سندووقی ڕەشی دیپلۆماسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پەکەکە؛ ڕەزا ئاڵتوون کێیە؟

سندووقی ڕەشی دیپلۆماسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پەکەکە؛ ڕەزا ئاڵتوون کێیە؟

ئۆجەلان کاتێک دەبینێت کە ڕەزا ئاڵتوون بووەتە چەنگێک لە سیستەمی ئاپۆچییەتیدا، ئیدی ئەرکی گرنگی پێدەبەخشێت.

ڕەزا ئاڵتوون بە یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی پەیوەندیی شاراوەی ساڵانی 1990ی پەکەکە لەگەڵ سەدام حسێن و بنەماڵەی ئەسەد و ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. ئاڵتوون لە 25ی ئەیلولی 2019دا لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی باشووری کوردستان، کۆچی دوایی کرد.

پەکەکە بۆ ماوەی شەش ساڵ مردنی ڕەزا ئاڵتوونی شاردەوە. تا ئێستا شوێن و چۆنیەتی مردنەکەی بە دروستی ئاشکرا نەکراوە. پێگەی دارکا مازی هەواڵی کۆچی دوایی ڕەزا ئاڵتوونی بەر لە پەکەکە بڵاو کردبۆوە و هەندێ وردەکاریی ئاشکرا کردبوو.

بێگومان پرسی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە چۆن و لە کوێ کۆچی دوایی کردووە، بەڵکوو ئەو کارانەی کە ردونی گرینگن. ژیان و کۆچی دوایی ڕەزا ئاڵتوون کورتە مێژوویەکی گشتی کادیر و سەرکردە باڵاکانی پەکەکەیە. ئەو چیرۆکەی کە چۆناوچۆن کەسێک بۆ دۆزی کورد و کوردستان، ئەنقەرەی بەجێهێشت و چۆناوچۆن لە دیپلۆماسیەتی تاریک و شاراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕدرا و بوو بە دوژمنی کورد و کوردستان، بە ڕوونی لە ژیانی ڕەزا ئاڵتووندا ڕەنگی داوەتەوە.

ئەم نووسراوەیە ئامانجی گێڕانەوەی ژیاننامەی ڕەزا ئاڵتوون نییە. ئەم وتارە بە تۆمار کردنی هەدنێک ڕاستی بۆ مێژوو، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی پێگەی ڕەزا ئاڵتوون لەناو پەکەکەدا نووسراوە کە پەکەکە ئەو وەک “شۆڕشگێڕی توزڵوچایری” و وەک کەسایەتییەکی بێتاوان پێشکەشی دەکات.

ڕەزا ئاڵتوون کێیە؟

ڕەزا ئاڵتوون لە ساڵی 1956دا لە ناوچەیەکی کوردنشینی قەیسەری لەدایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا ئاوارەی ئەنقەرە بووە. وەک دەرئەنجامێکی سروشتی ئەو دوورخرانەوە و هەژارییەی کە بەهۆی کوردبوون و عەلەوی بوونیەوە تووشی هاتبوو، دەستی بە گەڕان بەدوای ڕێبازێکی سیاسیدا کرد و تێکەڵ بە پەکەکە بوو.

لە ساڵی 1978دا دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی 14 ساڵ زیندانی کرا. ساڵی 1991دا ڕۆیشتە سووریا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە بکات. لەوێیەوە ڕۆڵی ڕەزا ئاڵتوون وەک “سندووقی ڕەش”ی سەردەمە تاریکەکانی پەکەکە دەستی پێکرد.

ئازادکردنی زیندانەکانی ساڵی 1991: ڕەزا ئاڵتوون لە کام بەرەیە، لە بەرەی شۆڕشگێڕەکانە یان ئیتاعەتکاران؟

لە ساڵی 1991دا، بە پێی یاسای ئازادکردنی مەرجدار کۆمەڵێک زیندانی لە باکووری کوردستان و تورکیا ئازاد کران. زۆربەیان لە زیندانیەکانی سەر بە پەکەکە بوون. ئەوان ئەشکەنجە درابوون و بەرگرییان کردبوو، بۆیە متمانەیان بەخۆیان هەبوو و خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی پەکەکە دەزانی. ئەوان پێیان وابوو کە ئۆجەلان وەک پالەوان پێشوازییان لێدەکات، بەڵام ئەمە ڕووینەدا.

