بۆ: پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران و کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق

نابێ رێگا بدرێت کە لەژێر دروشمی ئازادکردنی عێراق لە دەستی ئەمریکادا، عێراق تەسلیم بە ئێران بکرێت.
سمکۆ عەبدولعەزیز
کشانەوەی ئەمریکا وەک دەروازەیەک بۆ سەپاندنی دەسەڵات و هەژموونی ئێران بەکارمەهێنن
نە هەر وڵاتێک کە تەنها ئاڵای خۆی هەڵبکات سەربەخۆیە و نە هەر خاکێکیش کە هێزی بیانیی تێدا نەمێنێت، ئازادە. سەربەخۆیی بە مانا فەلسەفییەکەی، ئەوە نییە کە خاک تەنیا لە نەبوونی دیتران ئازاد دەبێت، بەڵکوو ئەوەیە کە ئیرادەی دیتران کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی نەبێت. دەکرێت داگیرکاری لە جوگرافیا لاببرێت، بەڵام پاشکۆیەتی و کۆیلایەتی لە چەک، دامودەزگا، ئابووری و بیروباوەڕی سیاسیدا، بە ڕەسەنی بمێنێتەوە.
بەئامانجگرتنی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ماڵی سەرۆکی دەزگایەکی ئاسایش لە 17ی ئابی 2026دا، ڕووداوێکی لاوەکی نەبوو، بەڵکوو بەڵگەی ئەو ڕێگایە بوو کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کراوەتەوە: عێراق خاوەن سەروەرییەکی نووسراوە لە دەستووردا، بەڵام خاوەنی ئەو هێزە نیە کە ئەو سەروەرییە بپارێزێت. عێراق خاوەن حکوومەتێکی شەرعییە، بەڵام هێشتا بڕیاری شەڕ و ئاشتی لەنێوان ئەو و گرووپە چەکدارەکاندا هاوبەشە، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە، گرێدراون بە پڕۆژەی ئێرانەوە.
کێشەکە لە شیعەکانی عێراقدا نییە. ئەوان پێکهاتەیەکی نیشتمانی ڕەسەن و هاوبەشی دامەزرێنەرن لە مێژوو و قوربانیدانەکانیدا.
کێشەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ئایین لە ناو ناخ و بازنەی ڕۆحی و نەتەوەیی خۆی دوور بخرێتەوە و ببێتە ئۆرگانێکی سیاسی بۆ ‘ویلایەتی فەقیهـ’، لەو حاڵەتەدا دڵسۆزیی بۆ تاران زیاتر دەبێت لە دڵسۆزی بۆ بەغدا و پاشکۆیەتی بێگانە لەژێر ناوی پاشکۆیەتی پیرۆزی ئایینیدا پەردەپۆش دەکرێت بۆ ئەوەی کە ڕێگری لە ڕەخنە و لێپرسینەوە بگیردرێت.
دەستبەسەرداگرتنی نوێ پێویستی بە داگیرکردنی پایتەخت بە تانکەکان نییە، بەڵکوو تەنها ئەوە بەسە کە لەناو دەوڵەتدا حیزب دروستبکرێت بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزن، چەکی هەبێت بۆ ئەوەی ئیرادەی دەوڵەت هەلاهەلا بکات، خاوەنی ئابورییەک بێت کە هەژاری و پێداویستییەکانی قووڵتر بکات و گوتارێکی هەبێت کە تەسلیمبوون لە مێشک و زەینی خۆڕاگرەکاندا جێبخات. لەو کاتەدا، دامودەزگاکان بەناو عێراقی دەبن بەڵام وەک بریکار و فەرمانبەر، خزمەت بە ئیرادەیەکی غەیرە عێراقی دەکەن.
بۆیە دروست نییە کشانەوەی ئەمریکا لە 30ی ئەیلوولدا بە سەرکەوتنێک بۆ سەروەری هەژمار بکرێت. کشانەوە کاتێک دەبێتە ڕزگارییەکی ڕاستەقینە کە دەوڵەتێکی خاوەن چەک و خاوەن ئیرادە و بڕیاردەر، ببێتە میراتگری. بەڵام کاتێک هێزەکان پابەندی پرۆژەیەکی ناوچەیی بن، ئەوا دەبێتە تەسلیمبوون و ڕادەستکردن. تا ئەو کاتەی هێزە چەکدارەکانی شیعە ئامادە نەبن چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتەکەیان بکەنەوە، هێشتا مەرجەکانی سەربەخۆییەکی ڕاستەقینە، بەتەواوی دەستەبەر نەبوون.
لێرەوە بانگەوازێکی مێژوویی ئاراستەی پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران و کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی دەکەین: بەخێرایی هەنگاو بنێن بۆ دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتن و داڕشتنەوەی کشانەوە و تەواوکردنی بە نەخشەیەکی ڕوونی سەروەرییەوە گرێی بدەن: کۆکردنەوە و جێگیرکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، پچڕانی هەموو پەیوەندییە سەربازییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، دامەزراندنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی کە توانای هەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزێت، ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بکرێت و و هەموو هێزە چەکدارەکان بخرێنە ژێر یاسا و ڕێسای دەستوورییەوە.
بۆ ئەوەی ئەم مەرجە ببێتە واقیع، پێویستە بوونی ئەمەریکا بگۆڕدرێت بۆ شەراکەتێکی ئەمنی سنووردار و کاتی لەژێر چاودێری پەرلەماندا، هەروەها مافی کۆتاییهێنانی بۆ عێراق پارێزراو بێت.
ئەمە داخوازییەک نییە بۆ گۆڕینی خاوەندارێتیی ئێران یان ئەمریکا یان بۆ چەسپاندنی هەبوونی هەمیشەیی هێزی بێگانە، بەڵکوو داخوازییەکە بۆ ئەوەی کە رێگا نەدرێت لەژێر دروشمی ئازادکردنی عێراق لە دەستی ئەمریکادا، عێراق تەسلیم بە ئێران بکرێت.
عێراقی سەربەخۆ، لە بڕیاردانی سیاسیی خۆیدا نە ئەمریکییە، نە ئێرانییە، نە سوننەیە و نە شیعەشە، بەڵکوو وڵاتێکە کە تێیدا ئایین بۆ ڕۆح و ویژدان بێت، چەک بۆ دەوڵەت بێت، سەروەری بۆ یاسا بێت بڕیار تەنها لە دەستی عێراقییەکاندا بێت.