پارێزگاری دێرەزوور وردەکاریی تەقینەوەکەی ناوچەی عەیاشی ڕاگەیاند؛ 6 کوژراو و 9 بریندار

پارێزگاری دێرەزوور وردەکاریی تەقینەوەکەی ناوچەی عەیاشی ڕاگەیاند؛ 6 کوژراو و 9 بریندار

تەقینەوەکە لە یەکێک لە پێگەکانی سوپای سووریا لە ناوچەی عەیاش لە رۆژئاوای دێرەزوور روویداوە.

ئەمڕۆ شەممە، 19/9/2026، دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی چەک لە یەکێک لە پێگەکانی سوپای سووریا لە ناوچەی عەیاش لە رۆژئاوای دێرەزوور، 6 تەرم دۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوای بێسەروشوێناندا بەردەوامە، هاوکات 9 کەسی دیکەش بریندار بوون.

پارێزگاری دێرەزوور لە راگەیاندراوێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو تەقینەوەیەک لە کۆگایەکی چەکی سوپای سووریا لە نزیک عەیاش روویداوە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوای رووداوەکە رێکارە پێویستەکان گیراونەتە بەر، لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکە دەستی پێکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پارێزگاری دێرەزوور، تیمە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە پرۆسەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێناندا.

پێشتر چاودێری مافی مرۆڤی سووریا بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی تەقەمەنی لە سەربازگەیەکی رۆژئاوای دێرەزوور، 18 کەس لە ئەندامانی وەزارەتی بەرگری کوژراون و بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری لە راگەیاندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە، تەقینەوەکە لە یەکێک لە پێگەکانی سوپای سووریا لە ناوچەی عەیاش لە رۆژئاوای دێرەزوور روویداوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی تەقینەوەکە و پشکنینی زیانەکان بەردەوامە.

Share