ئۆجەلان هەرکەسێک کە ڕەخنەی لێ بگرتبا، جێگرەوەیەکی بۆ دروست دەکرد. ئەگەریش توانیبای هێز و دەسەڵاتدارییەک دابمەزرێنێت، لە ڕێکخراوەکە دەری دەکرد. ئۆجەلان پێشبینیی دەکرد کە ئەو کادیرانەی لە زیندان ئازاد کراون دەتوانن سیستەمەکەی ئەو هەڵبوەشێننەوە، هەر بۆیە پرۆسەی پاکتاوکردنیانی دەستپێکرد.

هەموو ئەوانەی لە زیندان ئازاد کرابوون، لە دۆڵی بیقاع کۆکرانەوە. دەسەڵاتی تاکەکەسی و سیستەمی پەروەردەی ئۆجەلان پرسیاری لای زۆرێک لەو کادیرانە دروست کرد کە لە زیندان ئازاد کرابوون.

ئۆجەلان لە ڕێگەی ئەو کۆنفڕانسانەی کە لە دۆڵی بیقاع لەژێر ناوی “کۆنفرانسی زیندان” بەڕێوەچوو، ئەرزش و بایەخی بەرخۆدانی بەندیخانەی کەمکردەوە. هەوڵەکانیان پشتگوێ نەخرا و داوا لە هەمووان کرا بەڵێنی دڵسۆزبوونی خۆیان بە ڕێبەرێتی [ئۆجەلان] بدەن. بەڵام هەمووکەس گوێڕایەڵ نەبوو.

بۆ نموونە، محەممەد شەنەر دەیهەویست بەدیلێکی سیاسی جیاواز پەرەپێبدات. گوێڕایەڵی ئاپۆ نەبوو، بەڵام کوژرا. سەلیم چوروکایا ئامادە نەبوو گوێڕایەڵی ئاپۆ بێت و پێش ئەوەی بکوژرێت پەکەکەی بەجێهێشت. هەندێکیان سەرەڕای ئەوەی کە توانای ژیانی شاخیان نەبوو، تەنیا بۆ ئەوەی کە کاریگەرییان نەهێڵن، ڕەوانەی گۆڕەپانی شەڕ کران. هەندێکی تریش گوێڕایەڵییان لە ئۆجەلان کرد و بوون بە بەشێک لە گەمە تاریکەکانی ئاپۆ.

ڕەزا ئاڵتوون یەکێک لەو کەسە گوێڕایەڵ و ئیتاعەتکارانە بوو.

یەکەم بەریەککەوتنی ڕەزا ئاڵتوون لەگەڵ ئۆجەلان: پەیوەندییەکانی ئۆجەلان لەگەڵ ژنان

ڕەزا ئاڵتوون لە ماوەی ساڵانی لە ئەنقەرەدا پەیوەندیی لەگەڵ باندەکانی مافیادا هەبوو، خاوەن توانایەکی هاوشێوەی مافیاکان بوو و لێهاتووییەکی پراکتیکی بەرچاوی هەبوو. ئۆجەلان پێویستی بە تواناکانی ئەو هەبوو. ئۆجەلان لە پرۆسەی تەسفیەکردنی کادیرانی ناو زیندان دووری خستەوە و بردیە سووریا.

ئاڵتوون لە ئەمارەتەکەی ئۆجەلان لە گەڕەکی موهاجیرانی دیمەشقدا دەمایەوە کە بە “نھۆمی 10” ناسراوە. ئاڵتوون ڕۆڵی سکرتێر و پاسەوان و پەیوەندییەکانی ئۆجەلان لەگەڵ ڕێژیمى ئەسەد دەگێڕا. بەڵام پەیوەندییەکانی ئۆجەلان لەگەڵ ژناندا، درزێکی لە ژیانی ئاڵتووندا دروستکرد.

