لە نێوان دیمەنی کۆتر و ئەرکی گورگدا ـ 3

لە کاتێکدا پەکەکە هەوڵدەدات شنگال لە هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە و گوتارەکەی مورادیش هەوڵدەدات ئێزدییەکان لە ناسنامەی کوردایەتی خۆیان داببڕێت.
سمکۆ عەبدولعەزیز
بەشی سێهەم
موراد ئیسماعیل و ستراتژیی پەکەکە لە شنگال
سەربازی ناسنامە لە پرۆژەی ڕووخاندنی نەتەوەی کورددا
مەترسیدارترین شەڕەکان ئەوانە نین کە بە زەبری هێز خاک لە نەتەوەیەک وەردەگرن، بەڵکوو وێرانکەرترین شەڕەکان ئەوانەن کە میللەتێک ڕازی دەکەن دەستبەرداربوون لە سەربەخۆیی و ناسنامەی خۆی بگۆڕێت تاوەکوو دەبێتە جۆرێک لە ڕزگاری. خاکی داگیرکراو بە شەڕ و زەمەن دەگەڕێتەوە، بەڵام مەگەر ئەوەی کە مرۆڤ نکۆڵی لە ڕەسەنایەتیی خۆی بکات و قوربانیانی کارەساتەکە بکاتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دوژمن.
لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت سیمای سیاسی موراد ئیسماعیل شرۆڤە بکرێت، نەوەک یەکەم کەس کە بەرگریی لە ئێزدییەکان کردووە، بەڵکوو وەک دەنگێک کە بە ئاگاهانە یان لە ڕووی نائاگاییەوە، ئەرکێک لە پڕۆژەیەکی فراوانتردا بەجێ دەگەیەنێت. پرۆژەیەک کەوا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا هەوڵی جێگیرکردنی دەدات.
بەرگری پەرلەمانی لە کارەساتی ئێزدییەکان بە سەرکەوتنی موراد ئیسماعیل لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی پێنەکرد.
ساڵانێک پێش ئەو، نوێنەر و پیاواقووڵانی شەنگال بوون کە ئەو پرسەیان بردبووە بەغدا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و لە هاوکێشەیەکی ڕوون و ئاشکرادا داکۆکییان لە مافی گەلەکەیان دەکرد: ئێزدی ئایینێکی ڕەسەنی کوردانەیە و ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی جەستەی نەتەوەی کوردن.
لە ڕێکەوتی 5ی ئابی 2014دا کە هەزاران کەس لەسەر چیای شنگال گەمارۆ درابوون، ڤیان دەخیل لە ژێر سەقفی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە پێیەوە ڕاوەستابوو.
ئەو، وتارێکی سیاسیی سارد و سڕی نەدا، بەڵکوو هاوار و گریانی خەڵکێکی جینۆسایدکراوی هەڵگرتبوو.
بە فرمێسکەوە هاواری لە پەرلەمان و جیهان دەکرد بۆ ئەوەی ژن و منداڵان لە چنگی دڕندەکان ڕزگار بکەن.
دەنگی ئەو ویژدانێک بوو کە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی شکاند.
ڤیان تەنیا بە قسەکردنەوە نەوەستا، بەڵکوو دوای چەند ڕۆژێک سواری هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری بوو بۆ ئەوەی کە ئەو خەڵکە گەمارۆدراوەی سەر چیاکە ڕزگار بکات و لە ڕووداوی بەربوونەوەی کۆپتەرەکەدا بریندار بوو.
ئەو هەمیشە لە پەرلەمان و لەسەر زەوی ئامادە بوو: لە ئایینەکەیدا ئێزدی بوو، لە نەتەوەی خۆیدا کورد بوو، لە بەرپرسیارێتیەکەشیدا نوێنەری خەڵک بوو.
شانبەشانی ئەو، دکتۆر ماجد شنگالی، نوێنەرایەتی هەرێمەکەی دەکرد. هەروەها پەرلەمانتارانی دیکەی ئێزدیش داکۆکییان لە مافی ڕزگاربووان دەکرد و داوای (هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، و داننان بە جینۆساید) دەکرد.
