ناوی پارتە نوێیەکەی ئۆجەلان ئاشکرا بوو: “تەڤگەری کۆماری دیموکراتیک”

بوڵدان: “چەند مانگێکی دیکە کۆنگرەیەکی تر دەبەستین و حیزبێکی نوێ بە ناوی ‘تەڤگەری کۆماری دیموکراتیک’ دادەمەزرێنین”.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ناوەندی ڕۆشنبیری نازم حیکمەت لە ئەنقەرە بەڕێوە برد. لە کۆنگرەکەدا، تونجەر باکرهان و توولای هاتیمۆگولاری بە کۆی گشتی 535 دەنگی نوێنەران، جارێکی دیکە وەک هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرانەوە.
ئەم کۆنگرەیە کە بە هۆی پابەندبوونی یاسای پارتە سیاسییەکان وەک پرۆسەیەکی ڕۆتینی ڕێکخرابوو، بوو بە هەوێنی ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگایەکی سیاسی نوێ.
پەروین بوڵدان: “دامەزراندنێکی نوێ دەست پێدەکات”
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی پێشووی شاندی ئیمرالی، دوای ئەوەی دەنگی خۆی دا، لێدوانێکی گرنگی بە ڕۆژنامەنووسان دا.
بوڵدان ڕایگەیاند کە پارتەکەیان دەچێتە سەردەمێکی نوێی بنیاتنانەوە و وتی:
“وەرن با ئەم هەنگاوە پیرۆز بکەین، وەک حزبێک دەچینە سەردەمێکی نوێی دامەزراندنەوە، لەم سەردەمی بنیاتنانەدا لەگەڵ گەلی تورکیا خەباتێکی گەورە دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتی هەمیشەیی بێت”.
لە “دەم پارتی”یەوە بۆ “تەڤگەری کۆماری دیموکراتیک”
پەروین بوڵدان ئاشکرای کرد کە چەند مانگێکی تر کۆنگرەی سەرەکی و چارەنووسساز دەبەسترێت و ناوی نوێی تەڤگەرەکەی ڕاگەیاند:
“ڕەنگە چەند مانگێکی تر کۆنگرەیەکی تر ببەستین و لە ڕاستیدا بزووتنەوەیەکی نوێ بە ناوی ‘تەڤگەری کۆماری دیموکراتیک’ دادەمەزرێنین. یەکەم پەیامی ئەم گۆڕانکارییە ئەمڕۆ درا و یەکەم هەنگاویشی بۆ هەڵگیرا”.
ئەو پڕۆسەیە نوێیە کە بە هەنگاوێک بۆ گۆڕینی ناو و نەخشەی سیاسی دادەنرێت، نیشانەی ئەوەیە کە دەم پارتی (DEM) ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی کە لە بەهاری داهاتوودا گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنەی ڕێکخراوەیی و سیاسی ئەنجام بدات.