“نهۆمی 10” خانوویەک بوو کە ئۆجەلان لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و شۆفێرەکەی و کۆمەڵێک کە کاروباری پراکتیکییان بەڕێوەدەبرد، تێیدا دەژیا. لەوێ ژنێک (هێشتا لە ژیاندا ماوە بۆیە ناوی ناهێنین) بە ئاڵتوونی وت کە ئۆجەلان قەڵسەی پێگێڕاوە و تەماحی تێکردووە. ئەمە ئەزموونێک بوو بۆ ئاڵتوون، قۆناخی هەڵبژاردنی لایەنەکان بوو. سەرەتا ئاڵتوون وتی: “ئەگەر ئەم پیاوە ئەم جۆرە کارانە بکات ئەوا من دەیکوژم”.

رەزا ئاڵتوون زۆر توڕە دەبێت و دەڕوات بۆ لای جەمیل بایک کە ئەوکات لە لوبنان بوو. بەڵام بایک ئەوی ڕازی کرد کە بێدەنگەی لێبکات.

وە ڕەزا ئاڵتوون لایەنی خۆی هەڵبژارد: ئەو بەرانبەر بە ژیانی تاریکی ئۆجەلان بێدەنگ دەبێت، دواتر بوو بە کەسایەتییەکی گرنگ لەو پەیوەندییە تاریکانەدا.

ڕەزا ئاڵتوون “تەرزی جەمال”ی کوشت

بە فەرمانی ئۆجەلان، 17 کادیری پەکەکە لە پارێزگای گونەیبات لەسێدارەدران. بۆچی ئۆجەلان ئەم فەرمانەی دەرکرد، بۆچی تەرزی جەمال ئەم فەرمانەی جێبەجێ کرد و بۆچی گەڕایەوە بۆ سووریا سەرەڕای ئەوەی کە بۆخۆشی دەیزانینی دەکوژرێت، بابەتی ئەم وتارە نییە.

بەڵام دەتوانین بڵێین: ڕەزا ئاڵتوون، سندووقی ڕەشی یەکێک لە تاریکترین ڕووداوەکانی مێژووی پەکەکە، واتە کردەوەکەی پارێزگای گونەیباتە. چونکە بۆخۆی هەم لێپرسینەوەی لە تەرزی جەمال کردووە و هەم کوشتووشیەتی.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئاڵتوون ئەو کارەی بەوجۆرە جێبەجێ کرد کە ئۆجەلان دەیهەویست و بەو شێوەیە ئەزموونێکی ئەرێنیی لە بەرچاوی ئۆجەلاندا تێپەڕاند.

کۆمپانیاکەى ڕەزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

ئۆجەلان کاتێک دەبینێت کە ڕەزا ئاڵتوون بووەتە چەنگێک لە سیستەمی ئاپۆچییەتیدا، ئیدی ئەرکی گرنگی پێدەبەخشێت. ڕەزا ئاڵتوون بەهۆی فرت و فێڵەکانییەوە لە ساڵانی 1970دا وەک “شەریکە ڕەزا” ناسرابوو و ئێستا ئیدی “شەریکە ڕەزا” گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەزا لە ڕێکخستنی چەندین ڕووداوی تاریکدا ڕۆڵی گێڕا.

لە دوای سووریا، یەکەم ئەرکی ڕەزا لە ئێراندا بوو. ساڵی 1994دا وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پەکەکە لە شاری ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بووە. کاتێک حکومەتی ئێران لە ساڵی 1994دا 30 ئەندامی پەکەکەی لە پارێزگای سەرحەدەوە ڕادەستی تورکیا کرد، ئاڵتوون لە ژێر پەردەی دیپلۆماسیدا خۆی کڕ و بێدەنگ کرد و لە ڤێلاکەی خۆی لە شاری ئورمیە پاڵی لێدایەوە.

ساڵی 1995 کە پەکەکە و لقوپۆپەکانی بە بیانووی “شەڕ لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان” دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیان کردە ئامانج، ڕەزا ئاڵتوون کەسایەتی سەرەکی بوو کە دانوستانی دەکرد و چالاکییەکانی لەگەڵ ئێراندا هاوئاهانگ دەکرد.

