لە ئیمرالی ترافیکێکی زۆری کۆبوونەوەکان هەیە. جەمیل بایک، دوران کاڵکان، سەبری ئۆک، بەسێ هۆزات، مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد و بەرپرسانی دیکەی ئاستی ناوەڕاستی پەکەکە چوونەتە ئیمرالی. سەرکردە باڵاکانی پەکەکە یەک بە یەک دەچنە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە.
لە کۆتاییدا جەمیل بایکیش کە لە کانوونی دووەمی 2025دا ئامادە نەبوو بچێتە ئیمرالی و گوتبووی “سەرۆک شێت بووە”، ناچار بوو بچێتە سەر مێزەکەی ئۆجەلان. کێ ئاگای لەم هاتوچۆیانەی ئیمرالی هەیە؟ میتی تورکیا دەزانێ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەزانێ، وەزارەتی ناوخۆی دەولەتی تورک دەزانێ، سەرکردە باڵاکانی پەکەکە لە قەندیلیش دەزانن.
دیدارەکان لە کێ دەشاردرێنەوە؟ لە گەلی کورد!
کورد بێ ئاگایە لەو بڕیارانەی کە لە بارەی چارەنووسی ئەوەوە دەدرێن، لەو دانوستانانە بێ خەبەرە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەدەچن. لەبەر ئەوەی کە گەمەیەکی گەورە و مەترسیدار بە چارەنووسی گەلی کوردەوە دەکرێت.
ئۆجەلان خیانەتێکی وەها ئۆرگانیزە دەکات کە نەک هەر ئایندەی کورد لە باکوور، بەڵکو ئایندەی ڕۆژئاڤا و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێشکەشی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکات. ئێستاش بۆ شاردنەوەی ئەو خیانەتە گەورەیەیان، دانوستانەکان دەشارنەوە. ئەو ڕێککەوتنانە دەشارنەوە کە کراون.
لە کاتێکدا بە ڕای گشتی دەوترێت کە “تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە کادیرەکان سوود لە پێڤاژۆ وەردەگرن”، بەڵام لە پاشخانەکەدا هەموو سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە هێدی هێدی دەخرێنە ناو پرۆسەکەوە.
دەوڵەت ستراتژیی خۆی جێبەجێ دەکات و سەرکردەکانی پەکەکەش هەوڵدەدەن کە داهاتووی خۆیان مسۆگەر بکەن. لەم نێوەندەدا ڕۆژئاڤای کوردستانیان بە دەوڵەتی سووریا فرۆشت و هەوڵی فرۆشتنی شنگال بە دەوڵەتی عێراق دەدەن. لە کاتێکدا کە بازاڕی سیاسی گەرمە و چارەنووسی ئەم گەلە مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە گەلی کوردستان ئاگای لێی نییە.
لەسەر ئەم مێزانەی کە لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد دانراون، ئیرادەی کورد لەبەرچاو ناگیردرێت. ئەم پرۆسەی دانوستانە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوە دەچێت، بەشێکە لە گەمەیەک کە ئایندەی کورد تاریک دەکات. بەڵام هەقێقەت ناشاردرێتەوە!