسەر زمان و ئاماردا هەبوو.

دوای کۆمەڵکوژیی شنگال، ئێزدیایەتی گۆڕدرا بۆ پرۆژەی حوکمڕانی و هێزی چەکدار و نوێنەرایەتی نێودەوڵەتی.

بەم پلانە ستراتژیکە، دڵسۆزی ئێزدییەکانی بۆ پەدەکە گۆڕدار بۆ ڕێگریکردن لە دڵسۆزی ئێزدییەکان بۆ پەدەکە، بەبێ ئەوەی خاوەنەکانی ناچاربکەن دڵسۆزی خۆیان بۆ پەکەکە ڕابگەیەنن. هەروەها شنگال لە هەرێمی کوردستان جیابکەنەوە، بەبێ ئەوەی بە فەرمی ئاڵای قەندیل هەڵبکەن.

بەڵام چەک بەتەنها ناتوانێت جیهان بە شوناسێکی سیاسی نوێوە گرێ بدات. ئەم پڕۆژەیەی پەکەکە پێویستی بە سەردەمێکی مەدەنی و زمانێکی مافپەروەری و ڕێکخراوێک هەبوو کە بە ناوی قوربانیانی شنگالەوە بچێتە پەرلەمانە نێودەوڵەتییەکان.

لەم کاتەدا موراد ئیسماعیل سەریهەڵدا و سیاسەتی کراسی کۆتری گرتەبەر.

Share