ئاڵتوون بەڕاستی وەک ئەوەی کە ناوی لێنراوە، “شەریکە” بوو. بەهرەیەکی بەرچاوی بۆ پیلانگێڕی و حیلەگەری لە سیاسەتدا هەبوو. با نموونەیەک بهێنینەوە:

لە ساڵی 1995دا گەیشتە ئەو ناوچەیەی کە بە هەرێمی شەهیدان دەناسرێت و لە شوێنێک بە ناوی ئەحمەد بەندی نووسینگەی خۆی دامەزراند. لەو کاتەدا هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ش لەوێ بوو. پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و ئێران زۆر باش بوو. سەرەڕای ئەوەش ئاڵتوون گەریلاکانی دەنارد بۆ ئەو ناوچانەی کە بازگەکانی ئێرانی تێدابوو تا مینیان تێدا بچێنن. کاتێک مینەکان بە چەکدارانی ئێراندا دەتەقینەوە، ئەو ڕاپۆرتی بە بەرپرسانی ئێرانی دەدا کە ئەو مینانە لەلایەن پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ـ ئێرانەوە دانرابووەنەوە” و دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات)ی لە شوێنی بنکەکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاگادار دەکردەوە.

ئەم کردەوانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕەزا لە ڕێکخستنی خراپەکاری دژ بە کورداندا چەندە بێبەزەیی بووە.

ڕەزا ئاڵتوون لە ساڵانی 1996 و 1997 و 1998دا زۆربەی کاتەکانی لە سەر هێڵی زاپ ـ گارە لەگەڵ جەمیل بایکدا بەسەر بردووە. لە ساڵی 1998 بەرپرسی پەنابەران بووە لەو کەمپەی کە ئەوکات بە کەمپی ئەتریش و ئێستا بە کەمپی مەخموور دەناسرێت. ڕەزا ئاڵتوون لەوێدا پەرەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی سەدام و پەکەکە داوە.

هەرچەندە ئاڵتوون لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو، بەڵام سەرۆکێکی پلە باڵا نەبوو. چارەنووسی ئاڵتوون لەگەڵ کۆنگرەی شەشەمی پەکەکە گۆڕا. ئۆجەلان کە دیوانی کۆنگرەی شەشەمی بە سەرۆکایەتی جەمیل بایک هەڵوەشاندەوە، دیوانێکی نوێی کۆنگرەی بە سەرۆکایەتی ڕەزا ئاڵتوون دامەزراند. ڕەزا ئیدی جیاواز بوو لەوانی تر و لە دوای کۆنگرەکەش ڕەوانەی ئەوروپا کرا.

ڕەزا ئاڵتوون هەوڵیدا تا لە ئەوروپادا، پەکەکەی خۆی دابمەزرێنێت

ڕەزا هەنگاوی هەڵگرت بۆ ئەوەی کە سیستەمی خۆی لە ئەوروپا دابمەزرێنێت و پەکەکەی خۆی دروست بکات. وردە وردە دەستی بەسەر تەواوی سیستەمی ئابووریدا گرت. چالاکییە یاساییەکان لە باکووری کوردستان، بەتایبەتی دامەزراوە دارایی و کارگێڕییەکانی ئەو شارەوانیانەی کۆنترۆڵ کرد کە لە دەست پەکەکەدا بوون. کادیرەکانی خۆی لە ئەوروپا دامەزراند. بە تایبەتی دەستی بە کۆنترۆڵکردنی میدیای پەکەکە لە ئەوروپا کرد.

هێزی دارایی بەرچاوی ڕەزا ئاڵتوون بە تایبەت لە ڕێگەی چالاکییەکانی وەک شانتاژ کردن “ناچارکردنی کەسێک بە ئەنجامدانی کارێک بە بێ ویست و حەزی خۆی”، پارەکانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە لە ڕاپۆرتەکانی پەکەکەدا دەبینرێت.

