کاتێک ژیری دەکرێتە ئامانج

کاتێک ژیری دەکرێتە ئامانج

ئەگەر کورد خۆی لە شەڕ نادات، لەبەر ئەوە نیە کە شەڕ نازانێت، بەڵکوو لە شەڕ دەکشێتەوە لەبەر ئەوەی کە واقیعی شەڕ لەوانە باشتر دەزانێت کە هەڕەشەی لێدەکەن.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

کوردستان لە نێوان ئەخلاقی ئاشتی و سنوورەکانی سەبووری مێژووییدا

هێز ڕاستی خۆی ئاشکرا ناکات کاتێک کە لە شەڕێکدا سەردەکەوێت، بەڵکوو کاتێک بڕیار دەدات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا بکات کە نایهەوێت ببێتە دوژمنی.

بەئامانجکردنی نووسینگەی تایبەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەرپرسی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری لە بەرەبەیانی 17ی ئابی 2026دا، ناکرێ لە بە ئامانجکردنی دوو باڵەخانەدا کورت بکرێتەوە، چوونکە درۆن کاتێک کە بەرەو دەزگایەکی سەروەری دەڕوات، بۆ بوردومانی بینایەیەک ناڕوات، بەڵکوو هەوڵ دەدات ئیرادەی ناو بیناکە کۆنتڕۆڵ بکات.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دووپاتیان کردۆتەوە کە ئەو دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە خاکی ئێرانەوە هەڵدراون، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕابگەیەنێت. بەڵام بۆمبی بێ ئیمزا بێ مەبەست نییە. هێز هەندێک جار پەنا بۆ ئاڵۆزی دەبات، کاتێک دەیەوێت هەڕەشە بکات بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی ترس بەناوی ئەوەوە قسە بکات.

ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئیدارەی ئەمریکا و فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە میدیا جیهانییەکاندا تیشک خرایە سەر.

هاوکات بوونی ئەم ڕووداوانە بەتەنها بەس نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە بۆردومانەکە وەڵامێک بووە بۆ ئەو نێوەندگیرییە، بەڵام لەگەڵ پارادۆکسێکی ئەخلاقی و سیاسیدا بەرەوڕوومان دەکات: بۆردومانکردنی بینایەک کە هەوڵیداو ڕێگری لە شەڕ بکات، چ واتایەکی هەیە؟

ناوبژیوان نامەبەرێک نیە لە نێوان دوو ڕکابەردا، بەڵکوو مەیدانێکی کاتی متمانەیە کە تێیدا حیکمەت لە نێوان دوو هێزدا ڕادەوەستێت. ئەو هێزانە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چوونە ناو ململانێ…، نێچیرڤان بارزانی هەوڵیداوە کە جوگرافیای کوردستان لە چارەنووسێکی گەمارۆدراو بە کێشە و ململانێیەکانەوە، بگۆڕێت بۆ ئیرادەیەکی سیاسی کەوا دیالۆگ دەخوڵقێنێت. ئەم گۆڕانکارییە سەردەمیانەیە کە ئەم زلهێزانە لێی دەترسن. ئەو هێزانە فێربوون کە کورد وەک مەیدان و گۆڕەپانێک ببینن نەک وەک خاوەن بڕیار، واتە جوگرافیایەک کە بەکار بهێندرێت، نەک ئیرادەیەک کە ڕێزی لێبگیرێت.

ئەوان دەیانەوێت کوردستان ببێتە پردێک بۆیان کاتێک کە پێویستیان بە هەڵاتن دەبێت، بەڵام ئامادە نین دان بە مافی خاوەن پردەکەدا بنێن بۆ ئەوەی کە شوێن و داهاتووی خۆیان دیاری بکەن.

