باوکی نارین “رێپێوانی دادپەروەری”ی لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستانەوە بەرەو ئەنقەرە دەستپێکرد

باوکی نارین "رێپێوانی دادپەروەری"ی لە شاری "ئامەد"ی باکووری کوردستانەوە بەرەو ئەنقەرە دەستپێکرد

عارف گۆران: ئامانجم ئەوەیە کە بڕومە بەر دەروازەی کۆشکی سەرۆکایەتی تورکیا و داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی بە بەرزترین ئاست بگەیەنێم.

عارف گۆران، باوکی نارین گۆرانی تەمەن 8 ساڵان، کە 2 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی چولیێی سەر بە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، بۆ داوای “سەرلەنوێ دادگایی کردنەوە” و ئازادکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستانەوە بەرەو ئەنقەرەی تورکیا، “رێپێوانی دادپەروەری”ی دەستپێکرد.

عارف گۆران پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت، سەردانی گۆڕی “نارین”ی کچی کرد و ماڵئاوایی لێکرد. لە سەر گۆڕی نارین بە بەشداری خێزان و کەسوکارەکەی، چرکەساتێکی دڵتەزێن و سۆزدارانە ڕوویدا. ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕێپێوانە بەهۆی ئەو نادادپەروەرییەوە ئەنجام دەدەن کە دەرحەقیان کراوە.

لە دۆسیەی کوشتنی نارین گۆراندا، یوکسەل گۆران هاوسەری عارف گۆران و سەلیم گۆرانی برای و ئەنیس گۆران کوڕەکەی سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێندرا. بەڵام عارف گۆران ڕایگەیاند کە بنەماڵەکەی بێتاوانن، هیچ پەیوەندییەکیان بەم تاوانەوە نییە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بکوژی ڕاستەقینە “نەوزاد بەختیار”ـە.

هەروەها کەسوکار و ئەندامانی خێزانەکەش کاردانەوەی خۆیان دەربڕی. ڕەمزیە چاباش، پووری نارین و مامۆژنی ڕایانگەیاند کە چاوەڕێی وەڵامی دادگا دەکەن و داوایان لە بەرپرسان کرد کە خێزانەکە لەم بارگرانییە ڕزگار بکەن، بەو پێیەی منداڵەکانی دیکەی لە ناو ماڵەکەدا تەنهان و کەس ئاگای لێیان نیە.

عارف گۆران ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەوەیە کە بڕواتە بەر دەروازەی کۆشکی سەرۆکایەتی تورکیا و داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی بە بەرزترین ئاست بگەیەنێت. گۆران ڕاشیگەیاند، تا ڕاستیەکان دەرنەکەون و دادپەروەری پێکنەیەت، مافی کچەکەی لە زەویدا دەمێنێتەوە.

Share