کاتێک لە ساڵی 2003دا لە ناو پەکەکەدا دووبەرەکێ سەریهەڵدا، ئاڵتوون هەرچەندە هەوڵیدا خۆی لە هەموو شتێک دوور بخاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ ئەو گرووپەدا هەبوو کە عوسمان ئۆجەلان و نیزامەدین تاش سەرۆکایەتییان دەکرد. ئیدی ئاڵتوون وردە وردە لە قەندیل و ئیمرالی دوورکەوتەوە.

هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی ساڵی 2004: هەڵوێستی ڕەزا ئاڵتوون و دابەشبوون لەناو پەکەکەدا

ڕەزا ئاڵتوون لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی 28ی ئازاری 2004دا، هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەندیل پساند. هەرچەندە گرووپی ئجیابۆوە لە پەکەکە پاڵپشتی لە فەرەیدوون چەلیک کرد، ڕەزا ئاڵتوون بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە ئەوروپا و وەرگرتنی گوژمەیەکی بەرچاوی پارە، پشتیوانیی لە چەلیک کرد.

ئەم دۆخە لەلایەن باڵەکانی جەمیل بایک و موراد قەرەیلانەوە لە قەندیل، بە ناڕەزایەتی پێشوازیی لێکرا. جەمیل بایک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لە ئاڵتوون دەکات و پێی دەڵێت: “پەکەکە ئەمەت لێ قبووڵ ناکات”.

بەڵام ئۆجەلان لە نیسانی 2004دا ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووی “تەجرید لە ناو تەجرید”دا بووەتەوە و داوای لێپرسینەوەی لە سەرکردایەتی پەکەکە کرد. ڕێک لەم سەردەمەدا بوو کە گرووپەکەی عوسمان ئۆجەلان لە پەکەکە جیابوونەوە.

موراد قەرەیلان، هاوسەرۆکی کۆنگرە کە ئۆجەلان ئەوی بۆ کۆمیتەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەکەکە دەستنیشان کردبوو، داوای گەڕانەوەی ڕەزا ئاڵتوونی بۆ قەندیل کرد. ئاڵتوون بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییەکانی لەسەر ڕێکخستنی پەکەکە لە ئەوروپا بەردەوام بوون.

لە ڤێلاکەی خۆیدا لە مارسیلیا، بەردەوام چالاکیی گەنجان و میدیا و چالاکییەکانی دیکەی پەکەکەی بەڕێوە دەبرد.

لە قەندیل، موراد قەرەیلان و لیژنەکەی بە نهێنی دەستیان کرد بە تۆمەتبارکردنی ڕەزا ئاڵتوون بە سیخوڕی و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەوروپاوە پارێزگاری لێدەکرێت و بەڕێوەدەبرێت.

لەساڵی 2007دا لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە دەستگیرکرا. دۆسیەکەی بەردەوام بوو و بەجێهێشتنی وڵاتەکەی لێ قەدەغە کرا. بەڵام پەکەکە لە مانەوەی ئاڵتوون لە فەرەنسا زۆر قەڵس بوو، بۆیە بە ڕێککەوتن و ڕەزامەندی دەزگای هەواڵگریی فەرەنسا بە پاسپۆرتێکی ساختەوە ڕەوانەی عێراق کرا و لەوێشەوە بردرایە قەندیل.

ڕەزا ئاڵتوون و جەمیل بایک دیسان لەپاڵ یەکتر…

لە هاوینی 2008دا ئاڵتوون لە قەندیل لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و لەو کەمپەدا دەمایەوە کە جەمیل بایکی تێیدا بوو. لە کاتی ململانێی دەسەڵات لە نێوان بایک و موراد قەرەیلاندا، ڕەزا ئاڵتوون لە پاڵ جەمیل بایک دەمێنێتەوە.

هەرچەندە موراد قەرەیلان دەیویست ئاڵتوون بەهۆی چالاکییەکانی لە ئەوروپا بە توندی سزا بدرێت، بەڵام بایک و قەرەسوو ڕەتیانکردەوە. بەڵام دوژمنایەتییەکی نهێنی لە نێوان قەرەیلان و ئاڵتوون دەستی پێکرد.