بۆیە ئێزدییەکان بێدەنگ و بێ نوێنەرایەتی نەبوون تا موراد هاتبێت و دۆزی سیاسی خەڵکی شنگال لە نووسینگەی مورادەوە دەستی پێکردبێت.
جیاوازییەکە لە نێوان بێدەنگی و قسەکردندا نییە، لە نێوان ئەوانەی خەمی ئێزدییەکان دەخۆن لەگەڵ ئەوانەی پشتگوێیان دەخەن نییە، بەڵکوو لە نێوان دوو پڕۆژەدایە کە پێناسەی تاکی ئێزدی دەکەن:
پرۆژەی یەکەم: ئێزدایەتی وەک ئایینێکی تایبەت و دەوڵەمەند لە ناو نەتەوەی کورددا دەبینێت و تایبەتمەندییەکەی دەپارێزێت بەبێ ئەوەی بیکات بە هەوێنێک بۆ جیاکردنەوە و دوورخستنەوەیان لە ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیی خۆیان.
پرۆژەیەک کە موراد نوێنەرایەتیی دەکات: تایبەتمەندییەکانی ئایینی ئێزدی دەگوازێتەوە بۆ سەر ئاستی نەتەوەیی و ئێزدییەکان وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ و جیاواز دەخاتە ڕوو کە پێویستی بە بەستێنێکی سیاسی دابڕاو لە مەرجەعییەتی کوردستانی هەیە.
لێرەدا شوناس نابێتە پاراستنی مێژوو، بەڵکوو دەبێتە ئامرازێک بۆ داڕشتنی ئایندەیەکی نوێ.
لێرەدا ڕۆڵی موراد لە ستراتژیی پەکەکەدا بەدیار دەکەوێت، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوەیی هەبێت. چونکە سیاسەت هەمیشە پێویستی بە کەسێک نییە کە کارتی حزبیی لە باخەڵدا هەبێت، بەڵکوو هەندێک جار پێویستی بە کەسێکی سەربەخۆ هەیە کە چ ئاگاهانە و چ لە رووی نائاگاهییەوە، ئەرکی ئەو حزبە جێبەجێ بکات.
دەتوانین بڵێین موراد لەم هاوکێشەیەدا وەک گوللـەیەکی سیاسی لە ناو دارتەختێکی گەورەتردا سەیر بکرێت. مەبەست لە فیشەکێکی سیاسی کەمکردنەوەی کەسایەتییەکەی نییە، بەڵکوو بۆ ڕوونکردنەوەی شوێنی قسەکانیەتی لە ستراتژییەکدا کە لە سنوورەکانی ئەو گەورەترە. سەرباز ڕەنگە بتوانێت بە ئیرادەی خۆی بجووڵێتەوە، بەڵام ئەو لە ناو ئەو فەزایەدا دەتوانێ بجووڵیتەوە کەوا ئەکتەرێکی دیکە بۆ ئەوی کێشاوە و بە شێوەیەک کە بۆخۆی خوڵقێنەری نییە.
پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی سیاسی دەستی پێکرد کە دروشمی ڕزگارکردنی کوردستانی گەورەی بەرزکردبۆوە. دواتر لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی ڕەتکردەوە و چەمکەکانی وەک “نەتەوەی دیموکراتیک” و ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”ی گرتەپێش. لە پەیامەکەی ساڵی 2025ی ئۆجەلاندا، پڕۆژەی دەوڵەتداری و فیدراڵیزم و سەربەخۆیی نەتەوەیی لەپێناو بەرژەوەندیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا پەراوێزخران.
لێرەدا پارادۆکسێکی هزریی قووڵ بەدیار دەکەوێت: پەکەکە دەڵێ دەبێ کورد لە نەتەوەییبوون دەرباز ببێت، بەڵام نەتەوەبوونی تورک یان عەرەب یان فارس دەبێ هەر بە باڵادەستی بمێنێتەوە. واتە نەتەوەونی کورد لەناو ببرێت و تێکەڵ بە نەتەوەکانی دیکە بکرێن.