لێرەدا قەیرانی چەمکی دەسەڵات لە ئێراندا بەدیار دەکەوێت. دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەت بگەنە ماڵی دراوسێکەت، بەڵکوو کاتێکە کە متمانەکە بگاتە دڵی ئەو. دەوڵەت بە متمانەی پتەو، ژینگەی دەوروبەری خۆی لەسەر بەرژەوەندی بنیات دەنێت، بەڵام دەوڵەتی کێشەدار لەسەر ترس بنیاتی دەنێت. هەر دەوڵەتێک هەوڵی بنیاتنانی ئاسایشی خۆی لەسەر خاکی ئەوانیتر بدات، دواجار بە نائەمنی هۆشیاریی ئەوان کۆتایی دێت، ڕەنگە لە کورتماوەدا قازانج لە بێدەنگی بکات، بەڵام سەردەمێکی تەواو لە متمانە دەدۆڕێنێت.

کورد زۆر سەبوور و خۆڕاگر بووە، بە ڕادەیەک کە هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە سەبر بۆتە سروشتی هەتاهەتاییان. بەڵام میللەتێک ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەبوونی بینیبێت، خۆی لە شەڕ نادزێتەوە لەبەر ئەوەی کە شەڕ نازانێت، بەڵکوو لە شەڕ دەکشێتەوە لەبەر ئەوەی کە واقیعی شەڕ لەوانە باشتر دەزانێت کە هەڕەشەی لێدەکەن.

سەبووری کورد لاوازی نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی ئەخلاقییە کە دوای مێژوویەکی دوورودرێژ لە مەرگ، ژیانی هەڵبژاردووە.

بەڵام ئەمە دەستبەرداربوون لە کەرامەت نییە و ڕەزامەندییەکی ئاشکراش نییە بۆ پێشێلکردنی سەروەری. ئەو ئاشتیەی کە تەنیا لە قوربانیدان داوای دەکرێت، ئاشتی نییە، بەڵکو خۆبەدەستەوەدانێکە کەوا بە زمانی دیپلۆماسی و دانبەخۆداگرتن ڕازاوەتەوە تا ڕێگری لە دەستدرێژی بکات و لە فەزیلەتێکی ئەخلاقیەوە بگۆڕێت بۆ پاداشتێکی سیاسی بۆ دەستدرێژکار…

بۆیە دەبێت کورد لە سەبری ڕووتەوە بڕوات بەرەو سەبرێکی چەکدارانەی لێهاتوو:

یەکخستنی بڕیار

دروستکردنی بەرگریی ئاسمانی

بە بەڵگەکردن و بەنێودەوڵەتیکردنی دەستدرێژییەکان

و یەکلاکردنەوەی بەغدا بەرانبەر بە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی.

چونکە عەقڵ بەبێ هێزێک کە بیپارێزێت، دەبێتە پاڕانەوە و هێزی بە بێ عەقڵیش دەبێتە خۆپەرستی و بێباکی، بەڵام بەرپەرچدانەوەی ترسناک ئەوەیە کە دەست بۆ ئاشتی درێژبکەیت لەکاتێکدا دەتوانیت پارێزگاری لەو ماڵە بکەیت کە لەدەستیداوە.

کوردستان دەبێ پردێک بێت، بەڵام پرد، خاکێکی بێ خاوەن نیە و دراوسێتیەکی پارێزراوی دەوێت لەگەڵ ئێراندا، بەڵام ئەو دراوسێیەتییە بەو مانایە نییە کە لایەنێک لەسەر حیسابی سەروەری ئەوی دیکە لە ئاسایش و ئارامیدا بژیت.

سەبر و خۆڕاگری کورد بێ سنوور نیە و کاتێک سەبر دەگاتە سنووری خۆی، بەرگری کردن لە هەبوون و مانەوە، بە واتای دەستبەرداربوون لە ئاشتی نییە، بەڵکو دەبێتە دوا وێنەی ئاشتییەکی مومکین، چونکە میللەتێک خۆی لە شەڕ بەدوور بگرێت، هەرگیز ئامادە نیە بۆ هەمیشە زەلیلکران و سووکایەتی قبووڵ بکات.

Share