ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی 2017 بوون، بوونەتە بەشێک لە پرۆژەی ئەنتەگراسیۆنی داگیرکەرانی کوردستان

ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی 2017 بوون، بوونەتە بەشێک لە پرۆژەی ئەنتەگراسیۆنی داگیرکەرانی کوردستان

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕۆحێک، ستراتژییەک و ئیرادەیەکی بێکۆتایی بوو و ئەو ڕۆحەش بەردەوامە، ئەوانەش کە دژایەتی ڕیفراندۆمیان دەکرد، ئێستاکە لەژێر بارگرانیی پرۆژەکانی “ئەنتەگراسیۆن”ی هێزە کۆلۆنیالیست و داگیرکەرەکاندا دەناڵێنن.

ڕێکەوتی 25ی ئەیلولی 2017، یەکێک بوو لە ڕۆژە هەرە گرنگەکان و وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی سیاسیی نەتەوەی کورددا. ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی ستراتژیک بوو کە دەکرا ببێتە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی ئەو سیستمە ستاتوسەی ئێستا کە لە لۆزان کوردی پشتگوێ و پەراوێز خست، هەروەها دەکرا هاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە قازانجی کورد بگۆڕێت. هەرچەندە گەلی کورد بە زۆرینەی ڕەهای 92.73%، دەنگی “بەڵێ”ی بە سەربەخۆیی کوردستان دا، بەڵام ئەم ئیرادەیەی گەلی کورد بە ئامانجی کۆتایی خۆی نەگەیشت. بەڵام وەکوو بەڵگەیەکی مێژوویی دەمێنێتەوە و هەمیشە ئامادەیە کە ئەو ئیرادەیە لەلایەن نەتەوەی کوردەوە بەکاربهێندرێت. ئەوە کە ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا بە ئامانجی کۆتایی خۆی نەگەیشت و ڕووداوەکانی دواتر، بە پێچەوانەی ئەوەی کە زۆرجار ئیدیعا دەکرێت، بەهۆی هەڵە لە ناوەڕۆک، کاتی بەڕێوەچوون یان ئە مۆدێلەوە نەبوو کە کورد پێشبینیی کردبوو. کێشەکە تەنیا ئەو کاردانەوانە نەبوو کە زلهێزە ناوچەیی یان نێودەوڵەتییەکان نیشانیان دەدا. خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە، ئەو دژایەتیکرنەی ڕیفراندۆم بوو کە لە ناو خودی پارتە سیاسییەکانی کوردستانەوە سەریهەڵدا. ئەمڕۆکە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 9 ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، کاتێک ئاوڕێک لە ڕابردوو دەدەینەوە، ڕاستییەکە بە تەواوی ڕوونە: ئەگەر کورد لەو سەردەمەدا لە دەوری ئەو ئیرادە مێژووییەدا یەکگرتوو بووایە، پرۆسەکە زۆر جیاوازتر لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوە دەچوو. نموونەی هەرە بەرچاو و ئازاربەخش، ئەو دۆخەیە کە لە ڕۆژئاڤا ڕوودەدات.

کاتی ڕیفراندۆم زۆر گونجاو بوو

یەکەم بیانووی ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم بانگەشەیان دەکرد، کاتی بەڕێوەچوونەکەی بوو. تەنانەت ئێستاش بە وتنی “کاتەکە هەڵە بووە”، ئیدیعای ئەوە دەکرێت کە ڕیفراندۆم لە ڕاستیدا هەنگاوێکی سیاسی دروست نەبووە. بەڵام بە پێچەوانەوە؛ کاتی ڕیفراندۆم زۆر گونجاو و دروست بوو.

لە دۆخی ساڵی 2017دا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد هاتبووەئاراوە:

کورد لە مەیداندا دەنگی خۆی دەدا: ئەو پرۆسەیەی کە لە دوای بەهاری عەرەبی ساڵی 2012دا هاتبووەپیش، دەرفەتێکی بۆ کورد ڕەخساند کە سەروەریی فیعلیی خۆی بەسەر خاکەکەیدا بەهێزتر بکات و بیچەسپێنێت. کاتێک لە ساڵی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر مووسڵ، سوپای عێراق لەو ناوچەیە کشایەوە؛ هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە لەژێر ماددەی 140دا بوون بە کەرکوکیشەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا بوون. بەهەمان شێوە لە ڕۆژئاڤاشدا، کورد لە دژی داعش بەهێز بوون و سوپایەکی پێکهێنا و ناوچەکەی کۆنترۆڵکرد.