پێویستە تورکیا وەک دەوڵەت لە ناوەڕۆکی خۆیدا تورکی بمێنێتەوە، سووریا گرێدراوی بە ناوکە عەرەبییەکەی خۆی بێت، عێراق و ئێرانیش بە سنوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزرێن، بەڵام تەنها داوا لە کورد دەکرێت کە بەناوی پێشکەوتنی فیکرییەوە دەستبەرداری مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بن.!
لە تورکیادا: داوا لە کورد دەکرێت لەبری ئەوەی داوای قەوارەیەکی نەتەوەیی بکەن، تێکەل بە تورکیایەکی دیموکراتیک ببن.
لە سووریادا: ناوی “رۆژئاڤا” وەلانرا و گۆڕدرا بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پرسی کورد لە مافی چارەی خۆنووسینەوە گۆڕدرا بۆ ئیدارەیەکی فرە پێکهاتە.
لە شنگالدا: فەلسەفەیەکی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، ئێزدییەکان لە جەوهەرە نەتەوەییە کوردییەکەیان دەگۆڕدرێن بۆ نەتەوەیەکی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی شنگال بە ئاسانی لە ناوەڕۆکی قووڵی کوردستانیبوونی داببڕدرێت و بڕیارەکانی بە بەغدا و میلیشیا چەکدارەکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی عێراقەوە گرێ بدرێن.
بۆیە پەکەکە لە شنگال زیاتر لەوەی کە پێویستی بە چەک هەبوو، پێویستی بە دەنگێک لە ناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا هەبوو بۆ ئەوەی سێبەری جێگایەک بە پڕۆژەکەی خۆی بدات. ڕێکخراوێکی بیانی ناتوانێت ڕاستەوخۆ بە ئێزدییەکان بڵێت واز لە میللەتی کوردی خۆیان بهێنن. ئەوان پێویستیان بە کەسایەتییەکی ئێزدی هەبوو کە هەمان پەیامی هەبێت، بەڵام بە زمانی قوربانییەکە بدوێت: ئێمە ئێزدین و کورد نین. بەم شێوەیە موراد دەبێتە فیشەکێکی سیاسی.
سیستەمی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە سەرەتادا چیرۆکێکی ڕزگارکەر و نادەروەستی دروست کرد: پەکەکەی وەک فریادڕەس و پارتیی وەک نادەروەست وێنا کرد. دواتر هاتن و شکستێکی سەربازییان گۆڕی بۆ دابڕانی دەروونی، بەرلەوە کە موراد بێت و فۆرمولەیەکی نیشتمانی و نوێنەرایەتی سیاسی و دەنگەکانی هەڵبژاردن بەو دابڕانە بدات.
ئەمەش بەم قۆناغانەدا تێپەڕ بوو:
لە قۆناغی یەکەمدا: لە ڕێگای بەکارهێنانی چەکەوە خۆی سەپاند.
لە قۆناغی دووەمدا: ئامێرە زەبەلاحەکەی میدیای خۆی خستەکار.
لە قۆناخی سێهەمدا: هەڵبژاردن و پەرلەمان و گێڕانەوەی قوربانیدان بوونە ئامرازی پڕۆژەکە.
دواتر قۆناغەکانی (1، 2، 3) بەکارهێنران بۆ پشتگیریکردنی پلاتفۆرمەکانی موراد لە هەڵبژاردنەکاندا.
بابەتەکە تەنها گۆشەگیریی ئەخلاقی بۆ کاندیدێکی ئێزدی نەبوو، بەڵکوو وەبەرهێنان بوو لە پرۆژەیەکدا کە ئامانجی لەناوبردنی ناسنامە و مەرجەعییەتی ئێزدییەکان بوو لە بەرامبەر پارتیدا. بۆیە سەرکەوتنی موراد تەنها ڕۆیشتنی پارلمانتارێکی تر نەبوو بۆ ناو پەرلەمان، بەڵکو پەرەپێدانی چیرۆکێکیش بوو کە دەڵێت شنگال چیتر دیلی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان نییە.
