پێکناکۆکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک “میری تاریکی”دا

پێکناکۆکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک "میری تاریکی"دا

موستەشاریەتی مەزڵووم عەبدی بۆ ئەحمەد شەرع و موستەشاریەتی ئۆجەلان بۆ ئەردۆغان، بە تەواوی لەیەک دەچن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان لەگەڵ موستەشارەکانی باشووری کوردستان لەسەردەمی سەددام حوسێندا نییە.

چاوپێکەوتنێکی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕیوەبەریی کەجەکە، لەگەڵ کەناڵی “نووچە تیڤی” لە 17ی ئەیلولی 2026دا بڵاوکرایەوە. بایک وەک هەمیشە هەڵسەنگاندنە بێ نرخەکانی خۆی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە کورد لەم چاوپێکەوتنەدا دەربڕی و بە ئاشکرا و بە بێ ئەوەی کە شەرم دایبگرێت ڕایگەیاند کە ئەوان دەوڵەتیان بۆ نەتەوەی کورد ناوێت و هەبوونی دەوڵەتێکی ئازاد بۆ کوردان، ئازادییان بۆ ناهێنێت. هەروەها بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە نایانهەوێت سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا بگۆڕن.

چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە لەگەڵ کەناڵی نوچە تیڤی، شکستێکی قووڵ و پێکناکۆکییەکی گەورەی لەڕووی فەلسەفەی سیاسی و ستراتژیی سەربازی و هەستی نەتەوەییەوە نیشان دا. چونکە کاتێک گەلی کورد، چاوەڕێی هەڵوێستێکی ڕادیکاڵی پەکەکە بوو بەرامبەر بە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، دەرکەوت کە پەکەکە و سەرکردەکانی بەپێی پارادایمی سەرۆکەکەیان [ئۆجەلان] بە تەواوی تەسلیمی دەوڵەتی تورک بوون و ناشیشارنەوە. هەڵسەنگاندنە بێنرخەکانی بایک، نەک هەر پرسیاری قورس لە مێشک و زەینی کۆمەڵگەی کوردستاندا خوڵقاندووە، بەڵکوو هاوکات برینێکی زۆر قووڵی لە دڵی هەزاران بنەماڵەی شەهید و برینداراندا دروست کردووە و گەلی کوردی تووش ترس و دڵەڕاوکێیەکی قووڵ کردووە.

یەکێک لە خاڵە ئازاربەخشەکانی قسەکانی بایک، ڕوانگەکانی سەبارەت بە چەمکی “دەوڵەت” بوو. بایک لەلایەک دەڵێ، دەوڵەت ئامرازێکی چەوساندنەوە و ئینکارییە کە هیچ ئازادییەک بە کورد نادات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە زۆر بە ئاسانی دەڵێت: “نامانەوێت دەوڵەتی تورکیا دابەش بکەین و دەوڵەتێک بۆ کورد دامەزرێنین”. ئەم قسانە برینێکی قووڵ لە دڵی کۆمەڵگەی کوردیدا دروست دەکات؛ چونکە گەلی کورد دەیان ساڵە، بەهەزاران ڕۆڵەی بەوەجی خۆی لەو ڕێگایەدا فیدا کردووە، بە ملیۆنان کورد ئاوارە و دەربەدەر بوون و هەزاران گوندی کوردستانش سووتێنراون و چۆڵ کراون و سەرجەم ئەمانە لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی کوردستاندا بوون. نەتەوەی کورد کاتێک دەبینێت کە ئامانجی کۆتایی پەکەکە تەنها پاراستنی سنووری داگیرکەرەکانە، بێگومان لەگەڵ ئازاری قورس و هەستی فریوخواردن بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئەگەر دەوڵەت ستەمکارە و ماف نابەخشێت، کەواتە بۆچی دەبێ نەتەوەی کورد ببێتە پاسەوان و پارێزەری هەمان ئەو سنوورانەی کە کوردەکانی لەسەر خاکی خۆیاندا زنجیر کردووە؟