ـ دووبەرەکێی قووڵی نێوان هێزە باڵادەستەکان: لە ساڵی 2017دا هێشتا کێشەی داعش چارەسەر نەکرابوو؛ هەم دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان و هەمیش ئەمریکا لەسەر زەوی چالاک بوون. تۆڕێکی زۆر ناسک و ئاڵۆزی پەیوەندی لە نێوان ئێران، ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا و بلۆکی سوننەدا هەبوو. هەرچەند هێزە ناوچەییەکان هەوڵیان دەدا کە دژ بە کورد یەکبگرن، بەڵام توانای پێکەوە کارکردنیان زۆر سنووردار بوو، بەتایبەتی بەهۆی ململانێی هەژموونخوازانە و داگیرکەرانەی نێوان ئێران و تورکیادا.

ـ دەوڵەتی عێراق لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە داڕمابوو: بە گوێرەی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی عێراق لەو سەردەمەدا هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی سیاسییەوە ڕووخابوو. هەموو ئەم پارامێتەرانە، هێزی دیپلۆماتیک و دانوستانیان بۆ کورد لە جیهاندا خوڵقاند.

ڕیفراندۆم تەنیا هەوڵێکی نەتەوەپەرستی نەبوو، بەڵکوو مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد بوو

ئەو هێز و بازنانەی دژایەتی ڕیفراندۆمیان دەکرد، بەردەوام هەوڵیان دەدا ئەم هەنگاوە وەک “کردەوەیەکی تەسکی ناسیۆنالیستی” وەسف بکەن. بەڵام دینامیکی بنەڕەتی لە پشت ڕیفراندۆمەوە، ناسیۆنالیزمێکی تەسک نەبوو؛ بەڵکوو بەڵگەنامەیەکی ڕەوای سەروەری بوو کە دەیتوانی دەستی کوردی لەسەر مێزی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکات. لە ڕاستیدا سەرۆک بارزانی بە ڕوونی ستراتیژی دیپلۆماسی پرۆسەکەی ڕوونکردەوە و گوتی: “رۆژی دوای ڕیفراندۆم دەوڵەت ڕاناگەیەنین؛ دادەنیشین و پەرە بە دیالۆگ دەدەین، گفتوگۆ دەکەین، بەڵام با ئیرادە و ڕەنگی گەلەکەمان ئاشکرا ببێت”.

با بەم شێوەیە سەیری مەسەلەکە بکەین: گەلی کوردستان تا کۆتایی پشتیوانی ڕیفراندۆمیان کرد و لە باوەشی گرت. نەک هەر لە باشوور، بەڵکوو لە سەرنسەر جوگرافیای کوردستاندا، لە منداڵی تەمەنی 7 ساڵانەوە هەتا بەساڵاچووی تەمەن 80 ساڵ، پاڵپشتییەکی مەزنیان لە ڕیفراندۆم کرد. بۆ نموونە ئەگەر ئیدارەی ڕۆژئاڤا هاتبا و بە ئاشکرا بیگوتبا: “ئێمە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەین، ئێمەش لە هەرێمەکەمانی خۆماندا سندوقەکانی دەنگدان دادەنێین” و لە هەمان کاتدا 99٪ی دەنگەکان لەو سندوقانە هاتبانە دەرەوە؛ ئەمڕۆکە ڕۆژئاڤا مەحکوم بە ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ کۆماری عەرەبیی نوێی سووریا نەدەبوو کە لە پاشماوەکانی هەتەشە دامەزراوە. ئەگەر ئەو کاتە مەزڵووم عەبدی ئازایەتی خۆی نیشان دابا بۆ پشتیوانی لە ئیرادەی سەربەخۆیی، ئەمڕۆ ناچار نەدەبوو ڕۆڵی ڕاوێژکار (موستەشار)ی ئەحمەد شەرع قبووڵ بکات. ئەوەی کە ئێستا ڕۆژئاڤا لەژێر ناوی “ئەنتەگراسیۆن”دا دەگاتە خاڵی تەسلیمبوون بە ڕێژیمی دیمەشق، دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆ و حەتمی ناتوانایی کوردە لە یەکخستنی ئیرادەی سەربەخۆییخوازانەی خۆی لە ساڵی 2017دا. ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی 2017، خەیاڵپەرستی نەبوو، بەڵکوو پرۆژەیەکی ستراتژیکی نەتەوەیی بوو کە سەرۆک بارزانی ناچار بوو بە تاقی تەنها خۆی ئەنجامی بدات.

گەمەکانی پەکەکە دژ بە ڕیفراندۆم

بڕیاری هاوبەشی سەرکردایەتی یەنەکە لە دوای ڕیفراندۆم بۆ ڕادەستکردنەوەی کەرکووک بە سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، خەنجەرێکی ژەهراوی بوو کە لە پشتی ڕۆحی ڕیفراندۆم و ئایندەی کوردان درا. لەم پرۆسەیەدا زۆرجار فرت و فێڵ و چەواسەکارییەکانی یەنەکە ئاشکرا بوو. بەڵام لە واقیعدا هێزی سەرەکی کە لە دژایەتی ڕیفراندۆم زیاتر ڕۆیشت و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە دوژمنایەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا گێڕا، پەکەکە بوو. پەکەکە لە بواری دوژمنایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا، لە گۆڕەپان و میدیاکاندا، یارکەری سەرەکیی گەمەکە بوو.