ئەم شرۆڤەکردنە پێویستی بە ئیدیعای موراد نییە بۆ ئەندامێتی حزبی لە ناو پەکەکەدا، تەنانەت ئەگەر بەڵگەش هەبێت یان نا. پرسیارە قووڵترەکە ئەوەیە: گوتارەکەی موراد خزمەت بە کامە پڕۆژە دەکات؟
لە کاتێکدا پەکەکە هەوڵدەدات شنگال لە هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە و گوتارەکەی مورادیش هەوڵدەدات ئێزدییەکان لە ناسنامەی کوردایەتی خۆیان داببڕێت، هەردوو ڕێگاکە هەمان ئەنجامیان لێدەکەوێتەوە، ئەویش دابڕانی کەسێکە لە نەتەوەکەی، و پاشان دابڕانی خاکەکەیەتی لە قووڵایی نیشتمانەکەی خۆی.
ڕەنگە موراد ڕەخنە لە ئامادەبوونی چەکداری پەکەکە بگرێت وەک تاکتیکێک، بەڵام ناڕەزایەتی لەسەر ئامرازەکانی پڕۆژەکە، دەرئەنجامەکەی پووچەڵ ناکاتەوە. لەوانەیە سەرباز لەگەڵ ئەکتەرەکەدا هاوڕا نەبێت، بەڵام ئەو هێشتا لە ناو ئەو رووبەرەدا دەجووڵێتەوە کە ئەکتەرەکە بۆی دەستنیشان کردووە.
ڤیان دەخیل جینۆسایدی کردە ڕێگەیەک بۆ پاراستنی کوردانی ئێزدی و سەلماندنی ڕەوایی مافەکانیان، لە کاتێکدا وتارەکەی موراد دەبێت بە دەروازەیەک بۆ داڕمانی ناسنامە نەتەوەییەکەیان.
یەکەمیان هاواری شنگالی لە چوارچێوەی ناسنامە کوردیەکەیدا گەیاندە جیهان و ئەوەی دووەمیان مەسەلەکەی لە داواکردنی دادپەروەرییەوە دەگۆڕێت بۆ دروستکردنی شوناسێکی سیاسیی بەدیل.
بەڵام میللەتێک بە هەڵەکانی حیزبێک لەناو ناچێت، هەروەها ئایینێک بە هۆی کارەساتێکەوە نابێتە نەتەوەیەکی جیا. حیزبەکان هەڵە دەکەن و دەگۆڕدرێن، سەرکردەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام شوناس و ناسنامەی گەلان، هەرجارەو سەرلەنوێ دروست نابێتەوە کاتێک ڕووبەڕووی شکست یان کارەسات دەبنەوە.
کۆتر ئەوە دۆزی ئینسانییە بوو کە دەرگاکانی جیهانی بەڕووی قوربانییەکاندا کردەوە.
گورگیش ئەو میدیایە بوو کە چیرۆکی ڕزگاریی بۆ خۆی و بەرژەوەندییەکانی بەکارهێنا.
بەڵام ئەمجارە گورگ پێویستی بە دەرخستنی ڕووی خۆی نەبوو، چونکە سەربازێکی بینی کە پەیامێکی لە ناو برینی ئێزدیەکانەوە هەڵگرتبوو: گۆڕینی تایبەتمەندیی ئایینێکی دەوڵەمەند لەناو نەتەوەی کورددا بۆ شمشێرێک کە ئێزدییەکان جیابکاتەوە.
شەڕی ئەمڕۆی شنگال تەنیا لەسەر کورسییەکی پەرلەمان نییە، بەڵکوو لەسەر پێناسەکردنی ئەو کەسانەیە کە لەوێ دەژین. ئەگەر ئێزدییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانن بەرگری لە ئایینەکەیان بکەن جگە لە نکۆڵیکردن لە نەتەوەبوونی خۆیان، ئەوا پڕۆژەی داڕماندنەکە سەرکەوتوو بووە بەبێ ئەوەی یەک فیشەکیش بتەقێت.
گەلان ئەو کاتە نامرن کە خاکی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵکو کاتێک لەناو دەچن کە بەشێک لە ڕۆڵەکانیان دەبنە سەرباز بۆ ئەوەی کە لەژێر ئینتیساب و ئازاری برینەکاندا سنوورێکی نوێ دروست بکەن.