پێکناکۆکی دووەم کە هەستی نەتەوەیی ئازار دەدات، تەعامولی دوولایەنەیە بەرامبەر بە هێزە سەربازییەکانی کورد. بایک تێکەڵکردنی یەبەشە لە ناو سیستەمی سەربازیی عێراق بە “هەنگاوێکی باش” ناودەبات و پاڵپشتی لە تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ ڕێژیمی سووریا دەکات. بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر یەکێتیی ناوخۆیی کوردستان، دەرگاکان دادەخرێن و دەبێ هەموو شتێک بەپێی ویست و بەرژەوەندییەکانی پەکەکە بێت، دەنا شتێک بە ناوی یەکێتی نەتەوەیی نامێنێت. ئەم هەڵوێستە ئاگر لە دڵی گەلی کورد بەردەدات کە بۆچی پەکەکە ئامادەیە کوڕ و کچانی کورد ڕادەستی ئەو دەوڵەتانە بکات کە دەستیان بە خوێنی کوردان سوورە و ئەنفال و جینۆسایدیان کردوون، بەڵام هاوکات ئامادە نییە ئەوان تێکەڵ بە دامەزراوە نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان بکات؟ ئەم دوورکەوتنەوەیە لە برایەتی و یەکگرتوویی خاکەکەی خۆیان،  خەنجەرێکە کەوا لەپشتەوە لە هیوای یەکێتی نەتەوەیی کوردان دەدرێت.

بایک و سەرۆک و حیزبەکەی، دەیانهەوێت هێزە سەربازییەکانی کورد بەتایبەتی ئەوانەی کە سەر بە پەکەکەن، لەگەڵ هەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا یەکبگرن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەستبەرداری هەموو شتێک دەبن و بە ئاسانی تەسلیم دەبن، بەڵام کاتێک باسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، پەکەکە ددانەکانی خۆی تیژ دەکاتەوە و بە هیچ شیوەیەک ئامادە نییە کە ڕێز بۆ یاساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت. بەمەشەوە ناوەستن و بایک و حیزبەکەی، گەورەترین و کاریگەرترین بەربەستن لە بەردەم یەکێتی نەتەوەیی کورداندا، بەڵام هاوکات بە درۆ ڕایدەگەیەنن کە ئێمە بەبێ مەرج ئامادەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی!

کەس نازانێت کە بایک و ڕێکخراوەکەی باس لە کامە یەکێتی نەتەوەیی دەکەن. ئێوە دژی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردین، ئێوە هزری نەتەوەییبوون بە دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانە دەزانن، کەواتە بۆچی ئەوەندە باس لە یەکێتی نەتەوەیی دەکەن؟ هەموو شتێک ڕوونە، ئەوان ئەو دەستەواژەیە تەنها بۆ فریودانی گەلی کورد بەکاردەهێنن. ئەگینا چۆن دەکرێ کەسێک دژی دەوڵەتی نەتەوەیی بێت بۆ نەتەوەکەی خۆی و داوای تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) لەگەڵ داگیرکەرانی وڵاتەکەی بکات و لە هەمان کاتدا باسی یەکێتی نەتەوەیی بکات؟ ئایا یەکێتیی نەتەوەیی کورد بە ئەنتەگرەبوون لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا پێکدێت؟

سەرنجڕاکێشترین و پێکناکۆکترین بابەت لە چاوپێکەوتنەکەی بایکدا، ئەو ڕەخنانەی بوون کە لە مەزڵووم عەبدیی گرت. بایک گوتی: “نەدەبا مەزڵووم عەبدی ئەرکی ڕاوێژکاری (موستەشاری) ئەحمەد شەرعی قبووڵ کردبا”. بەڵام بایک باسی ئۆجەلان ناکات کە چۆناوچۆن بۆتە گەورە موستەشار و ڕێنیشاندەری ئەردۆغان بۆ تێکشکاندنی نەتەوەی کورد و لەژێر ناوی ئەنتەگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هەوڵی ژێردەستەیی موتڵەقی گەلی کورد لەناو دەەوڵەتی تورکیا دەدات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە موستەشاریەتی مەزڵووم عەبدی بۆ ئەحمەد شەرع و موستەشاریەتی ئۆجەلان بۆ ئەردۆغان، بە تەواوی لەیەک دەچن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان لەگەڵ موستەشارەکانی باشووری کوردستان لەسەردەمی سەددام حوسێندا نییە. گومانی تێدا نییە کە مەزڵووم عەبدی بە ڕێنمایی و بڕیاری پەکەکە و ئۆجەلان ئامادە بووە کە ڕۆڵی موستەشاریەتی بۆ ئەحمەد شەرع قبووڵ بکات و لە ڕاستیدا عەبدی ناتوانێ بە بێ ئیزنی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل و ئیمرالێ، قومێک ئاویش بخواتەوە.

بەکورتی و کورمانجی، وەک هەمیشە، ئەوەندەی ئاڵۆزی و پێکناکۆکی لە قسەکانی بایکدا هەبوون، نیو ئەوەندە زانیاریی نوێ و ڕێگاچارەسەری تێدا نەبوو.

Share