لە هەفتەی یەکەمی دوای ئەو بڕیارە، بەهۆی کاردانەوەی نەتەوەیی گەورەی گەلەوە، پەکەکە نەیتوانی بە ئاشکرا دژایەتی ڕیفراندۆم بکات. سەرەتا ئاوەکانیان بە گوتنی “کاتەکە هەڵەیە، ئێستا کاتی نییە” ئاوەکەیان لێڵ کرد؛ بەڵام لە دوو مانگی دواتردا، وردە وردە هەڵوێستی خۆیان ڕەقتر کردەوە. سەرکردایەتی باڵای ڕێکخراوەکە و لە سەرووی هەموویانەوە دوران کاڵکان و جەمیل بایک، بە ئامانجکردن و هێرشکردنەسەر ڕیفراندۆمیان دەستپێکرد.

دوران کاڵکان هەوڵیدا لە دەرفەتی مێژوویی کورد بۆ داڕماندنی دیواری پەیمانی لۆزان کەم بکاتەوە و وتی: “ئەوان ئەم کارە وەک پڕوپاگەندە لە دژی ئێمە دەکەن”. دە ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، جەمیل بایک لە پەیامێکدا بۆ کۆنگرەی 17ی ئاسایی کەنەکە، وتی: ئێمە ناتوانین لە تەنیشت هیچ حکومەتێک لە باشووری کوردستان یان عێراق بوەستین کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم یان مەزهەب مامەڵە بکات”. پەکەکە شەڕێکی ئایدیۆلۆژیکی لە دژی ڕیفراندۆم دەستپێکرد. هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان سەفەربەر کرد بۆ ئەوەی کە ڕیفراندۆم لە ڕووی ئیدئۆلۆژیکەوە بێ ئەرزش بکەن و وەک “حیسابی هێزێکی ناسیونالیستی تەقلیدی” وێنایان کرد و هەوڵیاندا ڕێگا نەدەن کە گەلی کورد لە دەوری ئەم ئیرادەیە تەعامول بکات. پەکەکە دوژمنایەتیی خۆی لەوەش زیاتر پەرەپێدا؛ لقی پەکەکە لە باشووری کوردستان و ڕێکخستنی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) بەیاننامەیەکی فەرمییان بڵاوکردەوە و داوایان لە ڕای گشتی کرد لە سندووقەکانی دەنگداندا بە “نەخێر” دەنگ بدەن. لقەکانی پەکەکەش لە شنگال، بە کەڵک وەرگرتن لە هەمان ستراتژی، ڕاگەیاندراوی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە.

تێبینییەک کە لە مێژوودا تۆمار کراوە:

ڕژاک و تەڤگەری ئازادی کە داوای بایکۆت و “ڕەتکردنەوەی” ڕیفراندۆمیان دەکرد، لە ساڵی 2024دا لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە قەدەغە کران و سەرجەم موڵک و سامانەکانیان دەستی بەسەردا گیرا. پەکەکە کەوا لە شنگالدا ڕاگەیاندراویان دژ بە ڕیفراندۆم دابوو، ئێستاکە چاوەڕێی ڕەزامەندی دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا و دیمەشقدا تێکەڵ (ئەنتەگرە) بکرێن.

بە واتایەکی تر هەرکەسێک لە ساڵی 2017دا پشتگیریی لە ئیرادەی کورد بۆ سەربەخۆیی و سەروەری لە وڵاتەکەی خۆی واتە کوردستاندا نەکردبێت، دواجار مەحکووم بە ڕەحمەت و وەسایەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بوو…

هەڵوێستی پەکەکە، پەیوەندیی بە ئەرکی پرۆکسی بوونیەوە هەبوو

دژایەتی پەکەکە لەگەڵ ڕیفراندۆمێکی ستراتژیک کە دەیتوانی چارەنووسی کورد بگۆڕێت، ناکرێ تەنها بە هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژی، بەرنامەیەکی چارەسەری جیاواز، یان ململانێ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا ڕاڤە بکرێت. بەڵکوو هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە پەکەکە گۆڕاوە و بۆ هێزێک کەوا لە ناو بەرەی دژە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگایەکی بۆخۆی پەیدا کردووە.