شەڕەکە گەیشتە ئاستێک کە ڕەزا ئاڵتوون لە وتارێکدا لە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز باسی لە قەرەیلان کردبوو و گوتبووی “پرانیا کەسێن ژ عورفایێ ھۆمۆسەکسوەلن”.

ڕەزا ئاڵتوون هەتا ئەو کاتەی کە موراد قەرەیلان سەرۆکی کەجەکە بوو، تەنها بەشداریی لە پەروەردە و چالاکی دیکەدا دەکرد و لەگەڵ دەستنیشان کرانی جەمیل بایک وەک هاوسەرۆکی کەجەکە، جارێکی تر ڕێگاکەی بۆ کرایەوە و پۆستە گرنگ و کاریگەرەکانی پێدرایەوە.

کاتێک جەمیل بایک بوو بە هاوسەرۆکی کەجەکە ئاڵتوون گەڕایەوە بۆ پۆستە گرنگەکان و ڕۆڵی گرنگی لە دیپلۆماسی ناوچەییدا وەرگرت. بەتایبەتی ڕۆڵێکی کاریگەری لە پەیوەندیی پەکەکە لەگەڵ بەغدا و دیمەشق و ئەکتەرە شیعەکانی ناوچەکەدا گێڕا.

ڕۆژانی ڕەزا ئاڵتوون لە شاری سلێمانی

ڕەزا ئاڵتوون لەلایەن جەمیل بایکەوە وەک سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە دەستنیشانکرا. بایک بۆخۆی لە شار سلێمانی دەمایەوە.

لە ساڵی 2016دا ڕەزا ئاڵتوون لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکی لە نێوان قاسم سولەیمانی و جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکەدا پێکهێنا. هەروەها لەگەڵ هەر دوو سەرۆکی فەرمیی ڕێژیمی شیعەی عێراق و میلیشیاکانی عەشدی شەعبیدا پەیوەندیی قووڵی دامەزراند. هەروەها ئاڵتوون ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بەڕێوەبردنی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال (یەبەشە)دا دەگێڕا، کە لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا کاری دەکرد و کاردەکات. لە ڕاستیدا ئەندازیاری سەرەکیی ڕێککەوتنی حەشدی شەعبی و یەبەشە ڕەزا ئاڵتوون بوو.

پێش داگیرکردنی کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، ڕەزا ئاڵتوون بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و یەنەکەدا کردووە.

ڕەزا ئاڵتوون تا کاتی برینداربوونی لە ساڵی 2019دا، لە پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و حەشدی شەعبیدا کەسایەتییەکی کاریگەر بوو.

پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە لەگەڵ بەرەی دژە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە دەوری ناوی ڕەزا ئاڵتووندا دەخولێتەوە، دەکرێ بە درێژی باس بکرێت. بەڵام ئەمە ناوەڕۆکی ئەم وتارە نەبوو.

وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، ئەم بابەتە ژیاننامەیەک نییە؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە مێژوو بە داتا و شایەتحاڵەکان، بەڵگەمەند بکات. بۆ ئەوە نووسراوە تاوەکوو نیشانی بدات کە ئەو کەسانەی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و ئازادیی کورد و کوردستاندا دەستیان بە خەبات و تێکۆشان کردووە، چۆناوچۆن لە ڕێبازی نیشتمانپەروەری دوورخراونەتەوە و کراون بە ستوونێک بۆ دەوڵەتە داگیرەکانی کوردستان.

ئەم وتارە بۆ ئەوە نووسراوە تا ڕوونی بکاتەوە کەوا ڕەزا ئاڵتوون لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستاندا لە توزڵوچایریەوە کەوتۆتە ڕێ و دەستی بە خەبات کردووە، بەڵام دواتر دەستی کرد بە بنیاتنانی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردستان کردووە و بووە بە ئەکتەرێکی پەیوەندیییە نهێنی و تاریک و قێزەونەکان. ئەم خەباتە نیشانە و بەڵگەیەکە بۆ مێژوو.

Share