دوای بەهاری عەرەبی (لە 2012 بەملاوە)، پەکەکە لەژێر چاودێری ئێران و تورکیادا ڕێگەی پێدرا تا هێزەکانی خۆی لەو ناوچە گرینگانەدا جێگیر بکات کە کورد دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە لەو شوێنانەدا بەهێزتر ببێت. ئێمە پێشتریش بە بەڵگەوە سەلماندبوومان کە ئێران لە ساڵی 2014دا پەکەکەی لەسەر هێڵی کەرکوک ـ گەرمیان جێگیر کردبوو، بە هەمان شێوە پەکەکە بە سپۆنسەری ئێران و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەد ڕۆیشتبووە ڕۆژئاڤای کوردستان و هەروەها لە ڕێی پەیوەندیی نێوان عێراق و پەکەکە، کە دیسان لەلایەن ئێرانەوە بەڕیوەدەبرا، هێزەکانی پەکەکە لە شنگالیش جێگیر کران. دەوڵەتی تورکیا ئاگاداری ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزانە بوو؛ بەڵام لەبری ئەوەی ڕێگە بدات ئەکتەرە کوردەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ مامەڵە بکەن و بەرگری لە مافی چارەی خۆنووسین بکەن، ئەویش بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، هێزێکی بەکرێگیراوی وەک پەکەکە هەڵبژارد. خۆی لەخۆیدا ئۆجەلانیان لە ژێر دەستدا بوو، ئەوان بە باشی دەیانزانی کە ئەکتەرە سەرەکییەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و لەو ڕێگایەوە دەتوانن هەمیشە پەکەکە کۆنترۆڵ بکەن.

لە ڕاستیدا پەکەکە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو بوو لە دەستی کۆلۆنیالیستەکاندا و جێگیر کرا. ئەو دەرفەتانەی کە بەهاری عەرەبی لە ناوچەکەدا خوڵقاندبووی، بە هاوکاری پەکەکە لە کورد دزران و لەکیسی کوردستان چوون. ئەو ناوچانەی کە بە پەکەکە سپێردرابوون، دوای ئەوەی ناوچەکە تا ڕادەیەک سەقامگیر بوو، دیسان پەکەکە ڕادەستی خاوەنەکانی خۆی، واتە داگیرکەرانی کوردستانی کردنەوە. یان خوڵقێندراوە یان ئاراستەکراوە، سەرجەم ئەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵی کردبوون، هیچی بە کوردەکان نەسپارد، بەڵکوو هەمووی تەسلیم بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان کرد.

لە کاتی ڕیفراندۆمدا جەمیل بایک وتی: “بڕیاری ڕیفراندۆم بەبێ کۆنگرەیەکی نەتەوەیی نادرێت”. ئێستا هەمان ئەو پەکەکەیە، لە ژێر پرۆژەیەکدا بەناوی “ئەنتەگراسیۆن”، مافی چارەی خۆنووسینی کورد و گەنجانی کورد و شارەکان و سەرچاوە ژێرزەمینییەکانی کوردستان، یەک بە یەک ڕادەستی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکات. پەکەکە کەوا جێگیربوونی گەریلاکانی لە کەرکوک کردبووە نمایشێکی پڕوپاگەندەی گەورە، شەوی 16ی ئۆکتۆبەر، کاتێک میلیشیا شیعەکان بە سەرۆکایەتی قاسم سولەیمانی ڕۆیشتنە ناو شاری کەرکووک، سواری پاسەکانیان بوون و بە هێمنی و بە بێدەنگی کشانەوە بۆ سلێمانی و کەمپی مەخموور. ڕێژیمی ئێران پەکەکەى هێنایە کەرکوک و هەر ئێرانیش جارێکى تر لەوێ وەدەرینا.

هاوسەنگی هێز لە ڕۆژئاڤادا گۆڕاوە؛ ناوچەکان سەرەتا لەلایەن بەرەی شیعەوە گیران، پاشان بە هەماهەنگی تورکیا گەیشتنە ئەو ئاستەی کە ڕادەستی پێکهاتەی سوننە بکرێن. ئێستا خۆیان بۆ ڕادەستکردنی شنگال بە حکومەتی ناوەندیی عێراق ئامادە دەکەن.

لە ئەنجامدا؛ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕۆحێک، ستراتژییەک، ئیرادەیەکی بێکۆتایی بوو و ئەو ڕۆحەش بەردەوامە. بەڵام ئەو کەس و لایەنانەی کە دژایەتی ڕیفراندۆمیان دەکرد، ئێستاکە لەژێر بارگرانیی پرۆژەکانی “ئەنتەگراسیۆن”ی هێزە کۆلۆنیالیست و داگیرکەرەکاندا دەناڵێنن کە لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا ڕەوایەتییان پێدەدرێت.

ئەو لایەنانەی کە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 2017دا بوون، بوونەتە بەشێک لە پڕۆژەی ئەنتەگراسیۆنی داگیرکەرانی کوردستان.

Share